ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) ڕایدەگەیەنێت، پیاوانی ئاینیی گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن، کە پێشێلی یاساکانی عێراقە و ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەش زیان بە ژنان و منداڵان دەگەیەنێت.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی (سەرلەبەری هاوسەرگیرییەکەم هەڵە بوو، کاریگەرییەکانی هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگاکان لەسەر مافەکانی ژنان و منداڵان لە عێراق) بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە پیاوانی ئاینیی ساڵانە هەزاران گرێبەستی هاوسەرگیریی لە دەرەوەى دادگا تۆمار دەکەن، کە پێشێلکردنی یاساکانی عێراقە، لەوانە هاوسەرگیریی پێکردنی منداڵان.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتە ٣٧ لاپەڕەییەکەدا باسی لە کاریگەری و مەترسییەکانی ئەو جۆرە گرێبەستی هاوسەرگیریانە کردووە و دەڵێت: ئەو جۆرە هاوسەرگیریانە زیان بە ژنان و منداڵانی کچ و منداڵەکانیان دەگەیەنێت، کە دەیانخاتە دۆخێکی دژوار و بێ پاڵپشتی یاسایی و چاودێریی کۆمەڵایەتیی دەیانهێڵێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریی لە دەرەوەی دادگا و تۆمار نەکردنی ڕێگە خۆشکەرە بۆ زۆربوونی هاوسەرگیری پێکردنی منداڵان، هەروەها کاریگەریی کارەساتباراویی دەبێت لەسەر دەستڕاگەیشتنی ژنان و کچانی منداڵ بە خزمەتگوزارییە حکومیی و کۆمەڵایەتییەکانی پەیووەست بە باری کەسێتیی، بەدەستهێنانی ناسنامە و بەڵگەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکانیان، یاخوود بەدەستهێنانی مافی مارەیی، پاڵپشتی هاوسەرگیریی و میرات.
سارا سەنبەر، توێژەری عێراقی لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت: “پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق دان بەوەدا بنێن، کە هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو ڕێگە بۆ هاوسەرگیریی بەربڵاوی منداڵان دەکاتەوە، پێویستە هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە، هەروەها دەستڕاگەیشتنی ژنان و منداڵان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ناسنامە و چاودێری تەندروستی، بە بوونی بەڵگەی باری کەسێتی نەبەستەنەوە.
لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان لە عێراق بەردەوام لە زیادبووندایە، بەگوێرەی ئاماری یونیسێف، ٢٨٪ـی کچانی عێراق پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیریان پێکراوە.
سەبارەت بە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، ڕاپۆرتی ئەوە دەدات، کە ٢٢٪ـیی هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو لە عێراق هی ئەو منداڵە کچانەیە کە تەمەنیان خوار ١٤ ساڵانە.