شهوى ڕابردوو پارێزهرێك لهماڵهكهى خۆى ڕفێندراو پاش ئەشکەنجەدانو تاشینی سهرىو شكاندنى لوتى، دهبرێتهوه نزیک ماڵەکەی خۆییو ئازاد دهكرێت، پارێزهرهكهش دهڵێت، “لهماڵهوه بهفێڵ برامه دهرهوهو ماوهى چوار كاتژمێریش لێیاندام”.
شەوی ڕابردوو لەهەولێر پارێزەرێک لەلایەن چەند کەسێکەوە ڕفێندراو پاش ئەشکەنجەدانو تاشینی سهرى، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ براوهتهوه نزیک ماڵەکەی خۆی.
بەگوێرەی وتەی پارێزەرەکە، کەیسی ژنو مێردێکی لەدادگا وەرگرتوەو کاری یاسایی لەسەرکردوە، بەڵام شەوی ڕابردوو لەلایەن کەسوکاری هاوسەری ژنەکەوە بە”فێڵ” لەماڵ براوهته دەرەوەو بردویانەتە ماڵێکی دیکەو لەوێ لێیانداوهو سهریان تاشیوهو هەڕەشەی کوشتنیشیان کردوەو لوتیشیان شكاندوه.
پارێزەر محەممەد یابە سۆفی پارێزەرى ڕاوێژکاره لەشارى هەولێرو تهمهنى 52 ساڵه ئاماژه بهوهشدهكات، لەلایەن چوار کەسى چەکدارەوە ڕفێندراوهو بۆماوەى چوار کاتژمێریش ئەشکەنجە دراوه.
دهشڵێت، “لایەنى دوەمى کەیسەکە کە پیاوى ئهو ژنهیه كه كهیسهكهى لاى منهو دهیهوێت لێى جیاببێتهوه بەتەلەفۆن بانگهێشتى شوێنێکى دیاریکراوى كردم، کاتێک گهیشتمه ئهو شوێنه، لەلایەن چوار چەکدارەوە لێمدراو ڕفێندرامو تەواوى ئەشکەنجەو سەرتاشینەکانیشیان بەڤیدیۆ تۆماركرد لاى خۆیان”.
ئهوهشى نهشاردهوه، “پێشئەوەى بەرم بدەن، هەڕەشەى زۆر قورسیان لێکردمو پێیان وتم، ژنو منداڵەکانت دەڕفێنین، بۆیه ئەو هەڕەشانەى لێیانكردم زۆر لەکوشتن گەورەتربوو”.
جەختیشیکردەوە،”ئەوکەسانە ماوەى دوو ساڵە هەڕەشەم لێدەکەن، منیش ئێستا تهئكیددهكهمهوه، دەبێت یاسا سەروەربێتو تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئهم کەیسە بێنە دەنگ”.
یونس یابە برای پارێزەرەكه ئاشكرایكرد، “هێرشکردنە سەر براکەم بەهۆی کەیسی ژنو مێردێک بوە، ماڵی ژنەکە براکەمیان کردۆتە بریکاری خۆیان، لایەنەکەی تر کە ماڵی پیاوەکەن بەیاسا ڕازی نەبونەو براکەمیان ڕفاندوەو چوار کاتژمێریش لێیانداوەو هەموو گیانی بۆتە خوێن”.
ئەوەشیخستەڕوو، “ئێستا سەندیکای پارێزەرانو هێزەکانی ئاسایشی هەولێر لەسەر خەتن لەسەر ئەو بابەتە، چونکە ئەو کەیسە یاساییەو کەسی نییە، ئێمە کێشەی کەسیمان لەگەڵ کەس نییە”.
لاى خۆیشیهوه سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان هاتهدهنگو لهڕاگهیهنراوێكدا نوسیویهتى، “بەگوێرهى مادەى 22ى یاساى پارێزەرایەتى، هێرشکردنەسەر پارێزەر وەک هێرشکردنەسەر دادوەرهو وەک پێشێلکردنو دەستدرێژیکردنەسەر دامودەزگا یاساییەکانى هەرێمى کوردستان هەژماردەکرێت”.
جهختیشدهكاتهوه، “پێویستە دەزگا دادوەریو ئەمنییەکان، بەزوترینکات ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە دەستگیربکەنو ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر بگرنەبەر بۆ ئەوەى ڕێگە بگیرێت لەتاوانى هاوشێوە، ئێمەش وەک سەندیکاى پارێزەران، لەپاڵ پارێزەرى سکاڵاکار، سکاڵاى خۆمان لەدژى ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە تۆماردەکەینو گشت ڕێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر”.