کۆمیتەی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان ‘سی پی جی’ لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی ڕاگەیاندنەکانی جیهانی تاووتوێ کردووە، ئێران، چین و سعودیە لە ڕیزبەندی وڵاتانی سەرکوتکاری ڕۆژنامەنووسیدان.
ڕاپۆرتی کۆمیتەی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان ‘سی پی جی’ نێودەوڵەتی بڵاو کراوەتەوە و تێدا دۆخی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنەکان تاوتوێکراوە، ئەو وڵاتانەی زۆرترین پێشلکاری و سانسۆر بەرامبەر کاری ڕۆژنامەنووسی تێیاندا دەکرێت، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چین و کوریای باکور-ن.
لەو راپۆرتەدا وڵاتەکانی؛ ئێران، چین، سعودیە، کوریای باکور، تورکمانستان، سوریا، ئەریتیریا، میسر، یەمەن، ئازەربایجان لەو وڵاتانەن کە سانسورێکی توندیان تێدا دەکرێت، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە دۆخی وڵاتانی “ئەریتیریا، کوریای باکور و تورکمانستان” لە هەموویان خراپترە.
لە راپۆرتەکەدا هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە ڕاگەیاندنەکان لە هەندێک وڵات بوون بە بڵندگۆی دەوڵەتەکان و ئاماژەی بە کۆنترۆڵی توندی دەوڵەتەکان لەسەر ڕاگەیاندنەکان کردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە لەو وڵاتانەدا دەرفەت بە دروستبوونی ڕۆژنامەنووسیی سەربەخۆ نادرێت و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ڕەخنە لە دەوڵەت دەگرن، یان زیندانی دەکرێن یان ناچار بە کۆچ لەو وڵاتە دەکرێن، هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، کە لە هەندێک لەو وڵاتانە وەک ئێران و عەرەبستان خانەوادەی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ ئازار دەدرێن و فشاریان دەخرێتەسەر.
ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە سانسۆری ئەنتەرنێت لەو وڵاتانە دەکات و دەڵێت: سعودیە، ئێران و کوریای باکور بە توندی ئەنەترنێت سانسۆر دەکەن بەڵام سانسۆری ئەنتەرنێت لە چین بەرفراوانترە و بە سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەکرێت.
لە بەردەوامی هاتووە: دەوڵەتەکانی ئەم وڵاتانە بە تێکەڵکردنی توندوتیژی هێز و تەکنەلۆژیای نوێ و سوود وەرگرتن لەو تەکنیکانەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەریان گرتووە، دژبەرانی خۆیان ڕاودەنێن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆنترۆڵ دەکەن.