جیهان بە گشتی چۆتە نێو تۆنێلێك کە نەك تروسکایەك لە کۆتایی تۆنێلەکە دیار نیە، بەڵکو جۆرە دڵنیابوونێك بەرۆکی گرتووین، کە پێ ناچێ ئەم تۆنێلە دەرچوونی هەبێت!
کەم نین ئەو بێ مێشکانەی کە قبوڵ ناکەن، خەڵکی قسە لەسەر دۆخی جیهانی بکەن ، هەر ئەو بێ مێشکانەشن کە ناتوانن قبوڵی ڕایەکیتر بکەن لەسەر دۆخی ناوخۆیی،
جۆرێك لە قفڵێکی فاشیستانە لە دەم و دەست و کیبۆردی عەوامێك دایە کە دوژمنی تێڕامان و ووربونەوەو ڕەخنەی فرە ڕەهەندن.
ڕووداوەکانی دونیا لە ئاستی جیهان و ناوخۆدا زۆر خێراترن لە توانای هەموومان، جەنگ و گرانی ساختەو گرانی راستەقینە لە یەك کاتدا چاوت لێ دادەگرن، ڕۆژانە نەك تەنیا کچ بەڵکو کوڕو گەنج و پیر دەکوژرێن، بێ سەروبەریەکی فراوان ، بێ خاوەن بونێکی دڵرەقانەبۆ کۆمەڵگە هەر هەمووی هەناسەی تەنگ کردوین.
ئێمە دیلین ، ئیمە بەبێ کەلەپچەی دەست زیندانی ” خێرایی” ڕووداوەکان و ” ئاسان بوونی ” لە بیرچوونین، جورئەتی ئەوەمان نەماوە نەك ڕوو بە گشت بەڵکو بە چرپەش لە خۆمان بپرسین : ئەرێ من ی مرۆڤ لە کوێ ی ئەم جیهانە وەستاوم؟
چونکە ڕەهەندێکی بێ مێشك سەپاندی بەسەر زۆربە کە کاری ئێمە نیە بپرسین و بیربکەینەوە و شی بکەینەوە، ئەم ڕەهەندە نەبینراوە کەسێك و دوان نیە بەڵکو دەمێ بۆشایی فیکرە، دەمێ شکستی کلتورە لە پەڕینەوە بەسەر ئەرگیومێنتی ساختەی شەڕ یان تێکەڵاو بوونی شارستانەکان، دەمێ توندڕەویەکی داعشانەیە کە تا ماریا نەکوژرێ، نازانی چەندە خێوی داعشیزم چاوەڕێ ی دەرفەتە کە جڵەوی ئێستامان بگرێتە دەست!
ئەم ئاڵۆزیە لە ئامادەبوونی توندوتیژی جیهانی و ناوخۆیی ئەوەندە خیڕایە، کە بوار نادا بپرسین ئەرێ ئێمە لە چ سەردەمێکدا دەژین؟ چۆن پێناسەی بکەین؟ هیچ دەرفەتێك ماوە لەم گێژاوە گەورەدا سوچێک لە حەقیقەتێك بگرینە دەست؟
کێشەی بنەڕەتی ئێمە دەسکەوتنی ” وەڵام ” نیە، بەڵکو نەبوونی دەرفەت و کات و ئارایشت دانی پرسیاری ڕاستەقینەیە!
ماریا بەدەم جگەرە کێشانەوە، بە ٩ فیشەکی برایەك ماڵئاوایی لەم سەردەمەی دونیا کرد، نۆبەتکاری هەواڵ و ڤیدیۆکانی یادکردنەوەی ماریا و لە گەڵ ڕۆکێتەکان و تەپڵی جەنگێکی گەورەی جیهانی تەنیا بە چرکە دەگۆڕێن، ئیدی لەم نێوەدا دەستەواژەی : لۆکەڵ – جیهان دووپەتن بە ئاراستەی پێچەوانە لەملمان ئاڵاوە.

لە جەنگی جیهانی دووەم لە زۆربەی بەرەکانی شەڕ دیل کوشتن بەشێك بوو لە واقیعی ژیان ، زۆربەی ئەو سەربازە دیلانەی کە گولەباران دەکران بەر لەوەی دەستڕێژیان لێ بکەن داوای جگەرەیەکیان دەکرد، بە جگەرەیەك ماڵئاوایان دەکرد، ئێمەش هەموو دیلین، ماریاش دیل بوو، جەنگ وەکو بۆردومانی شارەکان لێرە نیە، بەڵکو وەکو تەجرید کردن و داماڵین ی بەهای مرۆڤ دەمێکە ئاگری لە نێومان گەرمە، ماریا دوا قومی لە جگەرەکەیداو ئێمەی لە ئەبڵەق بوون و بێ دەسەڵات بوونێکی گەورە جێهێشت ، خۆی ڕۆیی!
ڕزگار عومەر: