• ئیسرائیل وەکو دەوڵەتێکی دینی یەهودی بەرپرسە لە هێشتنەوەی کێشەی فەلەستین و خۆشکردنی زەمینە بۆ هەرچی هێزو ڕەوتی کۆنەپەرستی دینی و نەتەوەپەرستیە لە فەلەستین بەناوی دژایەتی داگیرکار و بەرگری لە مافی زەوتکروای خەڵکی فەلەستین خۆی بکاتە نوێنەری شەرعی بەرەنگاری و وەستانەوە بەڕوی ستەم و زوڵم و داگیرکاری و تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی فەلەستین. ئیسرائیل بەرپرسی یەکەم و ئەخیرە لە هێشتنەوەی کێشەی فەلەستین و چارەسەرنەکردنی.
• حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیلی کە چەندین دەورەیە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە لە ئیسرائیل، تاوانباری سەرەکیە لەو تاوان و کارەساتانەی کە لە ئیسرائیل و فەلەستین روودەدەن. حکومەتی ڕاسترەوی ئیسرائیل بەرژەوەندی لەوەدایە کە لەوبەری کێشەکەدا هێزێکی کۆنەپەرستی ئیسلامی ڕاوەستاوەو پاکانەی تاوانەکانی خۆی پێدەکات.
• کۆمەڵگای ئیسرائیل و حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا لەسەر بورکانی کێشەو ناکۆکی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی جەماوەریدا ڕاوەستابوو. حکومەتی ئیسرائیل ئەوکارەی حەماس کردویەتی وەکو بەرەکەتی ئاسمانی تاماشا دەکات. ئێستا لەژێرناوی ئەوەی کە ئیسرائیل لە دۆخی شەڕدایە و تاوانەکەی حەماس وەکو بیانویەك بۆ یەکپارچەکردنی کۆمەڵگا خەفەکردنی ناکۆکیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان سوود لێوەدەگرێ و تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژدەکاتەوە.
• پێگەی ئیسرائیل، بەدوای ئەو گۆڕانکاریانەی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات، بەرەو لاوازی دەچوو، ئەو بایەخەی لانی کەم بۆ ئەوروپا نەدەما کە جاران هەیبوو. رێکەوتنی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لەماوەی ڕابردوودا، نزیکبونەوەی ئێڕان و سعودیە، ئەمانە هەمووی ئیسرائیلیان نیگەران دەکرد بەوەی کە پێگەی مناڵی بەنازی ئەمریکاو رۆژاوا لەدەست بدات.
بۆیە ئیسرائیل پێشوازی لەو کارەی حەماس دەکات.. بیانوی دایە دەست کە خێراتر و بی دوودڵی و بە هەستی لەسەر هەقبوون تاوانی پاکسازی فەلەستینیەکان جێبەجێ بکات و لەلایەن ئەمریکاو رۆژواوە پشتیوانی بێدرێغی لێبکرێ. ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپا، وەکو ئەوەی خوێنی ژن و مناڵ و هاوڵاتی مەدەنی فەلستینی بایەخی پێکێك شەرابی نەبێ، بێمەرج پشتیوانی بڕیاری قەتڵوعامی خەڵکی مەدەنی فەلەستین لە غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکەن.
• شکستی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کە لەسالێ ١٩٩٥ لە ئۆسلۆ بڕیاری لێدراو لەژێر چاودێری ئەمریکاو رۆژوادا بەڕێوەچوو، هاوکات شکستی رەوتی ناسیۆنالیستی فەلەستینی بوو کە هەر لە سەرەتاوە خاوەنی سەرەکی و یەکەم و ڕابەری پرس و مەسەلەی فەلەستین بوو. ئەوەش رێگای کردوە بۆ رەوتە ئیسلامیەکان کە بەناوی بەرگریەوە دژی داگیرکاری ئیسرائیل، بە پاڵپشتی دەوڵەتی ئێران و هەندێك لە ووڵاتە عەرەبیەکانی کەنداو، ئەو پێگەیە لە بزوتنەوەی ناسیۆنالسیتی فەلەستینی وەربگرن و بەجۆرێك ئەوان خۆیان بکەنە خاوەنی بزوتنەوەی بەرەنگاری دژی داگیرکرکاری ئیسرائیل.
• بزوتنەوەی حەماس و ڕەوتە ئیسلامیەکانی دیکەی فەلەستین، نوێنەری ڕاستەقینەی هەڵگرتن ولابردنی ستەم و زوڵم و بێمافیەکانی خەڵکی فەلەستین نین.دەسەڵاتی حەماس لە غەزە بەڕوونی ئەوەی نیشان داوە کە چۆن کۆمەڵێك مافیای ئیسلامی بەناوی خەڵکی فەلەستین و بەرەنگاریەوە ملیۆنها دۆلار وەردەگرن و پێگەی دەسەڵات و تواناییە سەربازیەکانی خۆیانی پێ بەهێز دەکەن، لەکاتێكدا خەڵکی غەزە لە هەژاری و بێدەرەتانی موتڵەقدا ژیان دەکەن و بۆ کرێکاری و پەیداکردنی نانی سەر سفرەی خۆیان و خێزانەکانیان ناچارن بەرە و ئیسرائیل یان میسر بچن! سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستی ئیسلامیان بەسەردا سەپێنراوەو لەهەموو جۆرە ژیانێکی شارستانی و مافێکی مرۆڤ و مافی ژنان بێبەشکراون!
• ئەم هێرشەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشێك نەبووە بۆسەر دامەزراوەو دەزگا سەربازی و چەکداری و سەرکوتگەریەکانی ئەو رژێمە فاشیستە دژی بەشەریە،ئەوەندەی کە هێرشێكی دڕندانە بوو بۆسەر هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیل و ئەنجامدانی تاوان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و بێدیفاعی ئیسرائیل. حەماس پێویستی بەکارێکی لەوجۆرە بوو تا لە نەبوونی هیچ جۆرە بەرەنگاریەك بۆ تاوانەکانی حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی مەدەنی فەلەستین لە چەند مانگی ڕابردوودا و نزیکبوونەوەی ئیسرائیل لە ووڵاتە عەرەبیەکان، مەتڵوبیەتی خۆی دوبارە بۆ خەڵکی فەلەستین و وەکو نوێنەری بەرگری خەڵکی فەلەستین بە ووڵاتانی عەرەبی و ڕای گشتی دنیای عەرەب بناسێتێتەوەو پرۆسەی نزیکبونەوەی ئیسرائیل و ئەو ووڵاتانەش پەك بخات! بێگومان ئەو کارەی حەماس بەبێ ڕاوێژ و هاوکاری دەوڵەتانێکی دیکەو بەتایبەتی ئێران ئیکمانی نەدەبوو. ئێران لەنزیکبوونەوەی ئیسرائیل و ووڵاتە عەرەبیەکان نیگەرانەو بۆیە بەرژەوەندی لەوکارەی حەماسدا هەیە.
• لە دۆخێکی ئاوادایە کە ئەوەی دەگوزەرێ، نە بەرگریکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە لە هاوڵاتیانی ئیسرائیلی دژ بە تیرۆریزمی حەماس و نە بەرگری بزوتنەوەی حەماسە لە خەڵکی فەلەستین دژی تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل. ئەوەی دەگوزەرێ شەڕی دوو هێزو دەوڵەت و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی دژی بەشەریە کە ئامانجی شەرەکەیان درێژەدانە بەدەسەڵاتی خۆیان و پارێزگاریکردنە لە دەسەڵات و بەرژەوەندیە سیاسیە قێزەونەکانی خۆیان. ئەوەی دەبێتە قوربانی تەنها خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل و فەلەستینە.. وێرانبوونی ماڵو حاڵی خەڵکە.. کوشتاری وەحشیانەی مناڵان و هاوڵاتیانی مەدەنیە لە هەردوولاوە. بەڵام ئەو کارە تیرۆریستیانەی حەماس بیانوی داوەتە دەستی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل کە بێ لێپرسینەوەو هەوسارپچڕاوانە بکەوێتە پاکسازی و قەتڵوعامی خەڵکی مەدەنی فەلەستینی لەغەزە بۆ نیشاندانی هەیمەنەو هەیبەتی شکاوی خۆی!!!
• لەکۆتاییدا، ئەوە دەگوزەرێت لەناوچەکەدا، ناتوانێ بەروداوێکی دابڕاو لەبەرژەوەندی زلهێزەکان و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و جەمسەرەکانییدا تەماشابکرێت. پشتیوانی بێدرێغی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و ناردنی کەشتیگەلی جەنگی و هەلگری فڕۆکە بۆ دەریای ناوەڕاست و ئەگەری هاتنەناوەوەی حزبوڵای لوبنان بۆ ناو جەنگەکە، نمایشگەری ئەوەیە کە ئەوەی رویداوە ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە پریشکی ئەو ئاگرەی کە ناوچەکە لەناو خۆیدا بسوتێنێ! بەرژەوەندی هیچ خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل و ناوچەی رۆژهەڵات لەوەدایە کە پێش بەو کاولکاریە بگیرێت!
محسن کەریم: