شەماڵ عەلی:
لەسەر پۆستێکی کاک ھەردی مێدی چەند سەرنجێکم نووسی وا لێرەدا بە دەستکاریەوە وەک بابەتێک بڵاوی دەکەمەوە، وێڕای سوپاسم بۆ وروژاندنی باسەکە لەلایەن بەڕێزیانەوە.
بۆ ئەوەی بزانین ئەو فیستیڤاڵانە خزمەت بە ئەجێندای کێ دەکەن ھێندە بەسە بزانین کێ خەرجەکانی دەدات و بە سەرپەرشتی چ لایەنێک بەڕێوە دەچێت.
بەڵام ئەوە ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە کە ئەنگیزەی خەڵک لە بەشداریکردن چییە؟ ئەو چێژە چییە کە خەڵک لەو فیستیڤاڵانەی دەبینێت؟ چۆن دەکرێت ئەو چێژە جۆرێکی تر ئاراستە بکرێت و وەبەربھێنرێت؟ من وا دەزانم چێژێک کە لەم بۆنانە دەبینرێت پێکەوە بوون ھەستی ھاوپشتی و تەنھا نەمانەوەیە لە کۆمەڵگایەکدا کە فەردگەرایی لە مەنگەنەی داوە و رێگای لێ ونکردووە.
بە پێچەوانەی دیدی باوەوە بۆ کۆمەڵگاکانی خۆرھەڵات ئێمە لە سێ دەیەی ڕابردوودا لەژێر پەلامارێکی قورسی تاکگەراییدا -وەک بەشێک لە نیۆلیبرالیزم و ئازادکردنی بازاڕ- بووین و ھێشتاش ھەین. لە ھەر کۆمەڵگایەکدا ئەم پەلامارە لە دۆخێکی تایبەتدا ئەنجامدراوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ھاوزەمان لەگەڵ گەمارۆی ئابووری ١٩٩٠-٢٠٠٣ چۆتە پێشەوە. گەمارۆی ئابووری تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمەی تێکدا، کە کاریگەرییەکەی لەسەر بەشەکانی تری عیراق زۆرتریش بووە لە کوردستان، لە دۆخێکی وادا پەناگرتنی تاکە بێ پەناکان لەژێر سەیوانی بێ سەریەشە و بگرە پاداشتئامێزی خێڵدا کاردانەوەو ڕاکردن لە تاکمانەوە بووە، لە دوای ڕووخانی بەعسیشەوە دووبارە خێڵ کەناڵێکە کە تۆڕی بەرژەوەندیەکان و پەیوەندیەکانی پاترۆن-کلاینت تیایدا قەڵەو دەبێت گۆشت دەگرێت.
خێڵ بەم مانایە نەک دیاردەیەک کە میکانیزمی دووبارەبەرھەمھاتنەوەی ھیچ پەیوەندیەکی بە بەرھەمھێنان و ئابووریەوە ھەبێت، بەڵکو ئەنجامێکی لاوەکی کارکردی سیاسەتی ئابووری و ئیداری چینی باڵادەستە.
لەلایەکی تریشەوە فیستیڤاڵی خێڵەکان ئەو بۆنانەن کە تاک لەناو حەشاماتێکی گەورەدا چێژ لە ڕزگاربوون لە تەنھایی دەبینێت. بەخشینی شوناسێکی کۆمەڵایەتیە بە تاکێک کە ھەم تەنھاکراو و ھەم پەراوێزخراو و بێبەھاکراوە لەسایەی سیستەمێکدا کە بە ئەندازەی باڵای تاکگەرایی، تاکی بێ بەھا و بێ شوناس کردووە.
من زیاتر لە لێکدانەوەش لەم دیادەیە بیرم بۆ لای پرسیاری “ئەدی چی بکرێ؟ “یە و وای دەبینم کە چالاکانی مەدەنی و جەماوەری و مشورخۆرانی ئایندەیەکی باشتر لە بیری فیستیڤاڵی ئەلتەرناتیڤدا بن، ڕۆژێک بۆ فیستیڤاڵی شار، کە تیایدا دەرکەوتێکی سروشتی شارەکە بکرێتە ناوی فیستیڤاڵی ساڵانە، وەک فیستیڤاڵی ئەڵوەن لە خانەقین، بانی مەقان لە چەمچەماڵ، کێوەڕەش لە ڕانیە …تاد. کە تیایدا وێڕای سەیران و شادی و پێکەنین لەبری زیندووکردنەوەی کەلەپور، باس لە ژیان و ژینگەی ئێستاو داھاتوو بکرێت.
بۆ ئەوەی ناکۆکیەکانی سیستەم نەمانھاڕێت دەبێ بیکەینەوە بە گژ خۆیدا، پراکتیک نەک تەبلیغات و تەشھیر و ڕەخنەی زارەکی ڕزگارمان دەکات