کارزان گلی:
دوای 14 مانگ گفتوگۆ لەگەڵ توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، رەزامەندی نیشاندا كە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بباتە پەرلەمانی وڵاتەكەی. ئەم بڕیارەی ئەردۆغان سوپڕایز بوو بۆ میدیاكانی جیهان، چونكە هەر یەك رۆژ بەر لەو بڕیارە، ئەردۆغان هەڕەشەی لە سوید كرد، كە وڵاتێك ناكەنە ئەندامی ناتۆ، رێگە بدات قورئانی پیرۆز بسوتێنرێت.
سوید، لەگەڵ هەموو لێدوانە ئاگرینەكانی ئەردۆغان، كۆڵی نەدا و بەردەوام بوو لەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ و پەیوەندیشی لەگەڵ توركیا نەپچڕی، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە لەسەر چی رێككەوتنیان كردووە؟ ئەردۆغان چۆن رازی كرا؟
ئەردۆغان، كاتێك وتاری ئاگرین بەرامبەر هەر وڵاتێك بدات، مەرج نییە ئەو وتارانە ببنە بنەما بۆ ئەوەی پەیوەندی بەتەواوی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بپچڕێت، زۆرجار لە شەو و رۆژێكدا لە بڕیارەكانی پەشیمان بووەتەوە.
هەر ئەردۆغان بوو، هەڕەشەی دەكرد و دەیگوت، هەرگیز قەشەكەی ئەمریكا رادەست ناكەینەوە، چونكە كاری سیخوڕی كردووە، مەرجی ئەوەی دانابوو، با ئەمریكا فەتحوڵا گولەن رادەستی توركیا بكاتەوە، ئەوكات توركیا قەشەكەی ئەمریكا رادەست دەكات، بەڵام لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا قەشەكەی ئازاد كرد.
هەروەها كاتێك قاشقچی، لە توركیا پارچە پارچە كرا، ئەردۆغان بەفەرمی حكوومەتی سعوودیای تۆمەتبار كرد و گوتی، دەبێت لە دادگا لێپێچینەوەتان لەگەڵدا بكرێت و سعوودیاش هەموو پەیوەندییەكی لەگەڵدا بچڕاند، كەچی ئەردۆغان، رۆیشتە سعوودیا و قاشقچی لەبیر كرا.
بەهەمان شێوە، ئەردۆغان تاكە سەرۆكی وڵاتانی ئیسلامی بوو، كە بەتوندی دژی ئیسرائیل وەستایەوە و تەنانەت سەركونسوڵیشی لە ئیسرائیل كشاندەوە، بەڵام چووەوە باوەشی ئیسرائیل و پەیوەندی لەگەڵ باش كردەوە. نموونە زۆرن لەسەر هەڵوێستی توندی ئەردۆغان و پاشان نەرمبوونەوەی.
ئەردۆغان، فشارێكی زۆری خستە سەر سوید، ویستی لەو رێگەیەوە گورزێكی گەورە لە پەكەكە بدات، هەروەها چەند بڕیارێكیش بەسەر یەكێتی ئەورووپادا بسەپێنێت.
بەر لە هەر شتێك، یەكێتی ئەورووپا و ناتۆ هیچ پەیوەندییەكیان بەیەكەوە نییە، واتە ئەگەر رای گشتی توركیا بەوە هەڵخەڵەتابن، كە لەبەرامبەر ئەندامبوونی ناتۆ، توركیاش دەبێتە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا، لە واقیعدا ئەمە وەهمە، بۆیە كاتێك سەرۆكی ناتۆ گوتی، پشتگیری لە ئەندامبوونی توركیا دەكەین لە یەكێتی ئەورووپا، هەرزو یەكێتی ئەورووپا وەڵامی دایەوە و گوتی، دەسەڵاتی ئەوەت نییە بڵێیت توركیا ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا.
ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەورووپا، پەیوەستە بە چەند بابەتێكەوە، كە گرنگترینیان، پێداچوونەوەیە بە یاسای تیرۆر، كە توركیا هەرگیز ئەو پێداچوونەوەیە ناكات، جیا لەوەش، ئەگەر توركیا بیەوێت دانووساندنی یەكێتی ئەورووپا لەبارەی ئەندامبوونی توركیا دەستپێبكرێتەوە، دەبێت عوسمان كاڤالا و سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكات، چونكە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ئەو بڕیارەی داوە و توركیاش پابەندە بەجێبەجێ كردنی.
ئەی ئەردۆغان چۆن رازی كراوە، سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ؟ بەر لە هەر شتێك، رەنگە رێككەوتن لەسەر چەند شتێك كرابێت و بۆ رای گشتی ئاشكرا نەكرێت، لەوڕووەوە یاڵچن دۆغان، نووسەری دیاری توركیا پێی وایە، لە ماوەیەكی نزیكدا دەردەكەوێت لەسەرچی رێككەوتوون و ئەو بابەتە نهێنییانە چییە كە لە رای گشتیان شاردوەتەوە.
توركیا بەرەوشێكی خراپی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت، بەرگەی فشارەكانی ئەورووپا ناگرێت لەرێی ئابوورییەوە، بۆیە یەكێك لەو كارتانەی ناتۆ دژی توركیا بەكاریدەهێنا، فشاری ئابووری بوو، ئەردۆغان زانی بەرگەی ئەو فشارە ناگرێت، بۆیە یەكێك لە هۆكارەكانی رازی بوونی ئەردۆغان بۆ ئەندامبوونی سوید، بەرگەنەگرتنی فشاری ئابووری بووە بۆ سەر توركیا.
سوید و توركیا، رێككەوتوون ژوورێكی تایبەتی پەیوەندی دروست بكەن، بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر، كە مەبەستیان پەكەكەیە، بەڵام وڵاتانی ناتۆ، چەندین ساڵە ئەو ژوورەیان لەگەڵ توركیا دروست كردووە، بەڵام نەگەیشتوون بە هیچ، بۆیە خاڵە گرنگەكەی رازیبوونی ئەردۆغان، رەنگە شتی تر بێت و لە داهاتوو ئاشكرا بكرێت.