هیوا مەجید خەلیل:
وڵاتانی سێکولار لە جیهانی ئیسلامدا:
ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە پەیڕەوی لە لێک جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت دەکەن لە وڵاتانی خاوەن زۆرێنەی موسڵمان کەم نیین. ئەم لێک جیاکردنەوەیە یان راستەوخۆ لە دەستوردا ئاماژە پێکراوە یاخود ئایین نەبووە بە سەرچاوەی یاسادانان و دەسەڵات بەڕێوەبردن. دەکرێت سیستەمە سێکولارەکانی لە روی دیارکردنی پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەت لێکجیاواز بن، بەڵام لە گشت حاڵەتیکدا ئایین و دەوڵەت دەست لە کاروباری یەکتردا وەرنادەن. لێرە ئاماژە بە چەند نمونەگەلێک لە وڵاتانی خاوەن سیستەمی سێکولار دەکەین.
دەستوری تاجیکستان (نزیکەی ٩ میلیۆن دانیشتوو) لە بڕگەی یەکەمدا دەڵێت؛ کە تاجیکستان وڵاتێکی سەربەخۆ، دیموکراتیک، دامەزراو لەسەر ماف، دونیەوی و یەکپارچەیە. لە بڕگەی هەشتەمدا دەڵێت ‘هیچ هزرێک، بەتایبەتیش هزری ئایینی نابێت بە هزر (ئایدیۆلۆژیای فەرمی) دەوڵەت، ئایین و دەوڵەت لێک جیان و دامەزراوە ئایینییەکان ناتوانن دەست لە کاروباری دەوڵەت وەربدەن’. لە دەستوری ئازەربایجان (نزیکەی ١٠ میلیۆن دانیشتوو) لە ماددەی هەفتەم، بەندی یەکەمدا هاتوە کە ئازەربایجان وڵاتێکی دیموکرات و سیکۆلارە. دەستوری ئۆزبەکستان (نزیکەی ٣٥ میلیۆن) ئەگەرچی باسی چەمکی سێکولار نەکراوە بەڵام وڵاتیکی سێکولارە و دەستور باس لەوە دەکات، کە هەڵگری هیچ ئایدیۆلۆژیاییەک نییە و گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە و دیموکراسی سیستەمی وڵاتە. لە ماددەی سییەمی دەستوردا هاتوە کە ‘هەر کەس ئازادە پەیڕەوی لە هەر ئایینێک بکات یان نەکات و سەپاندنی ئایین بە زۆر رێگە پیدراو نییە’. لە مادەی یەکەمی دەستوری هەر یەک لە قرقیزستان (نزیکەی شەش میلیۆن) وکازاخستاندا (زۆرتر لە ١٧ میلیۆن دانیشتوو) هاتوە کە وڵاتێکی سێکولارن.
ئەگەر وڵاتانی ئەلبانیا،(زۆرتر لە ٣ میلیۆن) ئەندونزیا (زۆرتر لە ٢٥٥ میلیۆن)، سێنیگال (١٥ میلیۆن کەس) وتورکیا (٧٧ میلیۆن کەس) زیاد بکەین کە نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن موسڵمان پێک دێنن ئەمەو سەرەڕای ١٧٠ میلیۆن موسڵمانی نیشتەجێی وڵاتی هیندستان کە لە دیباجەی دەستوەردا ئاماژە بەوە دەکات هیندستان وڵاتێکی سێکولارە. لە مادەی دەیەم، بەندی
یەکەمی دەستوری ئەلبانیادا هاتوە کە ئەلبانیا خاوەن هیچ ئایینەکی فەرمی نییە. یاخود لە ماددەی بیست و چوار، بەندی دوەمدا هاتوە کە هەرکەسێک ئازادە لە هەڵبژاردن یان گۆڕینی ئایینی خۆی. دەستوری سێنگال لە ماددەی یەکەمدا ئاماژەی بەوە کردوە کە سینگاڵ دەوڵەتێکی سیکۆلارە. دەستوری کۆماری تورکیا لە ماددەی دوەمدا باس لەوە دەکات کە تورکیا دەوڵەتێکی سیکۆلارە و لە ماددەی چوارەمدا دەستکاری کردنی سیستەمی سێکولار بە ریگە پێنەدرا هەژمار کراوە. تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە بەرنامە و پەێرەوی ناوخۆدا لە ماددەی هەفتەم، بڕگەی یەکەمدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە حاڵەتی بونی رۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکەیەکی ئیداری/سیاسی لە ئێرانی داهاتودا ئەم یەکەیە پەیڕەوی لە بنەماکانی سیکۆلاریزم دەکات.
نمونەی تونس:
تونس (١١ میلۆن) لە ساڵی ٢٠١٤دا توانی دەستورێکی مەدەنی بە ریککەوتن لەنێوان لایەنە ئیسلامی و سێکۆلارەکان دابڕێژێت. ئەگەرچی ماددەی یەکەمی دەستوری تونس دەڵێت؛ کە ئیسلام ئایینی دەوڵەتە، بەڵام ماددەی دوەم ئاماژە بەوە دەکات کە تونس دەوڵەتێکی مەدەنییە و ناکرێت ئەم مادەیە هەموار بکرێت. هەروەها لە ماددەی شەشەم ئاماژە بەوە دەدات کە پێویستە مزگەوت بێ لایەن بێت. ستێپان و لینز سەبارەت بە چەمکی دەوڵەت مەدەنی لە دەستوری تۆنیسدا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە جیهانی عەربیدا سێکولاریزم (عەلمانیەت) بە دژە ئایین ناوی دەرکردوە، هەر بۆیەش چەمکی دەوڵەتی مەدەنی هەڵبژێردرا کە هەر دو لایەنی سێکولار و ئیسلامییەکان لەسەری کۆک بون. هەرەها، بۆماوەی هەشت ساڵ پێش روخانی بن عەلی، سێکولار و پارتە ئیسلامییەکانی تونس لە لەندەن نزیکەی بێست جار کۆبونەوەی هاوبەشیان پێکەوە کرد و شارەزاییان لە بیروبۆچونی یەکتر پەیدا کردبو، بۆیە ئیسلامی و سێکولارەکانی ئەم وڵاتە ترسیان لە یەکتر نەبو، کە ئەگەر هەر لایەنێک بە دەسەڵات گەیشت ئەویتر بسڕێتەوە. هەربۆیەش دوای روخانی بن عەلی توانیان پیکەوە دەستورێکی مەدەنی دابڕێژن ئەگەر بە تەواوەتیش سێکولار نەبێت. لە راپورتیکدا کە لە دێسەمبەری ٢٠١٣ بەناوی ‘زێدی بەهاری عەرەبی’ ئاماژە بەوە دەکات کە لە تونس جەماوەرێتی پارتە سێکولارەکان لەهەمبەر پارتە ئایینیەکان لە هەڵکشان دایە. (عەبدوڵا ئەحمەد ئەلنەعیمیش، لەبڕی چەمکی سێکولار چەمکی ‘دەوڵەتی سێکولار’ بەکاردێنێت. ئەو دان بەوەدا دەنێت کە لە جیهانی عەرەبی/ئیسلامیدا ئەم چەمکە قورسایی نێگەتیڤی وەرگرتوە هەر بۆیەش چەمکی ‘دەوڵەتی سێکولار’ بەکاردێنێت.