خەباتی مەدەنی و یەکدەنگی هێشتا کاریگەری ماوە. ئەوەی ئەم چەند ڕۆژە پێنجوێنیەکان لەسەرشەقام بوون، سەلمانیان کە خەباتی مەدەنی و پاراستنی ئۆفیسەکانی حکومەت و دوورکەوتنەوە لە شکاندنی کەرەستەکان، سیمایەکی جوانی خۆپیشاندەرانی پیشانداین. دروست ئەوەی ئەم چەند ڕۆژە دەستی سپی خۆپیشاندەر، سپی وەک بەفری باریوی پێنجوێن، ئەنجامیاندا دنیایەک جوانی لەخۆگرتبوو کە دەکرێ لەم دەستە سپییانەوە وانەی خۆڕاگری و بەردەەوامی خەباتی ناتوندوتیژی فێربین.
سوپاس پێنجوێن کە ئەم چەند ڕۆژە چەلەحانێی پاڵەوانانی سۆسیال میدیاتان بیربردینەوە و چاومان هەر لەسەر شەقامەکانتان بوو. هەڵمی هەناسەی ئێوە دڵی گەرمکردینەوە. دەستی تەزیوی ئێوە ڕۆحی گەرمکردینەوە.
سوپاس پێنجوێن، بۆ ئەو خۆڕاگری و نەفەسدرێژییەتان، فێرتانکردنین کە خۆپیشاندانی چەند سەعاتی سودی نیە و خۆپیشاندان نە کات و شوێنی دەوێ، نە خۆدەرخستن و سنگ دەرپەڕاندن، بەڵکو تەنها گیانێکی پڕ لە بەرگری و دڵێکی ئازا و نەفەسێکی درێژی دەوێ و هیچی تر. سیمای کۆبوونەوەی خۆپیشاندەران لەبەردەم ئاگردا کە دەستیان گەرم دەکردەوە و بەو شەوە سەرمایە بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان، وای لێکردین کە هەزاران جار شانازی بە کوردبوونمانەوە بکەین.
پێنجوێن ئەم چەند ڕۆژە وایکرد کە کوردبوونمان خۆشبوێت و دڵخۆشبین بەوەی کە هێشتا مرۆڤگەلێک لەناو ئەو چیا ساردانە ماون کە شانازییان پێوە بکەین.
سوپاس پێنجوێن، کە کەس پێشەنگتان نەبوو خۆتان نەبێت، کەس ڕابەرتان نەبوو خۆتان و دەست و بازو و هەناسەی گەرمی خۆتان نەبێت.
سوپاس پێنجوێن، هەزارانجار جێگەی شانازین.