دوای دوو ڕۆژ لە بوومەلەرزە بەهێزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، هێشتا ئاماری تەواوەتی قوربانییان نەزانراوە، پسپۆڕێکی بوومەلەرزەناسی ئاشکرای دەکات، تا ئێستا ١٨٤هەزار کەس لە ژێر باڵەخانەکاندا ماون کە زۆربەیان گیانیان لەدەستداوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، چەند بوومەلەرزەیەك، كە بەهێزترینیان ٧.٨ پلەی بە پێوەری ڕێختەر بوو، بەشێك لە ناوچەكانی باكووری كوردستان، توركیا، ڕۆژئاوای كوردستان و سووریایان هەژاند و لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس لەو ناوچانەی بوومەلەرزەكە كاریگەری لەسەریان هەبووە، بێ ماڵوحاڵ بوون و هەزاران خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون خاپوور بوون و زیانێكی زۆری گیانیشی لێكەوتەوە.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان، ئەندازیاری جیۆلۆجی و پسپۆڕ لە بواری بوومەلەرزە ناسی، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی ماڕەشەوە تائێستا ١٨٤هەزار کەس لەژێر باڵەخانەکاندا ماون و دەرنەکراون، کە زۆربەیان گیانیان لەدەستداوە.
ئاشکرای دەکات، بەگوێرەی بەراوردکاری لەنێوان ئاماری دانیشتوانی شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، لەگەڵ قەبارەی وێرانکارییەکانی بوومەلەرزەکە و ژمارەی قوربانییان، گریمانە دەکرێت تا ئێستا زیاتر لە ١٨٤هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون.
بە پێی دوایین ئامارەكان لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە، تا ئێستا لانیكەم گیانلەدەستدانی هەشت هەزار و ٥٧٤ کەس ڕاگەیەندراوە و زیاتر لە ٤٩ هەزار كەس بریندار بوون و شەشە هەزار باڵەخانە ڕووخاون.