دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ دەسەڵاتداریی حکومەتی کوردیی لەهەرێمی کوردستان، نەتواندراوە کێشەی چەکداری چارەسەربکرێت و یاسایەکی بێکەموکوڕیی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە چەک بووتە ئامرازی یەکەمی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی کۆمەڵگا و ڕۆژانە هەواڵی ڕوودانی شەڕە تەقە و کوشتن و بریندارکردن، دەبیستین.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، چەک بەشێوەیەکی فراوان لە کوردستاندا بڵاوبووەوە، پێشمەرگە بەچەکەوە هاتە ناو شارەکان و بەشێکی زۆری چەکی بەجێماوی ڕژێمی بەعسیش کەوتە دەست هاوڵاتیان، هەروەها شەڕی ناوخۆ لە ساڵانی نەوەدەکان، ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، بەخشینەوەی چەک لەکاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن و سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ چەکەکانی دەستی هاوڵاتیانیان زیاتر کرد.
دیاردەی چەکداریی لەهەرێمی کوردستان سیمایەکی زەقی وەرگرتووە و بەفراوانیی بڵاوبووەتەوە، هاوڵاتیان بەئاسانیی چەکیان دەستدەکەوێت، بە هۆکار و بەبێ هۆکار چەک هەڵدەگرن، لەهەندێک لە ماڵەکاندا چەکی قورسی بیکەسی و ئاڕپیجی-ش هەیە، بەشێکیتریش لە خێزانەکان، بەهۆی ئەوەی کەسێک یان زیاتریان لە هێزە ئەمنییەکاندا کار دەکەن، چەک لەماڵەکانیاندا هەیە، چونکە هەموویان لەدوای دەوام چەکەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە ماڵەوە، تەنانەت هەندێک جار چەکەکانی حکومەت لەکێشە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردەهێندرێن.
“بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لەدوای ڕاپەڕین تاکو ٢٠٢١، لە هەرێمی كوردستان ٢٠ هەزار و ٧٠٠ مۆڵەتی چەکیان داوە”.
چەک ئەمڕۆ بووە بە بەڵایەكی قورس بە گەردنی خەڵكەوە و هەندێكجار بۆ یەكلاكردنەوەی بچوكترین كێشە پەنای بۆ دەبرێت، هەر لە كێشەی زەوی و زار و پوش و پاوەنەوە تا كێشەی كۆڵان و شەڕەگەڕەك و دەمەبۆڵەی دراوسێ و كێشە لەسەر منداڵ، ئۆتۆمبێل، قەرز، كێشەی خێزانیی نێوان ژن و پیاو و كوڕ و باوک، هەندێك جار قوربانییەكان دورو نزیك پەیوەندیان بە كێشەكانەوە نەبووە و كەسانێكی ڕاگوزەر یان ناوبژیكار بوون، هەر وەک چۆن شەوی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٢، لە شەڕی نێوان زاوا و خەزوردا لە چەمچەماڵ، دراوسێیەک کوژرا.
یاسای چەک
ئەگەرچی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ساڵی ١٩٩٣ یاسای قەدەغەكردنی چەكی دەركردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە وەک پێویست جێبەجێ نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدا تەواوی ڕێكخراوە مەدەنییەكان بەردەوام داوای قەدەغەكردنی ئەو دیاردەیەیان كردووە.
دیاردەی چەك هەڵگرتن، بەڕێپێدراو و بێ مۆڵەتەوە، بە هەموو شێوەکانیەوە، کارەساتێکی وای خوڵقاندوە، هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان نەتوانێت بە ئاسودەیی ژیان بگوزەرێنێت، چونکە زۆربەی ئەو تاوانانەی ئەنجامدە دەدرێن لە ڕێی چەکەوەیە و تائێستا نەتوانراوە پێشی لێ بگیرێت، دووبارە بوونەوەی تاوانەکان وایکردووە هاوڵاتیان متمانەیان بە دام و دەزگا تایبەتمەندەکان نەمێنێت.
چەک هەڵگرتن یان هێشتنەوەی چەک لەماڵەکاندا دیاردەیەکی بەرچاوە و ئەو کەسانەش کە چەک هەڵدەگرن، راستە زۆربەیان مۆڵەتی یاساییان نییە، بەڵام ئەوانەشی کە مۆڵەتی یاساییان هەیە هەندێك جار بەهەمان شێوە تاوانی پێ ئەنجام دەدەن.
بەپێی یاسای چەک بەهەموو شێوەیەک هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت قەدەغەیە، لەماددەی ٢١ـی یاساکەدا سزا بۆ ئەو کەسانە داندراوە، کە بێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، سزاکەش بریتییە لە “بەندکردن کە لەیەک ساڵ کەمتر نەبێت، غەرامەی مادیشی لەگەڵ دەبێت”، بەڵام تائێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەک پێویست کار بەو یاسایە نەکراوە، بەڵکو زیاتر ڕووی لە سزای دارایی بووە.
هەر لە هەمان یاسادا ئاماژە بەوەکراوە “بەهەموو شێوەیەک بازرگانییکردن بەچەک قەدەغەیە”، بەڵام بازاڕی چەکفرۆشتن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا هەیە، لە ئەمڕۆشدا لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە زیاتر مامەڵەی نایاسایی چەک پەرەی سەندووە.
ساڵی ٢٠١٥ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، بڕیارێكی بۆ ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك دەركردووە، بەوەش دەسەڵاتی پێدانی ڕەزامەندیی هەبوونی دەمانچە و تاپڕ دراوەتە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان، بەڵام كڵاشینكۆف لە حاڵەتی زۆر پێویستدا، خودی وەزیر مۆڵەتی پێ دەدات.
ساڵی ٢٠٢١ لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژە یاسایەکیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵگرتنی چەك پێشکەش کرد، چونکە یاساکە کەموکورتیی زۆرە و نەرمی نواندنی پێوەدیارە.
وابڕیاربوو لە هەمواری نوێی یاساکەدا، گۆڕانکاریی تەمەنی یاسای بۆ هەڵگرتنی چەک بکرێت و نابێت کەسی ١٨ ساڵ مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی پێبدرێت، هەروەها لەڕێگەی لیژنەیەکەوە بەردەوام چاودێریی لەسەر بازارەکانی چەک فرۆشتن هەبێت و سزاكانی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت لە ڕووی دارایی و بەندكردنیشەوە توندتر بکەنەوە.
بەڵام تائێستا تەنها دوو خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاساکە کراوە و پەرلەمان بڕیاری پەسەندکردنی دەرنەکردووە.
ئامارە مەترسیدارەکان
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی گشتى هەرێمى کوردستان، ٢١٥ ڕووداوى کوشتنى بە ئەنقەست لە ساڵی ٢٠٢١دا تۆمارکراون، ئەمە لەکاتێکدایە هەزار و ٥١ چەکی بێمۆڵەت دەستی بەسەرداگیراوە.
لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا، حاڵەتەکانی کوشتن و دەستڕێژی گولـلە زۆر زیادیانکردووە، بەشێوەیەک ڕۆژ نییە هەواڵی کوشتن لەڕاگەیاندنەکانەوە بڵاونەبێتەوە.
لەدوایین ڕووداوەکانیشدا، لەبەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان چوار ئەندامی خێزانێک بەدەستڕێژی گولـلە کوژران، هەروەها شەوی ١٣ی ئایار لەسنووری شاری هەولێر بەهۆی کێشەی کۆنی زەوی و زار پێنج کەس کوژران، کە چواریان ئەندامی یەک خێزان بوون.
شەوی ١٤ی ئایار لە چەمچەماڵ بە هەمان شێوە، کەسێک کوژرا، هەروەها ١٥ی ئایار لە هەولێر، پیاویک هاوسەرەکەی خۆی و برای هاوسەرەکەی بریندار کرد.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، کەمترین ڕۆ تێدەپەڕێت، کە هەواڵی شەڕە تەقە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بڵاونەبێتەوە، ئەگەریش ڕووداوەکە قوربانیی لێنەکەوێتەوە، بەڵام شەڕە تەقە بووە بە دیاردەی ڕۆژانە.
سەرچاوە:رۆژنیوز