
شه‌هید عه‌بدولخالق مه‌عروف، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له فه‌قێكانی كه‌ندێناوه‌و هه‌ولێر دووسه‌د ئیمزایان كۆكرده‌وه‌و وه‌كو داواكارییه‌ك خستیانه به‌رده‌م خوێندنگه‌ی ئایینی تا به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی ئه‌و خوێندنگایه‌یان بۆ بكرێته‌وه، ئه‌م داواكارییه‌ش بووه هۆی ناڕه‌زایی زۆرێك له مه‌لاكانی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌ك هه‌وڵێك بۆ بێكاركردنی خۆیانیان لێكدایه‌وه، بۆیه شه‌هید عه‌بدولخالق مه‌عروف له ته‌مه‌نی لاوی خۆیدا سه‌ردانی پارێزگاری ئه‌و ده‌مه‌ی هه‌ولێر (ئیسماعیل حه‌قی) ده‌كات و داواكاری فه‌قێكانی بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه، هه‌ربۆیه پارێزگار داواكه‌ی به ڕه‌وا ده‌زانێ و پشتگیریان لێ دەکات.
دوای ئه‌وه‌ی شه‌هید عه‌بدولخالق مه‌عروف زانسته ئایینییه‌كانی خوێند‌و گه‌یشته ئاستێكی دیاری شاره‌زایی له‌و بواره‌دا، بڕیاری دا بچێته وڵاتی میسر، ئه‌وه‌بوو له ته‌مه‌نی 19 ساڵییه‌وه و له ڕۆژی 2/4/1954 چوو بۆ میسر‌و داواكاری پێشكه‌ش كرد بۆخوێندن له زانكۆی ئه‌زهه‌ر، به‌ڵام به بیانووی نه‌بوونی بڕوانامه‌ی ڕه‌سمی، داواكه‌ی پشتگوێ خراو به ناچاری گه‌ڕایه‌وه بۆ هه‌ولێر‌و پاشان چووه به‌غداو له‌لایه‌ن مامۆستایان (محه‌مه‌د قزڵجی و عه‌لادین سه‌جادی) ده‌ستی كرده‌وه به خوێندن. له دوای دووساڵ، له مانگی نیسانی 1956 به‌شدار تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی كردوو بوو به “ئیمام تابوور” له سوپای عێراق، هه‌ر له هه‌مان ساڵدا، بوو به ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان و درێژه‌ی به خه‌باتی كوردایه‌تی خۆی دا، ماوه‌یه‌كی زۆر له ماڵی شه‌هید ساڵح یوسفی ژیاوه.
شه‌هید عه‌بدولخالق مه‌عروف، له ته‌مه‌نی لاوێتیه‌وه ئاره‌زووی زانست و زانیاری هه‌بوو، له ساڵی 1957 ده‌ستیدایه دروستكردنی جۆرێك له ئێزگه‌ی ڕادیۆو له‌م كاره‌ش به‌رده‌وام بوو تا ساڵی 1960 كه ئه‌وكاته له به‌غدا بوو، توانی ئێزگه‌یه‌ك دروست بكات، دواتر له ساڵی 1963 گه‌ڕایه‌وه شاری هه‌ولێر، پاشان له كۆیه په‌یوه‌ندی كرد به شۆڕشی كورده‌وه، له‌وێش سوودیان له تواناكانی وه‌رگرت بۆ دروستكردنی ئێزگه‌ی شۆڕش، كه یه‌كه‌مجار له ئه‌شكه‌وتی (ڕه‌ش) له ناوچه‌ی (ژاژه‌ڵه) ئه‌و ئێزگه‌یه دانرا، شه‌هید عه‌بدولخالق مه‌عروف خۆی به‌رپرس و سه‌رپه‌رشتیاری كاروباری ته‌كنیكی و هونه‌ریی ئه‌و ئێزگه‌یه بوو.
دواتر له ساڵی 1967 كرا به به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی قه‌زای دوكان، دواتر له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه ده‌ستگیر كرا‌و ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ی به‌غدا كرا‌و له‌وێشه‌وه بۆ به‌ندیخانه‌ی مووسڵ، پاشان به بروسكه‌یه‌كی بارزانی ئازاد كرا‌و گه‌ڕایه‌وه ناو شۆڕش. دوای به‌یاننامه‌ی ئازاری 1970 گه‌ڕایه‌وه هه‌ولێر، له ڕۆژی 1/5/1971دا له‌لایه‌ن شۆڕشه‌وه ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات (چیكوسلۆفاكیا) كرا، به مه‌به‌ستی خوێندن، هه‌ر له‌وێ بڕوانامه‌ی دیبلۆمی له بواری ئامێر‌و ئامرازه ئه‌لكترۆنییه‌كان له كۆمپانیای تیسلا به ده‌ست هێنا.
دوای هه‌ره‌سی 1975، جارێكی دیكه گه‌ڕایه‌وه شاری هه‌ولێر، ئه‌وه‌بوو دوكانێكی بۆ كاروباری ته‌كنیكی كرده‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ كارەکەی، دوكانه‌كه‌ی كردبووە شوێنێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیران و نووسه‌ران. عه‌بدولخالق مه‌عروف جگه له‌وه‌ی له بواری زانستی، ڕۆشنبیرێكی خاوه‌ن قه‌ڵه‌م بوو، جگه له زمانی عه‌ره‌بی به باشی خۆی فێری زمانی ئینگلیزی كردبوو، له بواری نووسینیش ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو، هه‌روه‌ها له بواری ئه‌ده‌بیش شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بوو، به تایبه‌ت له شیعری كلاسیكی كوردیدا، له‌و بواره‌شدا كتێبێكی له‌سه‌ر ئه‌و ڕاووبۆچوونانه نووسیوه.
ئه‌وه‌ی كه زۆر شه‌هید عه‌بدولخالق مه‌عروف جیا ده‌كاته‌وه، كاركردنی بوو له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه ڕوانینێكی وردی هه‌بوو، به ئاشكرا جیاوازی و نایه‌كسانی نێوان چین و توێژه‌كان و نێوان ژن و پیاوی ده‌بینی، شاره‌زابوونی له بواری شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا یارمه‌تی دابوو بۆ لێكدانه‌وه‌و شرۆڤه‌كردنی ئایه‌ته‌كانی قورئان كه په‌یوه‌ندیان به مه‌سه‌له‌ی ئافره‌تانه‌وه هه‌بوو. پێش شه‌هیدكردنی، كتێبێكی به‌ناونیشانی (ئاده‌میزاد له كۆمه‌ڵی كوردیدا) به چاپ گه‌یاند، ئه‌م كتێبه‌ی بووه مایه‌ی نیگه‌رانبوونی زۆرێك له دواكه‌وتووان و هه‌ندێكیان به ده‌رچوون له سنووری ئیسلام لێكیان ده‌دایه‌وه‌و هه‌ر ئه‌م كتێبه بووه هۆی شه‌هیدكردنی ئه‌م قه‌ڵه‌مه دیاره‌ی كورد.
عه‌بدولخالق مه‌عروف له پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی 10/4/1985دا، له كارێكی دژ به هه‌موو دابونه‌ریتێكی مرۆڤایه‌تی و ئایینی، له نزیك ماڵه‌كه‌ی خۆی له گه‌ڕه‌كی ئازادی شاری هه‌ولێر، شه‌هید كرا. شه‌هیدكردنی عه‌بدولخالق مه‌عروف، كارێكی هێنده دزێو و ناشیرین بوو، سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و قه‌ڵه‌م به ده‌ستانی كوردی نیگه‌ران و خه‌مبار كرد
شه‌هید عه‌بدولخالق مه‌عروف له‌دوای خۆی كۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می به نرخی به‌جێهێشتووه كه بریتین له: ( ئه‌نتینا، 1977)، (اجهزه الارسال، به زمانی عه‌ره‌بی، 1979)، (ته‌كنیكار، 1981)، (دیوانی نالی و كێ ڕاسته، لێكۆلینه‌وه، 1984)، (ئاده‌میزاد له كۆمه‌ڵی كوردەواریدا، لێكۆڵینه‌وه، 1984).