بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوسالاری لەسەرجەم کایەکانی وڵات و کۆمەڵگە، لەساڵی ٢٠٢٢دا ڕێژەی بێکاری لەنێو ژنانی عێراقیدا بۆ ٪٣٠ بەرزبووەتەوە و یاساکانیش نەک ئەوەی لەپێناو پاراستنی مافی ژندا نەنووسراون، بەڵکو مافەکانیشیان لێ زەوت دەکات.
وڵاتانی جیهان چوونە نێو ساڵی ٢٠٢٣، بەڵام تاکو ئێستا ژنانی عێراق مافەکانیان پێنەدراوە و ڕێگەنادرێت ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی حکومەتدا، ئەوەش لەئەنجامی زاڵبوونی عەقڵییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتخوازی پیاوانە، کە سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری، جێبەجێکردن و هەلی کار لە کەرتی گشتی و تایبەتدا لەلایەن پیاوانەوە کۆنترۆڵکراوە.
مەیسەم لامی چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان لە عێراق بە ڕۆژنیوزی وت: ژنانی عێراق ڕووبەرێکی فراوانیان لە زۆربەی بوارەکاندا نەگرتووەتە دەست، بەتایبەت لەبواری سیاسیدا، بۆیە ئامادەیی ژن لە پەرلەماندا زۆر کەمە، سەرباری ئەوەش بەرپرسیارێتی سەرەکیان لە وەزارەت و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پێنەدراوە”.
دەشڵێت: ژنانی عێراقی بەهێز و تواناوە خۆڕاگرن لەبەرامبەر ئەو کێشە و سەختیانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو کرانەوە و گۆڕانکارییە سیاسییەی لەدوای ٢٠٠٣ هاتە ئاراوە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ژنان نەیانتوانی ئازادییەکی زیاتر بەدەست بهێنن، بەشێوەیەک لەئێستادا ژنان ناتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن بەو لایەنانەی بۆ پاراستنی مافەکانی ئەوان دامەزراون، خوازیارین ئەو ستەم و پەراوێز خستنە لەسەر هەموو ژنانی عێراق هەڵبگرین.
“توندوتیژییەکان لە زیادبووندان”
ژنانی چالاکوانی عێراقی نیگەرانن لەوەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندان، لەمانگی تەموزدا وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرایکرد لە حەوت مانگی ساڵی ٢٠٢٢دا، لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق ٣٧٣٦ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.
لەو بارەیەوە نوها شوجەیری چالاکوان دەڵێت، “توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بوونی هەیە و بە شێوەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگەدا زیادی کردووە، ئاماری توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا خستەڕوو و ئاشکرای کرد، کە ١٥%ی ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی نێو خێزان بوونەتەوە، ١٥% لە بنکەکانی پۆلیس، ١٢% لە شوێنی کار، ٣٤% لە شەقامەکاندا گێچەڵیان پێکراوە، ١٦% ی توندوتیژییەکانیش گێچەڵ و هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی بوون و ١٠% دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر”.
هەروەها سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە بەڕێژەیی ٪٨٦ی ژنانی عێراقی لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و ٪١٤ش کلتور و کۆمەڵگە هاندەرە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی.
ژن و یاسا عێراقییەکان
عایدە قرە پارێزەری تایبەتمەند لە بواری کاروباری ژنان ڕوونیدەکاتەوە کە سێ مادە لە یاسای سزادانی عێراقی ڕێگە و شەرعییەت بە ئەنجامدانی توندوتیژی دەدات بەرامبەر ژنان، کە ئەوانیش مادەکانی ٤١، ٣٩٨ و ٤٠٩ن.
مادەی ٤١ لە یاسای سزادانی عێراقی: ئهو یاسایه باسی بەکارهێنانی ماف دەکات و یەکێک لە مافەکانیش مافی تەمبێکردنی (لێدان) ژنە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە و دەڵێت: (پیاو مافی تەمبێکردن و لێدانی ژنی هەیە).
مادەی ٤٠٩ کە تایبەتە بە تاوانی (پاکردنەوەی شەرەف)، ڕێگە بە پیاوانی ئەندامی خێزان دەدات ژنێک بکوژن لەژێر پاساوی پاکردنەوەی شەرەف کە لەسەر بنەمای داب و نەریت دانراوە، ئەوەش سزاکەی لە سێ ساڵەوە سوک دەکرێت بۆ سزای هەڵپەسێردراو (جێبەجێ ناکرێت) ئەگەر کەسەکە پێشینەی تاوانی نەبێت.
ئەو پارێزەرە وتی ئەم مادانە لە یاسای سزادانی عێراقی ژنان زەلیل دەکەن، تەنانەت وایان لێدەکەن هاوڵاتی پلە دوویش نەبن، بەبێ ڕەوشتی و دوور لە مرۆڤایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، تایبەتمەندی ژنان پەیوەست دەکات بە شەرەفی خێزان و شەرەفی کۆمەڵگە و تەنانەت بە شەرەفی دەوڵەتەوە”.
هەلی کار
لەبارەی ڕێژەی بێکاری لەنێو ژنانی عێراق، عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێژەی بێکاری لە نێو ژنانی عێراقیدا گەیشتووەتە ٪٣٠، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی کە ڕێگریی لە ژنان دەکات وەک پیاوان هەلی کاری یەکسان بەدەستبهێنن.