ڕێکخراوى چاودێری مافەکانى مرۆڤ (هیومان ڕایتس ۆچ) رۆژی سێ شەممە 25نیسانى 2023 ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی منداڵە دەستگیرکراوەکانى وڵاتى ئێران بڵاوکردوەتەوە، کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون و تیایدا ئاماژەى بەوە کردوە کە ئەو منداڵانە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕوبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی و لێدانى کارەباو تەنانەت کوشتنیش دەبنەوە.
ڕێکخراوى هیومان رایتس ۆچ لە پێگەى ئەلیکترۆنی خۆی ڕاپۆرتێکی دورودرێژى لەبارەى ڕەوشی منداڵانی زیندانى ئێران بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوە کردوە کە بەبێ فەرمانى دادوەر و دادگایی کردن و ڕێککارە یاساییەکان هێزە ئەمنیەکانى ئێران و ئەوانەى بۆ سەرکوتى خۆپیشاندانەکان دانراون منداڵان دەستگیر و ئەشکەنجە دەکەن، ناهێڵن خێزانەکانیان پارێزەریان بۆبگرن تا بەرگرییان لێبکەن، لەکاتى بەڕێوەچوونى ماوەى ڕاگرتن و زیندانی کردنیاندا رەچاوى بابەتە یاساییەکان ناکەن، بەشێکی تریشیان دەبرێنە شوێنى زیندانى گەورەکان و ئەوەش مەترسی لەسەر گیان و ڕەوشتیان دروستدەکات.
لە درێژەى ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ هێزە ئەمنیەکان جارى واهەیە بۆ ماوەى هەفتەیەک منداڵەکان بێ سەرۆوشوێن دەکەن و هیچ هەواڵێکی ڕاستى بەکەس و کارەکانیان نادەن، ئەوە لە کاتێکدا زۆرینەیان قوتابین و تەنانەت هەواڵ بە وەزارەتى پەروەردە یان لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو بوارەش نادەن، لە لایەکی تریشەوە منداڵی هەرماڵێک دەستگیربکەن هاوکارییە کۆمەڵایەتیەکانی ناسراو بە (یارانە) کەیان لێدەبڕن.
تارا سوبهەرى فەڕ، توێژەر و شرۆڤەکار لە بوارى ئێرانناسیدا بە ڕێکخراوەکەى وتوە دەسەڵاتدارانى ئێران دەسەڵاتى تەواویان داوەتە هێزە ئەمنیەکان بۆ ئەوەى هەرچییەکیان لەدەستهات بیکەن، ئازاری سێکسی بە منداڵان دەگەیەنن، سزاى جەستەییان دەدەن، بەشێوەیەکی ناشیرن و ناتەندروست ڕەفتاریان لەگەڵ دەکەن، بەدرێژایی حەوت مانگی ڕابوردوو هەموو هێزێکی خۆیان خستوەتە گەڕ بۆ سەرکوتکردنى خۆپیشاندانەکان و لەو بوارەشدا هیچ حسابێکیان بۆ تەمەن و منداڵ و بەسەڵاچوانیش نەکردووە.
ڕێکخراوى چاودێریی مافەکانى مرۆڤ لە بەدواداچونێکی تایبەتى خۆیدا بۆی دەرکەوتوە کە لەنێوان مانگی سێبتەمبەرى 2002 تا مانگی شوباتى 2023 پێشێلکاریی بەرامبەر 11 منداڵ کراوەو دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر و هەموو بەڵگەکانی ئەو بوارەشیان ڕادەستى نەتەوە یەکگرتوەکان کردوەو داوایان لێکردون لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە لە ئێرانییەکان بکەن.
یەکێک لە کەس و کارى منداڵێکی 17 ساڵ کە نەیانویستوە ناوى ئاشکرا بکەن بە ڕێکخراوەکەیان گوتوە کە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر کوڕەکەیان و جێگەى شین بونەوەو خوێنتێزان لەجەستەیدا دیاربووە و لە هەندێک شوێنیدا خوێنبەربوون ڕویداوە.
کچە قوتابییەکى قۆناغى ناوەندیش ڕایگەیاندووە کە لە کاتى دەستگیرکردنەکەیدا بەسەر سێپاى غازدا ڕایانکێشاوەو بوەتە هۆی ئەوەى جل و بەرگەکەى گڕبگرن و لەکاتى لێکۆڵینەوەشدا بە دار و سۆندە لێیان داوە، منداڵێکی تریش گوتویەتى دەرزییان کردوە بەژێر نینۆکیدا ، کوڕێکی 16 ساڵیش چەندجارێک ویستویەتى خۆی بکوژێت لەبەر ئەوەى توشی شۆکی دەرونى بوەو ڕەفتارى هێزە ئەمنیەکان کاریگەریی خراپی لەسەر دروستکردووە، 13 ساڵێکیش لەکاتى لێدان دا پەراسووی شکاوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەى بەوە کردوە کە هێزە ئەمنیەکان خێزانەکانیان ناچار بە بێدەنگی کردوە و ڕێگرییان لێدەکەن لەبارەى چۆنیەتى ڕەفتارى هێزە ئەمنییەکانەوە هیچ لێدوانێک بدەن.
بەپێى یاسای وڵاتى ئێران لێکۆڵینەوەکردن لە منداڵان تەنها لە ڕێگەى کەسان و دادگاى تایبەتەوە دەکرێت و کەسى تر بۆی نییە دەستێوەردان بکات، بەڵام 16 منداڵ لەلایەن دادگاى باڵای شۆڕشەوە دادگایی کراون و ئەو کەسەش بەکارەکە هەستاوە پیاوێکی ئاینى بووە نەک یاسایی، ڕێگەش نەدراوە بە هیچ یەکێک لە تۆمەتبارەکان پارێزەر بگرێت و لەبری ئەوان ڕوبەڕوى تۆمەتەکان ببێـتەوە، هەربۆیە هەموویان سزا دراون لەنێوان 3 بۆ 10 ساڵ زیندانی، بەو پێیەى ئەو کەسانە دژایەتى خودایان کردوەو فەسادیان بڵاوکردوەتەوە، کە ئەم جۆرە یاسایە نەک هەر زیندان بەڵکو برینەوەى دەست و قاچی تێدەکەوێت بە شێوەى ڕاست و چەپ، واتە دەستى ڕاست و قاچی چەپ، یان بە پێچەوانەوە، کە ئەو کارەیان لەگەڵ نەکردون گوایە دادوەرەکە بەزەیی نواندووە بەرامبەریان.
ڕێکخراوى هیومان ڕایتس ۆچ، پێشتر لەڕاپۆرتێکیدا ئاماژەى بەوە کردوە کە (نیکا شکارمی- تەمەن 16ساڵ) دواى 10رۆژ تەرمەکەیان بەفڕێدراوى دۆزیوەتەوە کە لە خۆپیشاندانەکانى تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە، هەروەها (سارینا ئیسماعیلی تەمەن 16 ساڵ) لە ناوچەى گوهەردەشت بە هۆی لێدانەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە گیانى لەدەستداوە، بەڵام میدیاى فەرمی حکومەت وا بڵاوی کردوەتەوە کە هەردوکیان لە باڵەخانەوە خۆیان فڕێداوەتە خوارەوە.
بیڵ فان ئیسفێڵد، بەڕێوەبەرى هاوبەش لە بەشی منداڵانى ڕێکخراوى چاودێریی مافەکانى مرۆڤ ڕایگەیاندووە، ئەو منداڵانەى کە ڕوبەڕوی دەستدرێژى ترسناک دەبنەوە لەکاتى دەیتگیرکردنیان و بۆ ماوەیەکی دورودرێژ کاریگەرییەکەى لەسەریان دەمێنێتەوە، هەر بۆیە ئەویش لە لای خۆیەوە داواى لە نەتەوە یەکگرتوەکان کردووە کە لیژنەیەک بۆ ئاشکراکردنى ڕاستییەکان دروست بکات، تا دڵنیا ببێتەوە لەوەى چ جۆرە نایاساییەک لە هەمبەر منداڵانی ئێران ئەنجام دەدرێت.