کانتۆنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان رۆژی پێنجشەممە(١٧-٣-٢٠١٦) لە دواى بەستنى کۆنگرەیەک دروستکردنى هەرێمێکى فیدراڵیان لە سەرجەم ناوچەکانى ڕۆژئاواىکوردستان ڕاگەیاند.
خۆبەڕێوەبەرى کانتۆنەکانى ڕۆژئاوا رۆژی ١٧ى ئازارى ٢٠١٦ لە دواى بەستنى کۆنگرە و دەنگدان لە سەر پرۆسەکە، دروستکردنى هەرێمێکى فیدراڵیان ڕاگەیاند لە هەر سێ کانتۆنەکانى جەزیرە و کوبانێ و عەفرین بە ناوى ” هەرێمى باکوورى سوریا”.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشترئاڵدار خەلیل ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتى (تەڤدەم) ڕایگەیاندبوو لە ماوەى داهاتوودا هەرێمێکى فیدراڵ دروستدەکەین و “لە ناو هەرێمى ڕۆژئاوا – باکوورى سوریا” هەموو پێکهاتە نیشتەجێبووەکانى ڕۆژئاواى کوردستان بەشدار دەبن.
ئاماژەى بەوەشکردبوو “ناوى هەرێمى فیدڕاڵى کورد لە ڕۆژئاواى کوردستان هەرێمى ڕۆژئاوا – باکوورى سوریا دەبێت”.
لە چوارچێوەى پرۆژە سیاسییەکان بۆ چارەسەرى جەنگ و کێشەکانى سوریا و دەستەبەرکردنى مافى نەتەوە و پێکهاتەکانى سوریا سیستمى فیدڕاڵى یەکێک لە بژاردە گرنگەکانى باسکردنى لایەنەکان بوو.
ڕۆژنامەى لۆمۆندى فەڕەنسى لە ٢٠ى شوباتى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، سەربارى هەڕەشەکانى تورکیا کوردستانى سوریا بەرەو ئۆتۆنۆمى دەڕوات. کورد لە سوریا پشتیوانیى ئەمریکا و ڕووسیاى هەیە. ڕاگەیاندنى فەرمیى ئۆتۆنۆمیش هەر ئەنجام دەدرێت، بەڵام دێر و زوو کەوتووە و تورکیاش لەمپەرى گەورەی لە بەردەمدایە بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى سەربازى لە باکوورى سوریا (ڕۆژئاواى کوردستان).
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى ٢٢ى شوباتى ٢٠١٦ ڕایگەیاند “سوریا دەگۆڕێت بۆ سیستمێکى فیدڕاڵى کە لە سێ هەرێمى فیدڕاڵ پێکدێت. بەپێى گفتوگۆکانیش سوریاى فێدڕال لە سێ هەرێمى باکوور (ڕۆژئاواى کوردستان)، باشوور و ناوەڕاست پێکدێت. ئەو هەرێمانە بەپێى پێکهاتەى نەتەوەیى و ناسنامە و تایبەتمەندییەکانیان دەبنە خاوەنى خۆبەڕێوەبەریى خۆیان. هەر هەرێمى فیدڕاڵیش پەرلەمانێکى تایبەت بەخۆى دەبێت”.
تەڤدەم
کورد لە ڕۆژائاواى کوردستان لە ساڵى ٢٠١١ بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتى (تەڤدەم) لە ڕۆژئاواى کوردستان دامەزراند. تەڤدەم لە ژمارەیەک حزب و لایەنى سیاسى و ڕێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى پێکهاتووە، کە هەر یەک لە پێکهاتەکانى کورد، عەرەب، سوریانى، ئاشوورى و مەسیحى و تورکمانى تێدایە.
تەڤدەم چەترى هەر سێ کانتۆنەکەى ڕۆژئاواى کوردستانە.
یەپەگە و یەپەژ
بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژائاواى کوردستان لە ساڵى ٢٠١١ یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) و لە ساڵى ٢٠١٢ش یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە)ى دامەزرێنرا. یەپەگە و یەپەژە باڵى سەربازیى پارتى یەکێتیى دیموکراتى (پەیەدە)ن.
کانتۆنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان
خەڵکى ڕۆژئاواى کوردستان بۆ بەڕێوەبردنى ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان، لە ٢٢ى کانوونى دووەمى ساڵى ٢٠١٤دا کانتۆنى جزیرەیان لە قامیشلۆ دامەزراند. دامەزراندنى کانتۆنى جزیرە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد. لە ڕۆژى ٢٧ى کانوونى دووەمى ساڵى ٢٠١٤دا کانتۆنى کۆبانێ و لە ڕۆژى ٢٩ى کانوونى دووەمى ساڵى ٢٠١٤دا کانتۆنى عفرینیان دامەزراند.
هێزەکانى سوریاى دیموکراتى (هەسەدە)
لە چوارچێوەى پێشهاتەکانى ڕۆژائاواى کوردستاندا هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەد) لە ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥ بە بەشداریى ١٣ هێزى جۆراجۆر لە کانتۆنى جزیرەى ڕۆژئاواى کوردستان دامەزرا.
هەسەدە لەلایەن دەستەیەکى بەڕێوەبەریى نۆ کەسى و ئەنجوومەنێکى ٣٥ کەسى لە هێزە بەشداربووەکان بەڕێوە دەبرێت.
گرنگترینى ئەو هێزانە هەدەسە پێکدەهێنن بریتین لە هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک و پێکهاتوون لە هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە (٥٠ هەزار کەس)، بەرەى کوردان (سێ هەزار کەس)، خۆرى باکوور (سێ هەزار کەس)، سوپاى لیواى شۆڕشگێڕانى ڕەقە (دوو هەزار کەس)، ئەنجوومەنى سەربازیى سوریانییەکان (هەزار کەس)، کەتیبەى سەنادید (دوو هەزار کەس) و لیواى ٣٠ى سوپاى ئازاد و بورکانى فورات.
ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى
لەبەردەوامیى بەرەوپێشبردنى پرۆسەى سیاسى لە ڕۆژئاواى کوردستاندا کۆنگرەى سوریاى دیموکراتى لە ڕۆژى ٨ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٥ لە شارى دێرکى ڕۆژئاواى کوردستان و لە کانتۆنى جزیرە دەستى بەکارەکانى کرد.
لە کۆنگرەکەدا ١٠٣ کەس بە نوێنەرایەتیى ٣٢ حزب و لایەنى سیاسى لە پێکهاتەکانى کورد، عەرەب، تورکمان، ئاسورى و دورزى بەشدارییان کردبوو.
لە ڕۆژى ٩ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٥ لە دواى کۆتایى هاتنى کۆنگرەى سوریا دیموکراتى، ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى ڕاگەیەندرا.
٤٣ کەس دەستەى سیاسیى ئەەنجوومەنەکەن و دەستەى بەڕێوەبەرى ئەنجوومەنەکەش لە نۆ کەس پێکهاتووە.
ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى بەشێوەى هاوسەرۆکایەتى بەڕێوە دەبرێت و هەر یەک لە هەیسەم مەناع و ئیلهام ئەحمەد بۆ هاوسەرۆکیى ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردراون.
ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى نوێنەرایەتیى سیاسیى، هێزەکانى سوریاى دیموکراتییە (هەدەسە) دەکات.