شاناز جەمیل:
ڕۆژی جیهانی بەرانگاربوونەوەی توندو تیژی دژ بەژنان، لەژێر دروشمی(Orange the world) ئەو یادە دەکرێتەوە.
25نۆڤەمبەروقسەیەکی تر .25نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک دەست نیشان کراوە بۆ ڕۆژی بەرانگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان . چەند ساڵێکە لەهەرێمی کوردستانیش لە25ی نۆڤەمبەرو ڕۆژانی دوایش، ڕێکخراوەکانی تایبەت بەژنان چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن. بەشێک لەچالاکییەکانیش سازکردنی چەندین بەرنامەو پڕۆگرامی تایبەتە، کە هەریەکەکیان بەپێ ی تێگەیشتنی خۆی باسی ژن و جۆرەکانی توندوتیژی دەکات و تێکرای بۆچونەکانیش ئیدانەکردنی توندو تیژییە. مەبەستم لەم نوسینەدا دیدی خۆم لەسەر ئەم پرسەو ئەو چەند ڕۆژە بخەمە ڕوو. ئەمەلەکاتێکدایە، کە پێم وایە هەموو ئەو نووسین و ووتارو دیدارو چاوپێکەوتنانەی لەمەرژنان دەکرێن و دەنووسرێت، بەم نووسینەی منیشەوە هیچیان قسەی جدی نین و هەموویان قسەی چەند بارەی ساڵانی ڕابردوون. چونکە بەهیچ شێوەیەک نەتوانراوە وەکو پێویست کاربکرێت بە ئاراستەی کۆمەڵگایەکی تەندروستەوە هەموو ئەوانەی لەسەر پرسی توندوتیژی ، تێکرایان لە دروشم و چوارچێوەیەکی کۆدو بەندکراو زیاتر نین. ئێمە یەکێک لە گرفتە گەورەکانمان ئەوەیە، لە بنەرەتەوە نەتوانراوە کارێک بکرێت تاوەکو منداڵێکی توندوتیژمان نەبێت، بە تاکێکی توندو تیژو شەرانگێژ. بەداخەوە کۆمەڵگایەکین لەپاڵ ئەو دەیان گرفتەی تردا کە هەمانە، گرفتی پەروەردەشمان یەکێکە لە ئاستەنگە هەرە گەورەکانی بەردەم هەنگاوەکانمان، چونکە هەموومان هەڵگرو گۆشکراوی پەروەردەیەکین کە کار بۆ پەروەردەیەکی تەندروست بەرهەمبێنێت . ڕاستە بەقسەو دروشم هەموومان باسی ژن و ئازادی و یەکسانی دەکەین، کەسانێکین قسەکانمان بۆ داکۆکی کردن لە ژن عەیار24و بێ گرفتە . بەڵام هەموو ئەوانە هەر تەنها قسەن و نەبون بە کردار ، تاوەکو قسەو دروشمەوە وەباوەڕو قەناعەتی ئێمە بەرانبەر بەژن نەبێت بە کردار، ئەوا نەمانتوانیوە بەدرێک بخەینە سەر دارێکی جیاوازتر.
ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە هەمیشە خەریکی ژەنینی ئەو فلوتەین کە چەندین ساڵە ، نەمان توانیوە ئاوازێکی جیاوازتری لێ دروست بکەین. بێگومان بۆ هۆشیاری کۆمەڵگاو بۆ کار کردن لەسەر پرسی توندو تیژی و دابەزاندنی ڕێژەکەی کە بۆنی نەمانی لێ بێت، واتە ئەوەندە کەم بکرێنەوە ئەو ڕەنگە تۆخەی ئێستای نەمێنێ، کە سەرەتا لە پەروەردە دەست پێ دەکات کە بە داخەوە هەڵگری ئەوجۆرەپەروەردەنین . ڕزگار بوانی توندوتیژی پێویستیان بە ژینگەیەکی پارێزراو و ئارام هەیە بۆ ئەوەی هەست بەسەلامەتی بکەن و بەهێزبن بۆ سەرکەوتن بەسەر ناخۆشیەکانیاندا . نەبوونی توندوتیژی یارمەتی ژنان و کچان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجە پەروەردەیی و پیشەییەکانیان و بەدەست هێنانی سەربەخۆیی ئابووری ، بنیادنانی پیشەییەکانیان و بەژداری کردنیان لە گەشەسەندنی کۆمەڵگاو ووڵاتیان . خانمان شایانی ئەوەن ژیانێکی شایستەو ئازادی و دوور لە توندوتیژی و نادادپەروەری و کوشتن و خۆ کوشتن بژین .