سەربازەکان جێبەجێکاری پیلان و فەرمانەکانی سیاسی و هەواڵگریەکانن. تاکە جارێک لە فەرمانی ئەوان دەردەچن ئەویش کودەتای سەربازیە. لە ڕەوشی ئاساییدا سیاسی و هەواڵ گرەکان جۆر، کات،شوێن و ئامانجی کردە سەربازیەکان دیاریدەکەن،سەربازەکان تەنها میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندنی دەرەنجامەکانیان پێدەسپێردرێ. بۆیە هە.وو کردەیەکی سەربازی ئامانجێکی سیاسی لە پشتە و بۆ ئەوەی لە ئامانجەکانی ئەو کردە سەربازیە بگەی پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ ئامانجە سیاسیەکانی پشت کردە سەربازیەکە. بەو پێودانگە هەڵسەنگاندنێک بۆ چڕکردنەوەی هێرشە درۆنی و سەربازیەکانی تورکیا دەکەم لە دوای هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان بەگشتی و لە ئێستادا بەتایبەتی:-
1-هەموومان دەزانین لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی تورکیا کورد ڕۆحی ئەردۆگانی هێنایە سەر کونی لوتی،زۆری نەمابوو لە بڕی بکاتەوە. ئەوە و دڵ ڕەشی کەسایەتی ئەردۆگان وای لێکردوە مەترسی کورد لە هەرە مەترسیە لە پێشینەکانی ببینێ،بەتایبەتیش لەو پشتگیریە بەرفراوانەی لە بەشێکی باشور لە برا کوردەکانیان کرا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان (ئێستا هێرشەکانی لە دەڤەری سلێمانی چڕ کردوەتەوە).
2-لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتو نەبوو لە هێرشکردنە سەر خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا [ئەو شەوە هەر نەهات لە تاریکیدا خۆی پێدا بکا]،لە ئێستاشدا ئەمریکیەکان ڕۆژئاوای کوردستانیان کردوە بە هێڵی سور بۆ تورکیا،لە ئێستاشدا هێزێکی سەربازی زەبەلاحیان لە ڕۆژئاوسی کوردستان کۆکردوەتەوە وەک بەشێک لە کۆکردنەوەی هێزی شەڕکەری هێرشبەری دەریای و زەمینی لە ناوچەکە،بۆیە ئەردۆگان لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان بەناوچەیەکی هەستیار و مەترسیدار دەزانێ بۆ جوڵە سەربازیەکانی و وەک کێڵگەی مین لێیدەڕوانێ. دوێنێش بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە گەڵ کەناڵی سکای نیوز ڕایگەیاند هیچ پەیوەندیەک لە گەڵ ئەردۆگان نەبەستنەوە هەتا سەربازەکانی تەواوی خاکی سوریا جێ نەهێڵن،لەوەش زیاتر گوتی ئەردۆگان دروستکەری ڕێکخراوە تیرۆریستەکانی سوریایە.
3-ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە و پەکخستنی ڕێککەوتنە 50 ساڵیە ژێر بە ژێریەکەی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و تورکیا و دۆڕانی تورکیا لە داواکەی حکومەتی بەغدا لەسەر تورکیا لە هەناردەکردنی نایاسایی نەوتی هەرێم و پابەند کردنی تورکیا بە قەرەبوکردنەوەی عراق بە چەند ملیار دۆلارێک لەم کاتەدا کە ئابوری تورکیا لە تەنگژەی ڕاستەقینەدایە،لیرەی تورکیا لە داتەپیندایە،هێشتا تورکیا دەرەنجامە کارەساتبارەکانی بومەلەرزەکەی تێنەپەڕاندوە و ئەردۆگان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئاستەنگ ئامێزی ئابوری-سیاسی مەترسیداردایە،لە ڕێگای هێرشەکانی لە باشوری کوردستان دەیەوێ فشار بۆ بەغدا و هەولێر بهێنێ لە پای کەمکردنەوەی هێرشەکانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە بەهەمان مەرجەکانی پێشو دەستپێبکاتەوە و دەسکەوتە ئابوریەکانی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم وەک خۆی لێبکاتەوە.
4-باشوری کوردستان ئاسانترین و لاوازترین شوێنە بۆ دەزگا جاسوسیەکانی تورکیا بۆ دەستنیشانکردن و بە ئامانجگرتنی ئامانجەکانی هێرشە درۆنەکانی تورکیا [ئاسانتر لە ویلایەتەکانی ناوخۆی تورکیا]،نە یاسا بەرکارەکانی تورکیا نە لێپرسینەوەی پەرلەمانی نە ناڕەزایەتی شەقسم و خەڵک، نە یاسا و دەسەڵاتێکی یاسایی ئەوتۆ لە باشور هەن ڕێگر بن لە و هێرشە درۆنیانە.
5-پێدەچێ ئەمریکیەکان گڵۆپی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵکردبێ وەک سەدایەکی لە پای دورکەوتنەوەیان لە جوڵە و هێرشە سەربازیەکانیان لە سوریا.
6-پەرش و بڵاوی ئەوەی پێیدەوترێت ناوماڵی کوردی لە باشور لە لایەک و نامە بونی هێزێکی کاریگەری جەماوەری لە دەرەوەی دەسەڵات بتوانێ جەماوەر بجوڵێنێ بۆ ڕیسواکردنی هێرشەکانی تورکیا یان سزادانی ئابوری تورکیا وەک بایکۆتی کاڵای تورکی ئیشن فشار هێنان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و (غیرەت جوڵاندنیان).
7-بەهۆی فشارەکانی دەسەڵاتی بەغدا لە سایەی بڕیارە یەک لەدوا یەکەکانی دادگای فیدراڵی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێگەی دەسەڵات لە هەرێم لاواز دەبێ،لە پاڵ ئەوەشدا پێگەی جەماەەری حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشور لەناو خەڵکیشدا لە باسکردن چوەتە دەرەوە،ئەوەش مەترسی ئەوەی خستوەتە دڵی تورکیاوە لە باشوری کوردستان لە داهاتویەکی نزیکدا هێزێکی جەماوەری ڕاستەوینە سەرپێ بکەوێ دەسەڵات بگرێتە دەست و کۆی مەترسیەکانی تورکیا لە باشور بخاتە مەترسیەوە،چڕکردنەوەی ئەو هێرشانەی لەم بوارەدا دوو ئامانجی هەیە،چاوترسێنکردنی پێشوەختەی ئەو هێزە و جەماوەری خەڵک و دڵنیایی و پشتگیری ئەو بەشەی دەسەڵاتێ باشورە کە بەشێکی ئاشکرای بەرژەوەندیەکانی تورکیایە لە باشور.
.8-وزە و هێزدانە بەر دەزگا جاسوسیەکانی و هێزە پاشکۆکانیەتی لە باشور و کەمکردنەوری ئەو ئاستەنگ و مەترسیانەیە لەو ئەگەرەی لە خاڵی پێشتردا باسم کرد کە لەوانەیە رۆڵی هێزە تورکمانە پاشکۆکانی تورکیا سنوردار بکا.
9-لاوازی کاردانەوەی جەماوەری خەڵک لە باشور،لاوازترین خاڵی کەسایەتی لە کەلتوری تاکی کورد ئەوەیە لە ماڵەکەی خۆیدا بکوژرێت و غیرەتی وەڵامدانەوەی نەبێ،برایەکی یان میوانێکی لە ماڵەکەیدا بکوژرێ و بوێری وەڵامدانەوە و تۆڵەسەندنەوەی نەبێ،ئەوە برینێکی قوڵ زیاد داکا لە کۆی ئەو بڕیارانەی کراونەتە ناخی تاکی کورد لە باشور،هۆکارێکی کاریگەری سەرباردەبێ بە بەردەوامی سەرکزی و بێدەنگی خەڵکی باشور بەرامبەر داگیرکاری و هێرشەکانی تورکیا و ستەم و نادادپەروەری و ترسنۆکی و پاشکۆیەتی دەسەڵاتدارن. 9-چڕنکردمەوری هێرشە درۆنیەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی (زۆنی سەوز) فشارێکی تورکیایە بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە و مل کەچکردنی تەواویان هاوشێوەی خۆنی زەرد،لە لایەکی تریشەوە گێڕانەوەی ئەو پارسەنگەیە کە تورکیا مەبەستیەتی لە نێوان هێز و دەسەڵاتی ئەوجدوو زۆرەدا ڕایبگرێ.
10-ئەمریکیەکان و هاوپەیمانان فشارەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ چاکسازی وجیەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی هەرێم،ئەو هێرشانە نامەیەکە بۆ ئەمریکیەکان کە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە سودێکی بۆ ئێوە نابێ،ئەوە ئێمەین دوو هێزی بەڕێوە دەبەین نەک ئێوە یەک هێزی بنیاتبنێن،لە لایەکی دیکەشەوە شکاندنی شکۆی هێزی چەکداری هەرێمە کە لە هێزی پێشمەرگەدا خۆت دەبینێتەوە. لە کۆتایی بابەتەکەدا داوا لە برا و خوشکانمان لە کوردانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم چیتر خۆیان نەکەنە نێچیری ئاسانی سیخوڕە خۆفرۆشە خۆماڵیەکان و درۆنەکانی تورکیا. باشور سڵامەت نیە بۆ ئێوە،ئێمەی خەڵکیش ناتوانین بتانپارێزین.
جوتیار رەشید