کانتۆنی جەزیرە ئیسلامە سیاسییەکانی تەنگەتاو کردوە
د. سالار باسیرە
مەبەست لەم نوسینە کەمتر مەلا کامەرانە بەلکو بە شێوەیەکی سەرەکی بریتیە لە ھەلویستی ئیسلامە سیاسیەکان ، مەلای ناوبراو تەنیا ئاوێنەی ئەو ھزرەیە. پشتگیری کردنی ڕۆژئاوای کوردستان ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ھەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدانەو فرۆشتنی ھەلوێستێکی لەم جۆرە پێیان کارێکی ناڕەوایە. ئێوە پێش ئەوەی موسولمان بن دەبێت کورد بن. تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو کانتۆنەی ڕۆژئاوا مافی یەکسانی نێوان ژن و پیاوی کردۆتە یاسا ئیتر ئێوە دەتانەوێ بریاردەرەکانی بە ستالین بەراورد بکەن و چەپەکان و دیموکراتەکان و عەلمانیەکانیش دێنیتە ریزی داعش ھەروەک ئەوەی ئیسلامی سیاسی خۆی زۆر دیموکراتخواز بوبێت و بیروباوەڕەکانی ئەوانی تری خوێندبێتەوەو مافی مرۆڤی پاراستبێت.
ئەوە ئەمیری حیزبەکەی بەرێزتان بوو لە کەنالی (ئێن ئار تی) یەوە دەیوت تەنیا ئەوانە شەھیدن کە لە پێناوی خودا دەکوژرێن، ئەوە چ سوکایەتیەکە بە شەھیدەکانمان دەکرێت کە لە پێناوی گەل و نیشتیماندا گیانی خۆیان بەخت کردوە. بۆچی ئێوە نەھاتنە دەنگ کاتێک مەلا فاتیح ناوێک لە کەنالێکی تیڤیەوە دەیوت “ئینسان کە لە خوا غافل بوو لە دڕندەو ئاژەل کەمترە” یان ئەوەیە ئێوەش ڕەزامەندن بەو سوکایەتی پێکردنە. ئێوە ئاماژەتان بە تورکیا داوەو ستایشی دەولەتێکی تورکی فاشیتان کردوە کەواتە ئێوە دەتانەوێ ئەو مۆدێلە قێزەونەی دەولەتی تورک و ھاوشێوەکانی بۆ ولاتەکەمان بگوێزنەوە. ئایا ئەگەر ئێوە بەم جیھان بینیەتانەوە دەسەلات بگرنە دەست چی بەوانە دەکەن کە وەک ئێوە بیرناکەنەوە؟ بەرێزتان خۆشتان بە دوور گرتوە لەوەی ١٤٠٠ سالە ئیسلام ھەیە بەلام ھیچ کام لە دەولەتە ئیسلامیەکان نەیتوانیوە دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ بە مافی ژنیشەوە بینێتە دی ، ئیسلام لە مێژوی خۆیدا ھیچ شتێکی نوێ و بەسودی نەھێنا بۆ مرۆڤایەتی. کەواتە دیارە ئەم ئاینە نەک ھەر خەلەلی تێدا ھەیە بەلکو مۆدێلێکی ناسەرکەوتوشە. پێویستە ئەوەش بزانرێت ئاینی ئیسلام ھەروەک لە سورەتێکی قورئاندا ئاماژەی پێدراوە بە عەرەبی نوسراوەو بۆ عەرەب نێردراوە ئیتر ئێمەی کورد چ پەیوەندیەکمان پێوەی ھەیە. ئەگەر سودێکی بە عەرەب گەیاندبێت بەلام بە زیان گەڕاوەتەوە بۆ ئێمەی کورد. ئەو ولاتەی ئێمە وەک زۆرێکی تر بە حوکمی فتوحاتەکانی عەرەبی ئیسلامی و بە حوکمی شمشێر داگیر کراوەو بە زۆر کراوەتە ئیسلام. لە سورەتێکی قورئاندا ھاتوە کە جگە لە ئیسلام ددان بە ھیچ ئاینێکی تردا نانێت و لەم ڕوانگەیەوە ئەوانی دی دەچنە نێو دار الکفرەوە تەواو ئەوەی داعشیش دەیکات.
(باری کەسێتی و مافەکانی ژنان لە شەریعەو قورئاندا).
سەبارەت بە یاسا کردنی باری کەسیتی و یەکسانی ژنان لە کاتۆنی جەزیرە لە ھەلوێستەکەتدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بەو گۆڕانکاریانە تەنگەتاو بوون چونکە بەپێی جیھانبینی ئێوە لادانە لە شەریعەی ئیسلامی.. بالێرەدا بە کورتی ئاماژەیەک بە باری کەسێتی و “مافەکانی” ژن بدەم لە شەریعەو قورئاندا کە ئێوە شانازی بە پراکتیزە کردنیەوە دەکەن: لە سورەتی النساو ٣٤ ھاتوە: … “پیاوان سەرپەرشتیارن بەسەر ھاوسەرەکانیانەوە ، ئافرەتانی ژیرو دیندارو گونجاو ھەمیشە گویڕایەلی مێردەکانیان دەبن … ئەو ئافرەتانەش سەرکەشی و سەرپێچی بکەن … لە ناو جێگادا پشتیان تێبکەن ئەگەر سوودی نەبوو (لێیان بدەن) … تاد.” بەلێ پێغەمبەری موسولمانان بەم یاساو شەریعەتە موسولمانانی فێری لێدانی ژن کرد.
سورەی النساو ١٥: ئەو ئافرەتانەی کە زینا دەکەن ئەوە چوار شایەتیان لە خۆتان لەسەر بگرن جا ئەگەر شایەتییاندا ، ئێوە لە مال بەندیان بکەن تا مردن یەخەیان پێدەگرێت …” بەلام بۆ پیاو باسی بەندکردن و زیندانیی تێدا نیە ئەگەر ھەر خیانەتێکی ھاوسەرگیریی بکات.
ئایا ڕاستگۆیی و بێلایەنی ئەو شاھێدانە دەبێت لە کوێدا بێت؟ ئەم دیاردانە پێویستیی بە یاسای مەدەنی و شارستانی و لێکۆلینەوەی یاسایی ھەیە (یاسای تەندروست) نەوەک بەو شێوە بازارییەی لەو سورەتانەی قورئاندا ھاتوون. تەنانەت ژن بە نیوەی پیاو حیساب دەکرێت لە ئیسلامدا بۆ گەواھی و شایەتیدانیش. ئەوە چ سوکایەتی و ناھەقیەکە بە ژن کراوە لەم ئاینەدا.
لە سورەتێکی تری النساو ٢٤ ھاتوە: “پیاوان بەھۆی مال و داراییانەوە بۆیان ھەیە ھەتا چوار ژن بھێنن و گوناھیش نیە لە کەمکردنەوەی ئەو مارەییەی لەسەری رێکەوتبوون …”. لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە پیاوان بە حوکمی پارە دەتوانن بە ناوی شەرع و ئاینی ئیسلامەوە لەگەل چوار ئافرەتدا کاری سێکسی بکەن و بە ئارەزوی خۆیان بەسەریانەوە بنیشنەوە ، کەچی لە سورەتی النساو ٤٠ نوسراوە “بەڕاستی خوا بەقەدەر تۆزقالێک ستەم لە ئادەمیزاد ناکات”. ٧٢ حۆریەکەی ئو دونیاش ھەر بۆ پیاوەو گوایە ژنانی خاوێنیشیان ئەدەنێ و لەوێش ھەر پیاو دەمڕاستی ئافرەت دەبێت… لێرەدا ماف تەنھا بۆ پیاوەو وەک دەبینین سەرجەم پێغەمبەرانیش ھەر پیاو بوون. زۆرێک لە ئافرەتان بەھۆی خراپی باری داراییانەوەو بۆ بژێوی ژیانیان یان خۆیان و مندالەکانیان بەناچاری خۆیان دەدەنە دەست ئەو جۆرە پیاوانە کە ببنە ژنی دوەم یان سێیەم و چوارەم … ئەم دیاردە قێزەونە لە ولاتە دیموکرات و پێشکەوتوەکان بە ھۆی دەولەتی سۆشیالەوە چارەسەر کراوە بۆ ئەوەی ھیچ مرۆڤێک ، ھیچ ئافرەتێک ناچاری برسیەتی و لەش فرۆشی نەبێت ، دیاردەی دەولەتی سۆشیال کە لە دەولەتە ئیسلامیەکاندا نیە. چ ئافرەتێک بەختەوەرە بەوەی دوچاری ئەو جۆرە چارەنوسە بێتەوەو بە ئارەزووی خۆی ڕەزامەند بێت ئەگەر کردنی لە ئەنجامی ناعەدالەتی کۆمەلایەتیەوە نەبوبێت. ئایا بۆچوونی پیاوان چۆن دەبێت ئەگەر ئافرەتێک ھاوسەرگیری لەگەل چەند پیاوێکدا بکات؟ لە ئایەتی ٥١ ی سورەتی ئەحزاب ھاتوە “… پێویست ناکات بۆ چوونە لای ژنەکانت نۆبە بگریت. ھەر کامیانت ویست بچۆ لای و ھەر کامیانت نەویست گوێی مەدەرێ. ڕەخنەت لەسەر نیەو ئازادیت و دەسەلاتی تەواوت ھەیە لە جێھێشتنیانداو بۆ ئەوانیش ھەر بەم شێوەیە باشە. خودا ئاگای لە ئارەزوە ڕەواو ڕاستەقینەکانت ھەیە”.
ھەروەھا لە سورەتی النساو ١١ لە میراتدا بەشی نێرینەکان ئەندازەی بەشی دوو مێینەیە. ھەر ئەوەش لە یەکێک لە سورەتەکانی شەریعەکەی مەلا کامەراندا ھاتوە “ئەگەر پیاوێک حەز بەوە بکات لەگەل ژنەکەی بچێتە جێگاوەو ئەگەر ژنەکە ڕەتی بکاتەوە ئەوا فریشتەکان لەعنەتی دەکەن …”. ئافرەت لەم یاسا ئیسلامیەدا نەک تەنیا مرۆڤی پلە دووە ، ھیچی تریش نیە جگە لە ئۆبجەکتێک بە تایبەت بۆ پیاو. ھەموو ئەمانە جگە لە بێرێزی و سوکایەتی بە ژن لە ئیسلامداو شکاندنی کەرامەت و باری کەسێتییان ھیچیتر نیە.
ئەگەر ھەموو ئەوانە ئەو “مافانەیە” مەلا کامەرانی ئیسلامی و ھاوشێوەکانی بۆ کۆمەلگا داوای دەکەن ھەرگیز ناکرێ مەمنونی ئیسلام بین وەک خۆی داوای کردوە. لە مەزھەبی شێعەدا وەک مەزھەبێکی سەرەکی نێو ئیسلام سیغە کردن ھەیە کە ھیچیتر نیە لە قەحبەخانەیەکی کراوە. ئیسلامە سیاسیەکان پێش ئەوەی ھێرش بکەنە سەر مافەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ھاوشێوەکانی باشتروایە بیرێک لە رێفۆرم کردنی قورئان بکەنەوە کە پیش ١٤٠٠ سال لە لایەن پێغەمبەرێک وەک کەسێکی بەدەوی وتراوەو بۆی نوسراوەتەوە چونکە نەخوێندەوار بووەو بۆ سەردەمی جاھیلیەت بووەو دونیایەک ناعەدالەتی تێدایە. ھەتا ئێستە لە نێو ئیسلامدا رێنسانسێک ڕووی نەداوە وەک ئەوەی لە نێو ئاینی مەسیحیدا ڕویداوە. کەچی مەلا دەلێت ئەوەی کانتۆنی جەزیرە جۆرێکە لە داعشێتی بەسەر زۆرینەی موسولماندا ، دەبێت بەرێزی ئەوە بزانێت ئەگەر ھەرێمی کوردستان بەنمونە بھێنمەوە کۆمەلگاکەمان بەلێ بە گشتی و زۆرینە موسولمانە بەلام ئەوانەی وەک مەلاو ھاوشێوەکانی بیردەکەنەوە زۆرایەتی نین ، لایەنە ئیسلامیەکان بەپێی ھەلبژاردنەکان تەنیا ١٩٪ی دەنگەکانیان ھێناوە لە ھەرێم کەواتە تەنیا نوێنەرایەتی ئەو رێژە کەمە دەکەن ، ئەوە دەبەخشێت کە زۆرینەی خەلکیی لە ھەرێم ئیسلامیەکانی وەک دەسەلاتێکی سیاسی لاپەسەند نیە ، ئیتر مەلا کامەران بە کام ماف بە نێوی سەرجەم کۆمەلگاوە قسەو بریار دەردەکات؟ ئێوە دەبێت خۆتان لەگەل جیھاندا بگونجێنن نەک جیھان لەگەل ئاینەکەتاندا بگونجێنن وەک ئەوەی داعش دەیکات کە ھەرگیز سەرکەوتو نابێت.
ھەڕەشەکانی مەلا کامەران.
مەلا دەفەرموێت: بەڵام لێرە بەدواوە چاوێک بەھەڵوێستەکانماندا دەگێڕینەوە لە پشتیوانی و یارمەتی دانی تۆ (سالح موسلیم) و پارتەکەت و شەڕەڤانەکانت، ئەگەر ئێوە پەشیمان نەبنەوە لەو ھەڵوێستەتان بەرامبەر بە ئیسلام … “بەتایبەتیش یاسای باری کەسێتی … ئەگەرنا ھەڵوێستمان زۆر لەوەش توندتر دەبێت … ھەروەکو ئەوە جەنابی مەلاو حیزبەکەی لە کۆمەلی ئیسلامی بوبێت بەخۆی و سەدان جەنگاوەری ژن و پیاوەوە لە کۆبانێ دژی داعش جەنگابن ، یان بە ھەزارانیان شەقامەکانی ولاتیان داگیر کردبێت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژ بە کۆمەلکوژی یەزیدیەکان و دژ بە چەتەکانی داعش کە ئێوە ئامادە نین وەک ھێزێکی تیرۆریست نێویان بەرن. دوور نیە مەلا و ھاورێکانی چیتر بە ھاوکاری ھەندێک لایەن دژی ڕۆژئاوای کوردستان بوەستنەوە. ئەم شێوازی بیرکردنەوەو ڕەفتارانە ھیچیتر نیە لە تۆتالیتاریزمێکی ئیسلامیی.
ئایا ئێوەی ئیسلامیەکان بۆچی بەو یاسایەی ئەو کاتۆنە تەنگەتاو دەبن؟ لە نێویاندا ھاتوە: ” قەدەغەکردنی بەشوودانی کچان بەرلە تەمەنی ١٨ ساڵی (بریارێک لە ڕووی بایۆلۆژیشەوە تەندروستە). یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە ھەموو بوارەکانی ژیان ، کاتێک یاسایەکی تایبەت بە ژنان لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانەوە دەردەچێت دەبێت بیروباوەڕی ژنان بە ھەند وەربگیرێت ، لە رووی یاساییەوە ژنان و پیاوان یەکسانن لە گەواھیدان و شەھادەدان ، قەدەغەکردنی فرەژنی ، کوشتن بە بیانووی شەرەف تاوانەو ئەو کەسەی ئەو کارەش بکات بەپێی یاسا بە بکوژ ھەژماردەکرێت و سزادەدرێت ، پوچەڵکردنەوەی مارەیی کە دەبێتە ھۆی ئەوەی ژن خاوەنی بۆ پەیداببێت و لەجێگای ئەوەش دەبێت ژن و پیاو ھاوبەشی بکەن لە دابینکردنی ژیانیان…تاد. ئایا خراپی ئەم یاسایانە لە چیدایە کە ئێوە دەتانەوێ بە توندی دژی بوەستنەوە؟ بەلی یاسا نوێکەی کانتۆنی جەزیرە لەگەل شەریعەی ئیسلامی ناکۆکە بەلام شەریعەکەی ئێوەش لەگەل ژیان و ژیانی ھاوچەرخ و بەھا ئەخلاقی و ئازادیەکانی مرۆڤ و زانست و مافەکانی مرۆڤ ناکۆکە.
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو زانست و ھوشیاری کۆمەل ئاین کال دەکاتەوە.
لەگەل پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو زانست و بەتایبەت ھوشیاری کۆمەلایەتی ئاینیش کال دەبێتەوە وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا تێبینی دەکرێت. لەوێش ئاین تاڕادەیەک ماوە بەلام وەک ئەوەی ئێوە بە تەقدیس نەکراوەو دەستورێک ھەیە کە جێگای ھەموانی تێدا بێتەوەو دین و دەولەت لەیەکتر جودا کراوەتەوەو دیکتاتۆریەتی حیزبی جێگای نەماوە. جیھانی ھاوچەرخ پێویستی بە یاسای زانستانەی نوێ ھەیە بۆ بەرێوەبردن ، شتێک کە ئاین (ئیسلام) خاوەنی ئەوە نیە. سەبارەت بە پێڕەوکردنی لایەنە ئەخلاقیەکانیش دەکرێ بێ ئاینیش ئەنجام بدرێت و تێڕوانینی فەلسەفی بۆ ئەخلاق یەک جۆر نیە.
وشەی کۆتایی.
لە کۆتایدا پێتان دەلێم پێویستە ئەو مۆدێلەی کاتۆنی جەزیرە بۆ ھەرێمی کوردستانیش بگوازرێتەوەو بگرە زیاتریش گەشەی پێبدرێ و تەنیا وەک یاسایەکی تیۆری نەمێنێتەوەو کاری پێبکرێت و رێگا نادەین ولاتەکەمان بکەنە ئەفغانستانی تالیبان و سعودیە و… تاد.