سهرۆکی رێکخراوی جوتیارانی سەردەم نیگەرانە لە وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و دەڵێت، ئەگەر بڕەکە زیاتر نەکرێت ئەوا جوتیاران ناچارن لە بازاڕی رەشدا ساغیبکەنەوە، بەوەش زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت.
مام فارس، سهرۆکی رێکخراوی جوتیارانی سەردەم رایگەیاند، “ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جوتیاران زۆرە و پێشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 هەزار تەن گەنم بەرهەبهێنرێت هەرچەندە حکومەتی عێراق نرخێکی باشی داناوە و جوتیاران زۆر سودمەند دەبن لەو بڕیارە، بەڵام بەداخەوە رێژەیەکی کەم وەردەگرن، بڕیاربو 375 تەن گەنم وەردەگیرێت لە سایلۆکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە دوای هەوڵەکان کراوە بە 550 هەزار تەن، کە ئەمەش هێشتا کەمە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەرگرتنی بڕێکی کەم لە گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمەوەیە کە نەیتوانیوە گەنمی جوتیاران بە بازاڕ بکات، ئەوان نیگەرانن کە دو کۆمپانیای دانەوێلە دروستبوە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی حکومەت یارمەتیان بدات و گەنمی جوتیاران وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا گەنمی ئەمساڵیان وەرنەگرتوە.
سهرۆکی رێکخراوی جوتیارانی سەردەم باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەرناگیرێت بۆیە جوتیاران ناچارن لە بازاڕی رەشدا بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشن بەوەش زیانێکی زۆریان لێدەکەوت، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن کار بکەن بۆ ئەوەی بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە لایەن حکومەتی عێراقەوە زیاتر بکرێت.
بەگوێرەی پێشبینیەکان چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم ملیۆنێک و 200 هەزار تەن بێت لەکاتێکدا ساڵی رابردو زیاتر لە 600 هەزار تەن بوە و حکومەتی عێراق 375 هەزار تەنی وەرگرتوە، بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و عێراق ئەمساڵ بڕەکە بۆ زیاتر لە 550 هەزار تەن زیادکراوە و بۆ هەر تەنێک 850 هەزار دینار دەدرێتە جوتیاران.