وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ڕایگەیاند، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كاریگەری زۆری لەهەندێك ناوچەی هەرێمی دروستكردوە، حكومەت ئەگەر پلانی بەپەلەی نەبێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی، بەشێكی بەرچاوی زەوییە كشتوكاڵیەكان لەدەست دەدرێت.
رۆژی دووشەممە(٦\٣\٢٠٢٣) لەهۆڵی كتێبخانەی گشتی زانكۆی هەڵەبجە، ڕێكخراوی GIZ ئەڵمانی دیدارێكی تایبەتی لەسەر پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری و كشتوكاڵ لەسنوری هەورامان و هەڵەبجە ڕێكخست.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیریی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم لەمیانەیی پێشكەشكردنی وتەیەكدا ڕایگەیاند: گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراك بەتەواوی دروستكردوە، گرنگیدانی كۆمەڵگایی نێودەوڵەتیش بۆ ئاسایشی خۆراك یەكێكە لەو هەنگاوانەیی زۆربەی وڵاتانی دونیا بە بودجەی زۆر گەورە كاری لەسەر دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەك هەرێمی كوردستان یەكێكین لەو وڵاتانەیی كۆمەڵگایەكی كشتوكاڵین دەشڵێت: ئەو گۆڕانكاریانەیی بەسەر كەشوهەوادا هاتوە كاریگەرییەكانی بەتەواوی لەسەر هەرێمی كوردستان دەركەوتووە، بەشێوەیەك بەشێك لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان دوچاری وشكەساڵیەكی بەهێزبونەتەوە، کشتوکاڵ وەك پێویست ناتوانرێت بەرهەم بهێنرێت، ئەگەر بێت وەک حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوەكانمان چڕنەكەینەوە بۆ كۆمەكی ئەو ناوچانە، دورنیە زەوییە كشتوكاڵیەكانمان لەدەست بدەین.
وەزیری كشتوكاڵ باسی لەوەشكرد، ناوچەكانی كوردستان هەمووی ناوچەی گرنگ و ستراتیجین بۆ كشتوکاڵ كردن، هەڵەبجەش یەكێكە لەناوچە هەرە بە پیتە كشتوكاڵیە گرنگەكان، دەتوانین هەنگاوی دیكەی بۆ بنێین ئەویش بەتێكەڵكردنی سێكتەریی كشتوكاڵی و گەشتیاری بەیەكەوە بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات.