بەپرسێكی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە رایگەیاند، توركیا بەچوونە ناو جەرابلوس دەكەوێتە ناو شەڕی سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەگەریش جەرابلوس تێپەڕێنێتو بچێتە مەنبە ناتوانێت بێتە دەرەوە.
رەزا ئاڵتون، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە، باڵی سیاسی پەكەكەیە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی رۆژ نیوز رایگەیاند “كاریگەری رزگاركردنی مەنبەج زیاتر لەهەموو شتێك كاریگەری لەسەر سەلەفییەكانی سەر بەداعش هەبوو، هاوكات رژێمی ئەسەدیشی ترساندووە، دەستێوەردانی دەوڵەتی توركیا لەجەرابلوس پێوەندی بەڕزگاركردنی مەنبەجەوە هەیە، چون ڕزگاركردنی مەنبەج پاش كۆبانی دووەمین شكستی گەورەی چەتەكانی داعش بوو لەلایەنی سیاسیو سەربازییەوە، پاش مەنبەج بۆ هەمووان ئاشكراكرا، كە هیچ هێزێك ناتوانێت رێگری لەپێشڕەویەكانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی بكات”.
ئاڵتون باسی لەهۆكارەكانی دەستێوردانی توركیا لەجەرابلوس كردو راشیگەیاند، كە توركیا ئیدی بەتەواوی كەوتووەتە رۆڵی خۆیەوە، چەكی داوەتە دەستی منداڵی تەمەن ١٥ و ١٦ ساڵانو دوو سێ هەزار چەتەی لەدەوری خۆی كۆكردووەتەوەو ناوی ناون ‘هێزەكانی سوریا’، بێگومان چانسی توركیا زۆر كەمە: كە بەم شێوەیە هێرش دەكات، ئەوەی دەوترێت ‘ئیدی بەری توركیا ئاوەڵەیەو پاش داگیركردنی جەرابلوس دەتوانێت بەرەو حەڵەب بەڕێبكەوێتو خۆی بگەیەنێتە عەفرین’، لێكدانەوەیەكی هەڵەیە، توركیا دەیەوێت بەسێ هەزار كەس لەجەرابلوسەوە هێزێكی ئۆپۆزیسیۆن دروستبكات، تاكو لەلایەنی سەربازییەوە هەوڵبدات ئاستەنگ بخاتە بەردەم پێشڕەویی هێزەكانی سوریای دیموكراتیو هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا وەك نۆكەری خۆی بەكاربهێنێت”.
هەروەها ئاڵتون، وتی: توركیا بەچوونە ناو جەرابلوس دەكەوێتە ناو شەڕی سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەگەریش جەرابلوس تێپەڕێنێتو بچێتە مەنبەج رووبەرووی شەڕی هێزە دیموكراتییەكان دەبێتەوەو خۆی وندەكات، كە “توركیا یەك هەنگاوی دیكە بنێت بۆ ناو سوریا، ئیتر ناتوانێت بێتە دەرەوە”.
هەروەها ئەو ئەندامەی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە ئاشكراشیكرد، ئەگەر توركیا بەم شێوەیە بەردەوامبێت، ئەوا دەكەوێتە ناو شەڕی سوریاوە، بۆ ئەوەی نەكەوێتە ئەو شەڕەوە پێویستە لەگەڵ زۆربەی ئەو هێزانەی لەسوریا شەڕ دەكەن ڕێككەوێت، بەڵام ئەوە روونادات، چونكە نەئێرانو نەئەمریكا ئەوە لەتوركیا قبوڵ ناكەن، ئەگەر ئێستا ئەو وڵاتانە بێدەنگن، لەبەرئەوەیە توركیا گەرەنتی داوە، زێدەڕۆیی ناكات، تەنیا تا ئەو كاتە بەكەڵكی ئەو وڵاتانە دێت ڕێگری بكات لەپێشڕەوییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی، لەو چوارچێووەیەدا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لەدوو لایەنەوە یاری دەكات، لەلایەكەوە دەڵێت پشتگیری هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەكات بۆ دژایەتیكردنی چەتەكانی داعش، لەلایەكی دیكەشەوە بەئاگاداری پێوەندییەكانی داعشو توركیا ڕێگا بەتوركیا دەدات جەرابلوس داگیربكات، بەمشێوەیە سیاسەتی شەڕی نێوان كوردو تورك بەڕێوەدەبات”.
ئاڵتون لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا سیستمێك دەتوانێت شەڕو پێكدادانەكان ئارامبكاتەوەو ڕێگری بكات لەپارچە پارچەبوونی سوریا سیستمی فدراڵییە، داواكاری هێزەكانی سوریای دیموكراتی زۆر روونە، ئەمریكاو رووسیا چیان لەسوریا دەوێت؟ لەسوریا تەنیا دوو هێز بەڕوونی دەڵێن چیمان دەوێت، یەك لەوان ئەسەدە، كە دەسەڵاتدارییەكی دیكتاتۆری دەوێت، ئەوەی دیكەش هێزەكانی سوریای دیموكراتین، كە باس لەسوریایەكی فیدراڵی دیموكراتی دەكەن، بەڵام تاكە سیستمێك دەتوانێت ڕیگری بكات لەپارچە پارچەبوونی سوریا سیستمی فیدراڵییە.