شه‌یدا ره‌وف، ده‌ریا ئه‌حمه‌د:
له‌هه‌رێمى کوردستان، شێوازێکى نوێى بازاڕکردن په‌ره‌ده‌سێنێت، هاوڵاتیان به‌بێ بڕینى رێگه‌و به‌چه‌ند کلیکێک ده‌توانن کاڵاکانیان بفرۆشن یان بکڕن، ئه‌وه‌ش لەڕێى تۆڕه‌کانى ئینته‌رنێته‌وه، به‌بڕواى شاره‌زایانیش ئه‌و جۆره بازاڕکردنه دیوى باش‌و خراپى هه‌یه.
له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کانى ته‌کنه‌لۆژیا، زۆربه‌ى لایه‌نه‌کانى ژیان گۆڕانکاریان به‌سه‌ردا هاتوه، یه‌کێکیش له‌و بوارانه بازاڕکردنه، چه‌ند مارکێتێکى ئۆنلاینى له‌کوردستان هه‌یه‌و کاریان دابینکردنى پێداویستیه‌کانه بۆ هاوڵاتیان.
په‌له‌مۆڵ، یه‌کێکه له‌مارکێته ئۆنلاینه‌کان له‌کوردستان، تائێستا دوو هه‌زار به‌شداربوى هه‌یه‌و پێداویستیه‌کانی ژیانی هاوڵاتیان دابینده‌کات‌و ده‌یانگه‌یه‌نێته ماڵ یاخود نوسینگه‌کانیان.
په‌له‌مۆڵ له‌سه‌ره‌تای مانگی چوارى ئه‌مساڵه‌وه کراوه‌ته‌وه‌و ده‌ستی به‌فرۆشتنی که‌لوپه‌ل کردوه له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ى.
هاوڕێ جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌رى فرۆشتن له‌په‌له‌مۆڵ، کردنه‌وه‌ى بازاڕه‌که‌ى بۆ چه‌ند هۆکارێک گه‌ڕانده‌وه، به‌هاوڵاتی وت «زۆربه‌ی ئێمه کارمان زۆره‌و ده‌رفه‌تی چونه ده‌ره‌وه‌مان نیه، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێکیش بدۆزینه‌وه توشی ترافیکی جاده‌و شه‌قامه‌کان ده‌بین، شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلمان ده‌ستناکه‌وێت».
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، به‌کارهێنه‌رانی په‌له‌مۆڵ ده‌توانن له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌کێکدا که‌لوپه‌لی پێویستی خۆیان بدۆزنه‌وه‌و له‌ڕێگای په‌له‌پاره پاره‌که‌ی بده‌ن‌و له‌ڕێگای بومێکس له‌به‌ر ده‌رگای ماڵ یان نوسینگه‌ی خۆیان وه‌ریبگرن.
دابینکردنى که‌لوپه‌ل‌و پێداویستیه‌کان له‌ڕێگه‌ى ئینته‌رنێته‌وه له‌کاتێکدایه، چه‌ند ساڵێکه ژماره‌یه‌ک ماڵپه‌ڕ دروستبون به‌بێ به‌رامبه‌ر ریکلام بۆ کاڵاى هاوڵاتیان ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌رکى گواستنه‌وه ناگرنه ئه‌ستۆ.
به‌پێى ئه‌و سیستمه‌ى کارى پێده‌که‌ن، ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ى بۆ بازاڕکردنن، رێگایه‌کن بۆ نیشاندان‌و فرۆشتنی ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی هاوڵاتیان ده‌یانه‌وێت بیانفرۆشن‌و پێویستیان پێی نیه، هه‌موو که‌سێکیش ده‌توانێت تێیدا به‌شداری بکات.
کۆمپانیای Boomex ئه‌رکی گواستنه‌وه‌ی که‌لوپه‌له‌کانی هه‌یه، ئێستا له‌شاره‌کانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆک، مه‌سیف‌و سۆران نوسینگه‌ی هه‌یه‌و به‌مزوانه له‌که‌رکوک‌و به‌غداش نوسینگه‌ی بۆ ده‌کرێته‌وه، ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ش له‌ناو شاری هه‌ولێر یه‌ک بۆ سێ رۆژو له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر سێ تا پێنج رۆژه.
به‌رێوه‌به‌رى فرۆشتن له‌په‌له‌مۆڵ، ده‌ڵێت به‌پێی زیادبونی رێژه‌ی به‌کارهێنه‌رانیش، پلانیان هه‌یه تا کۆتایی ئه‌مساڵ له‌زۆربه‌ی شار‌و شارۆچکه‌کان نوسینگه بکه‌نه‌وه تاک‌و هاوڵاتیان بتوانن خێراتر‌و ئاسان تر له‌و خزمه‌تگوزاریانه سودمه‌ندبن.
هه‌رچه‌نده بازاڕى ئۆنلاین به‌یه‌کێک له‌به‌رهه‌مه‌کانى پێشکه‌وتنى ته‌کنه‌لۆژیاو کۆمه‌ڵگه ده‌دانرێت، به‌ڵام له‌ڕوى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه به‌بێ گرفت سه‌یر ناکرێت.
سورێن ئه‌بوبه‌کر، ماسته‌ر له‌کۆمه‌ڵناسی هاوچه‌رخ‌و مامۆستای به‌شی کۆمه‌ڵناسی زانکۆی سلێمانی، ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ گۆڕانه کۆمه‌ڵایه‌تیه به‌رده‌وامه‌کان‌و له‌سه‌رده‌می ته‌کنه‌لۆژیاو ئینته‌رنێت، مامه‌ڵه‌ی نوێ‌و جۆری نوێ له‌بازاڕکاری دێته کایه‌وه‌و کوردستانیش له‌وه به‌ده‌ر نیه.
سورێن ئه‌بوبه‌کر، ئه‌وه‌ى بۆ هاوڵاتی رونکرده‌وه، یه‌کێک له‌لایه‌نه سلبیه‌کانی ئه‌و جۆره له‌کڕین‌و فرۆشتن بۆ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی خودی تاکه‌کانه، وتى «ئه‌گه‌ر کڕیاره‌که له‌سه‌ر ئینته‌رنێت کاڵا بکڕێت کۆنتاکتی کۆمه‌ڵایه‌تی دروستنابێت له‌نێوان تاک‌و ئه‌وانی تری ناوبازاڕ یان له‌نێوان کڕیارو فرۆشیار، چونکه ئامانجی بازاڕکردن ته‌نیا کڕینی که‌لوپه‌ل نیه، به‌ڵکو په‌یوه‌ندی دروستکردن‌و گۆڕینی که‌ش‌و چونه‌ده‌ره له‌ماڵ، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئینته‌رنێت دروستنابێت‌و تاک ده‌بێته که‌سێکی گۆشه‌گیرو ته‌مه‌ڵ‌و چاوکراوه نابێت».
به‌بڕواى شاره‌زایه‌کى ئابوریش، ئه‌و جۆره نوێیه‌ى بازاڕکردن هه‌م لایه‌نى باش‌و هه‌م خراپه‌ى هه‌یه.
شاناز حه‌کیم، مامۆستای به‌شی ئابوری له‌زانکۆی سلێمانی، پێیوایه لایه‌نه باشه‌که‌ی ئه‌وه‌یه تێچونی هاتوچۆ له‌سه‌ر کڕیار که‌مده‌کاته‌وه‌و کڕیار ده‌توانێت هه‌ر له‌ماڵه‌که‌ی خۆیه‌وه پێداویستیه‌کانی ده‌ستبخات، هاوکات بۆ فرۆشیارانیش تێچون که‌مده‌کاته‌وه، چونکه ئه‌و جۆره کرێی دوکانی تێدا نیه، هه‌روه‌ها پێویستی به‌دانی باجی دوکان نیه‌و خستنه‌ڕویه‌کی خۆڕاییه.
بازاڕى ئۆنلاین له‌وڵاتانى ئه‌وروپا چه‌ندین ساڵه هه‌یه، ئه‌و مامۆستایه‌ى زانکۆ ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، «کاتێک له‌ئه‌وروپا ژیاوه هه‌رکات کاڵایه‌کی له‌ئینته‌رنێته‌وه کڕیوه ته‌واوی زانیاریه‌کانی له‌به‌رده‌ستدا بوه که له‌چی دروستکراوه‌و بۆچی به‌کاردێت‌و چۆن به‌کاردێت‌و کوالیتیه‌که‌ی به‌رزه یاخود نزمه«.
وتیشى «لایه‌نی خراپی بۆ هه‌رێم ئه‌وه‌یه، ئه‌و کاڵایه‌ی له‌ئینته‌رنێته‌وه ده‌خرێته‌ڕوو ته‌نیا لایه‌نه باشه‌کانی نیشانده‌درێت، هه‌ندێکجار کاڵایه‌کی بێ کوالێتیشه به‌ڵام به‌کوالێتی به‌رز نیشانده‌درێت، له‌کاتێکدا ده‌بێ هه‌ر کاڵایه‌ک باشی‌و خراپیه‌که‌ی بۆ کڕیار رونبکرێته‌وه«.
سەرچاوە : هاوڵاتی