
بەهار، لەکاتی قسەکردنیدا، خەمخۆری بۆ داواکانی مامۆستاو فەرمانبەران و دڵیشی قوڵپەی دەهات بۆ خراپی دۆخی مانگرتووەکان..
دوای ئەم قسانە هەندێک هێرشم بەرچاو کەوت بۆ سەر ئەو ژنە، بەڵام چی هێنام و بردم، چی سەیری قسەکانیم کرد، جگە لە ڕاستی و خەمخۆری راستەقینە هیچم لێ بەدی نەکرد!
ئاخر!
لەم دۆخە خراپەی خەڵکدا، لەو دۆخە تاقەت پڕوکێنەرەی مانگرتووەکان تێیدان، نوکتەیە لەسەر ١٣ جەستەی شەکەت، دوو پەرلەمانتاری کورد لەوێشدا خەریکی مشتومڕ بن!
بۆ؟
حەقی نوێنەری یەکێتی نییە داوای شکاندنی مانگرتن بکات، چونکە حزبەکەی دەسەڵاتداری زۆنەکەیە، کاتی هەڵبژاردن دونیایەک بەڵێنی داوە، کەچی چوار رستەی رێک و پێکی بۆ وەڵامی داواکارییەکان پێ نەبووە.
نوێنەری هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیۆنیش بۆی نییە خۆی بکات بەدەمڕاستی مانگرتووان، چونکە ئەوەی مانگرتووەکان دەیکەن لە بنەڕەتدا ئیشی ئۆپۆزسیۆنە، ئەی منی هاوڵاتی خۆم شەڕی مافم بکەم، خۆم مان بگرم، ئیتر ئیشم بە ئۆپۆزسیۆن چییە؟
گەر ئۆپۆزسیۆن بوون مانای قسەو شەڕە دەم و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بێت، هەموو تاکێکی کورد دەتوانێت ئەوە بکات و بگرە زیاتریشی پێدەکرێ، خۆ ئەو جنێوە مزرانەی لە سۆشیال میدیا بەبەرپرس دەدرێ، ئۆپۆزسیۆن نەیکردووە.
لێرەوە دەکرێت بڵێین:
خەباتی مانگرتووان ئەنجامی گەورەی بەدەستهێناوە، ئەوان ڕۆحیان کردەوە بەبەرگی شەقام دا، ئومێدیان لە نائومێدیدا گێڕایەوە، ناوو ناوبانگی دەسەڵاتدارانی نێو زۆنگاوی هەرێمیان پیسترو ناشیرینتر کرد، ئەم دەستکەوتانە دیوە مەعنەوییەکەن.
دڵنیاشم، ئەم ناڕەزایەتییە نەبایە، ئێستاش موچەی مانگی یەک نەدرابوو، بەڵام لەسایەی هەڵوێستی ئەو ١٣ کەسە ڕێککەوتن کراو وا ڕێوشوێنی ناردنی موچەی مانگی دووش دەگیرێتەبەر، ئەمە جیا لە گەیشتنی خراپی دۆخی موچەخۆران بەهەموو ناوەندە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و زانینی دزی و فەزاحەتی ئەو هەرێمەی کە بەرپرسان لای ئەوان بە درۆ بانگەشەی بۆ دەکەن.
بۆیە؛
بەردەوامیدان بە مانگرتن یاخود بەردەوامی نەدان، مافی هیچ کەسێک نییە قسەی تێدا بکات، چونکە ئەمە بڕیاردانە لەسەر چارەنوس، لەسەر ژیانی کۆمەڵێک کە منداڵەکانیان، خوشک و دایکیان دڵیان لایانە.
بڕیاری بەردەوامی یاخود ڕاگرتن دەبێت بەوپەڕی ڕێزەوە بۆیان جێبهێڵرێ، هەردوو بڕیارەکەش مایەی ڕێزە، دەبێت گوڵباران بکرێن.
بەهیوام مانگرتووان خۆیان ، دوور لە هەموو سۆزو دەفع و ئینتیمایەک، بڕیار بدەن.
دڵشاد ئەنوەر