رۆژی چوارشەممە(١٨\١\٢٠٢٣)هەریەکە لە بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان ، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، یەكێتی کۆمۆنیستەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایانکرد، حکومەتى هەرێمى کوردستان هەوڵبدات گوزەرانى هاوڵاتیان باشتر بکات.
لە هۆڵى ئازادى لە شاری سلێمانی لە هۆلی ئازادی، هەریەکە لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، یەكێتی کۆمۆنیستەکان، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان ڕاگەیەندراوێکى هاوبەشیان لەبارەى خراپى گوزەرانى هاوڵاتیانى هەرێم بڵاوکردەوە.
لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا نەژاد عەلی قادر بەرپرسی ناوەندی سلێمانی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، بەیاننامەی ئەو پێنج لایەنەى خوێندەوە و ئاماژەى بەوەکرد، جەماوەری کوردستان، هەرێمی کورستان بەرەو ئاراستەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە تەنگەژەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەچێت، بە تایبەت ژیانی خەڵکی کەم دەرامەت و هەژار، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چارەنوسیان دەکەوێتە بەر ڕەحمەتی بازاڕی بێویژدانی دەسەڵاتدارانەوە، بە تایبەت لەم وەرزی زستان و سەرمایەیدا نەوت دابەش نەکراوە بە سەر خەڵکی هەرێمی کورستاندا.
وتیشى، دواکەوتنی موچە بەردەوامە، هەروەها کارەبای نیشتیمانیش کەم بووەتەوە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی خۆ گەرمکردنەوەی هاوڵاتیانە، ئەم باردۆخە زۆر کێشە و گرفتی خێزانی لێکەوتوەتەوە.
دەشڵێن، کارکردنی منداڵان زیادیکردووە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەم باردۆخە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت، بە نرخی بازاڕی جیهانى دەیفرۆشێت، بەڵام ئامادە نیە نەوت بەسەر هاوڵاتیانى خۆى دابەش بکات.
لە کۆتایی بەیاننامەکدا ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە هۆشداری دەدەینە هەموو لایەک، هەرێم داهات و نەوت و کارەبای پێویستى هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم نایانەوێت خزمەتی خەڵکی پێبکەن و داواکارین بە زووترین کات کارەبا باش بکرێت و نەوت دابەش بکرێت و حکومەتیش بە بەپرسیار دەزانین لە بەرامبەر ئەو ناداد پەروەریەی بەرامبەر ببە خەڵک بەڕێوە دەچێت.