ئەگەر ژن دیلی ناو قەفەزی جەستەیەتی با بۆ جارێکیش بێ، وەرە کەمێک لە حاڵی ژنبوونت پێبڵێم ئەگەر دەتوانیت بۆ ساتێکیش گوێ بگرەو تکایە ڕامەکە:
وەرە دۆخیی ژنبوونت بۆ بگێڕمەوە.
ژنبوون لە ھیچ شتێکی دیکەی ژیان ناچێت، ژنبوون ناناسن، نە نەخۆشییە نە بێ ماڵی و بێ پارەیی، تەنانەت بێ کاریش نییە چونکە ئەوانە خەمی ھەموو مرۆڤەکانن.
ژنبوون ئازارە.. ئازارێکی بێکۆتایی کە ژیان لەگەڵیدا سەختە.
بوونە لەناو نەبووندا، بوونە لەناو لێڵبوونێکی ھەمیشەییدا.
رەنگێکی ونبووی ناو رەنگەکانە، دەنگێکی کپکراوی ناو قیژەکانە.
ئەمەت هەرگیز بینییوە؟ دڵنیام نەخێر.
ھەر ھەوڵێک بۆ هەبوون دەیگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونێکی دەورەدراو بە خوێن و تەلبەندی مەرگ و سێدارە.
ئێمە لە شەڕداین؟
تاڵەکانی پرچی، پێستی ڕووشاوی، مووەکانی، بە پێی بڵاوبوونەوەی جوگرافیای جەستە، نینۆکەکانی، درێژی و کورتی قاچ و باڵەکانی، ڕەنگی چاوی، قەبارەی لووت و مەمکەکانی، گەورەی سمت و تەسکی زێی، نزمی و بەرزی دەنگی… هەموو ھاواری پارچە پارچەکراوی نەبوونی دەکەن.
بۆ نایەی حاڵی ژنبوونت پێ بڵێم ؟
ئەزانی ئەم نەبوونە لە دروستبوونی یەکەم ترپەی دڵی ناو ڕەحمی دایکی نەبووەوە دەست پێدەکات تا کۆتا ترپەی دڵی ھەر ژنێکی خاوەندار وهەمیشە ھەڕەشەلێکراو بە چەقۆی کولتوور و پەتی سێدارەی نەریت و خاچ و ڕەجمی ئایینەکان..
گەر بۆ جارێکیش بێ، وەرە حاڵی ژنبوونت پێ بڵێم..ئیتر پەنجەرەکان واڵابکەو لە هەناسەی ئینجانەکانەوە بەرەنگێکی ترو هەناسەیەکی کراوەتر و مرۆڤانە ژن وژیان ببینە….ئەی پیاو.