كۆمیتەی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی حزب و ڕێكخراوە شۆڕشگێڕەكان “ئیکۆر” ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی خۆی ئاشکراکرد و تێیدا وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد، پشتیوانیی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەكان و خەڵكی تێكۆشەری كورد ڕادەگەیەنن
لە ڕاگەیەندراوێکی کۆمیتەکەدا هاتووە، کە لە کۆبوونەوەی ١٥ی ئایاری ٢٠٢٢یاندا بە بەشداریی ١٠٠ ئەندام لەسەر ئاستی جیهان، بڕیارنامەیەكیان لەسەر هێرشی دەوڵەتی فاشیستیی تورك بۆ سەر كوردستان بڵاوكردووەتەوە.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێمە بەشێوەیەكی تووند ناڕەزایەتیی خۆمان دەردەبڕین دژی هێزە فاشیستەكانی دەوڵەتی تورك و دەستدرێژییان بۆ سەر باكووری سووریا و عێراق، دەستدرێژیی و هێرش بۆ سەر تێكۆشەرانی ئازادیخواز و دەستكەوتەكانی گەلی كورد بەشێوەیەكی تووند ڕیسوا و شەرمەزار دەكەین.
ئاماژە بەوەش کراوە، کە دەوڵەتی تورک شەڕی ئۆكراین-ی کردووە دەرفەت بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان لە ئاسمان و زەوییەوە و دەڵێت: پشتیوانیی و پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەكان و خەڵكی تێكۆشەری كورد ڕادەگەیەنین.