
هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتێکیدا باس لە رووداوەکانی رۆژی شەممەی رابردوو 2-9-2023ی کەرکووک دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، هێزە عێراقییەکان تووندوتیژییان دژی خۆپێشاندەران بەکارهێناوە و رۆژنامەڤانانیان دەستگیرکردووە.
سارا سەنبەر، لێکۆڵەری رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ تایبەت بە کاروباری عێراق دەڵێت، “حکومەتی عێراق دووبارە بە بەکارهێنانی هێز و دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانان وەڵامی خۆپێشاندەرانی دایەوە؛ حکومەت دەبێت هەنگاوی کۆنکریتی بگرێتە بەر و بەرپرسیاری ئەو کردارانە بگرێتە ئەستۆ”.
چەند شایەدحاڵێک بە هیومان رایتس وۆچیان راگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان بێ ئەوەی خۆپێشاندەران ئاگادار بکەنەوە کە کۆتایی بە خۆپێشاندان بهێنن، دەستیانکردووە بە تەقەکردن لێیان.
رۆژی 2ـی مانگ لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەو هاونیشتمانیانە لە کەرکووک.
هیومن رایتس وۆچ لەوبارەوە دەڵێت، “پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات ئەنجامە بەراییەکانی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرا بکات و کاتێک کە بەڵگەکانی تایبەت بە مامەڵەی هەڵە بەردەست بوون، ئەو کەسانە دادگایی بکات کە لە تووندوتیژییەکەدا بەرپرس بوون”.
سارا سەنبەر دەڵێت، “وەڵامی ستانداردی حکومەتی عێراق بۆ تووندوتیژیی دژی خۆپێشاندەران، کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیە، بەڵام بە دەگمەن دەگەنە هیچ ئەنجامێک”.
لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەب و تورکمانی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکە و هەولێریان داخست. ئەوان لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدابوو و دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون لە کەرکووک.
رۆژی 2-9-2023، هاونیشتمانییانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی شارەکەیان و هەولێر خۆپێشاندانیان کرد و گرژی دروستبوو و لە ئەنجامدا 4 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە برینداربوون.