بە بەشداری چەندان کەسایەتی و لەژێر ناوی “دیداری ڕۆژی جیهانی ژنان”، ئەمڕۆ لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان وهاوپەیمانی ژنانی کوردستان دیدارێکیان سازدا، تێیدا شەش ژنە چالاکوان قسەیان لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە ژنان کرد.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان و هاوپەیمانی ژنانی کورستان دیدارێکیان سازدا، دیدارەکە بە دوو پانێڵ بەڕێوەچوو.
پانێڵی یەکەم لەلایەن نەرمین عوسمان، نیشتیمان کەمال، پەیمان عێزەدین بەڕێوەچوو، تێیدا گفتوگۆ دەربارەی پانتایی گشتی حکومەت و حزبەکان و هەڵوێستیان لە بابەتی ژناندا کرا، لەپانێڵی دووەمیشدا ڕێزان شێخ دلێر، کنێر عەبدوڵا، بەسمە حەبیب قسەیان لەسەر بڕیاری١٣٢٥ی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشداری ژنان لەناوەندی بڕیار و بونیاتنانی ئاشتی لە کوردستاندا کرد.
لە دەستپێکی پانێڵی یەکەمدا، نەرمین عوسمان ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار لەبارەی دۆخی کۆمەڵگەدا دەڵێت: سەرلێشێواوییەک لەنێو کۆمەڵگە و حزبە سیاسییەکاندا هەیە، کەس هەیە باس لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکات خۆی دادپەروەری تێدا نییە، یان باسی ئاینێکی میانڕەو دەکات خۆی ئاینێکی توندڕەو بەرجەستە دەکات، ئەم سەرلێشێواویە کاریگەری لەسەر دەوڵەتیش دروستکردووە.
پەیمان عیزەدین پارێزەر و پەرلەمانتاری پێشوو، لەدرێژەی پانێڵەکەدا ڕایگەیاند، ٣٢ ساڵە لە هەرێمی کوردستان، چەند یاسایەک تایبەت بە ژنان دەرکراون کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، ئەم چەند یاسایەش ئەگەر بە پێداگیری ڕێکخراوەکانی ژنان نەبوویا دەرنەدەچوێنران، ئەگەر ساڵانی نەوەتەکان بەراورد بکەین بە ئێستا دەبینین لە لەو ساڵانەی ڕابردوودا گەرموگووڕی بۆ بەدیهێنانی یەکسانی کۆمەڵایەتی زۆر زیاتر بوو لەئێستا.
نیشتیمان کەمال لەبارەی هەمان تەوەر وتی: دوای ڕاپەڕین لە کوردستان گۆڕانکاریی لە پانتایی گشتیدا ڕوویدا فرە حزب و فرە ڕاگەیاندنی هاتە ئاراوە، ئەمانەش کاریگەریان دەبێت لەسەر دروستکردنی ڕای گشتی، لە ئێستا ڕۆڵی حزبەکان کەمبووەتەوە و سۆشیاڵ میدیا ڕای گشتی ئاراستە دەکات، ئەمەش وادەکات هەموو کەس بتوانێت ڕای خۆی دەرببڕێت.
کنێرعەبدوڵا نووسەر، لە پانێڵی دووەمدا بە توێژینەوە و داتا جەختی لە کەمیی ڕێژەی ژنان لەناو دەسەڵاتی بەڕێوبردن و بەشداری سیاسی لە هەرێمی کوردستان کردوە ڕێژەی ژنانی لەناو ناوەندەکاندا خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژەی بەشداری کردنی ژنان لە زۆرینەی وەفدە دانوستانکارەکانی حزبە سیاسیەکان، لەناوخۆی هەرێم و جیهاندا لەسەدا سفرە.
بەسمە حەبیب کۆمیسیار لە کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق، دەربارەی بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد ووتی: ئەم بڕیارە سێ خاڵی گرنگ لە خۆ دەگرێت کە بەشداری ژن، پاراستن و خۆپاراستن بووە، عێراق یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە پلانێکی نیشتیمانی دانا بۆ ئەم بڕیارە، ، زۆرینەی ئەو کەسانەی دەبنە قوربانی توند و تیژی ژنن لێرەدا سەرنج دەخەمە سەر خاڵی دووەم کە پاراستنە.
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە ئێستا ساڵی ٢٠٢٣یە بەڵام ژنان نەیانتوانیوە سود لە یاسا نێوخۆیی و پەیمانە نێودەوڵەتیەکان ببینن، ” ژن چۆن دەتوانێت کەسێکی کارا بێت ئەگەر پاڵپشتی یاسایی نەبێت، بۆ ئەمە دەبێت گۆڕانکاری لە هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریشدا بکرێت”.