وێنەی منداڵێكی سوری كە بەتەنیا لەوڵاتەكەیەوە بە بیاباندا بەرەو ئوردن ئاوارە دەبێت، دنیا دەهەژێنێت و دەچێتە ریزی وێنە تراژیدییەكانی دیكەی منداڵانی سوریا.
وێنەی منداڵێكی چوار ساڵانی سوری كە لە سوریاوە بە بیابانداو بەتەنیا بەرەو ئوردن ئاوارە دەبێت دنیا دەهەژێنێت.
ئەو منداڵە سورییە لەڕێگا توشی تیمێكی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە یوئێن دەبێت، تەنیا شتێك كە لەگەڵ خۆی بردویەتی و لە عەلاگەیەكدا بەدەستییەوەیەتی جلەكانی دایكی و خوشكێكییەتی كە لەسوریا كوژراون.
لەماوەی حەوت ساڵی شەڕو ناكۆكییەكانی سوریادا هەزاران منداڵ بونەتە قوربانی شەڕو پێكدادانەكان و هەندێك لە وێنەی ئەو منداڵانە لەكاتی بڵاوبونەوەیاندا دنیایان هەژاندوە.
لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2015، ئایلان كوردی، خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، لەكاتی ئاوارە بونیاندا لەگەڵ خێزانەكەی یەختەكەیان لەدەریا نوقم بو، وێنەی تەرمی ئەو منداڵە كاتێك گەیشتوەتەوە یەكێك لەكەناراوەكان بوە مایەی هەژاندنی دنیا.
پاش ئەوەش لەساڵی 2016 وێنەی “عومران دەقنیش” كە بەسەرو چاوی خوێناویوی خۆڵاوییەوە لەناو ئەمبوڵانسێكدا دانیستوە بوە مایەی هەژاندنی دنیا.
ئەو منداڵە پێنج ساڵانە حەڵەبیە پاش بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا و سوریا بۆ سەر شارەكە لەژێر داروپەردوی باڵەخانە روخاوەكاندا رزگاركرا.