دادگای ئیتحادی لە عێڕاقدا لە دووا بڕیاری لە 15ی شوباتی 2022دا سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ژمارە 22 ساڵی 2007، بڕیاڕی نادەستووری ئەو یاسایەی دەرکرد، کە ئەم بابەتەش لەم هەلومەرجە هەستیارەدا دەبێتە مایەی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕال و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجێگدا ناکۆکی ململانێی توند سەبارەت بە دامەزراندنی حکومەتی ئایندەی عێڕاق هەیە، و دستتێوەردانی هەمەلایەنی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە ئارادایە.
ئێمە لە لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان سەرەڕای تێبینی ڕەخنەگرانەمان سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری پەیڕەکراو لە کوردستاندا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە بابەتی نەوت و گاز و شوناسی گرێبەستەکان و ئابووری بەرخۆرەوە هەیە، پێمان وایە بڕیارەکەی دادگای ئیتحادی عێڕاق بە پێچەوانەی دەستووری عێڕاقی فیدڕالە، بەتایبەتی ماددەی 110 لە دەستوور دا کە دەسەڵاتی ئیتحادی تایبەت تەنھا لە نۆ خاڵدا دەستنیشان کردووە، و بە هیچ شێوەیەک بابەتی نەوت و گازی تێدا نییە.
ئەوەی پەیوەندی بە نەوت و گازەوە هەیە لە ماددەی 111ی دەستوور دایە کە تیایدا هاتووە: (نەوت و گاز موڵکی خەڵکی عێڕاقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا). لە هەمان کاتدا لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 112دا هاتووە: (حکومەتی فیدڕاڵ و لە گەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان نەوت و گازی بەرهەمهێنراوی گێڵگەکانی ئێستا بەرێوەدەبات…… ئەمەش بە یاسا رێکدەخرێن). هەروەها لە برگەی دووی ئەم ماددەیە هاتووە:(حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتەکانی هەرێم و بارێزگا بەرهەمهێنەرەکان بەیەکەوە هەڵدەستن بە ڕەنگەرێژکردنی سیاسەتی ستراتیجی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و گاز).
دادگای ئیتحادی دەبوایە ئەم دۆسێیەی لە سەر بنەمای ماددەی 115 لە دەستووری عێڕاقدا یەکلابکاتەوە کە زۆر بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات: (هەر شتێک لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵ ئاماژەی بێنەکرابێت، ئەوا دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناکەونە سنووری هەرێمەکانەوە، و ئەگەر ناکۆکی درووست بوو لە سەر دەسەڵاتە هاوبەشەکان نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمەکان ئەوا پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکەیە). جگە لەم ماددانەش دەستوور لە ماددەی 117 دانی بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمی فیدڕاڵی ناوە کە بە پێی دەستوور ئەو دەسەڵاتانەی هەیە.
ئەوەی جێگای داخە دادگای ئیتحادی لە بریارەکەیدا پشتی بەستووە بە دوو یاسای کاتی رژێمی بەعس کە ئەو دوو یاسایە بە پێچەوانەی دەستوور فیدڕاڵی عێڕاقە.
ئێمە لە کاتێکدا پێمان وایە ئەم بڕیارەی دادگای ئیتحادی ڕەوشی عێڕاق بە گشتی ئاڵوز تر و ناسەقامگیر تر دەکات، و هەنگاوی پاشگەزبوونەوەیە لە سیستمی فیدڕاڵی کە مانای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە بواری سیاسی و ئیداری و ئابووری و گەشەپێداندا، داوا لە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان دەکەین کە دوور لە ململانێی حزبی و شەڕە پشک و پۆست لە ئاستی پێشهاتەکانی ڕەوشی نوێی کوردستان و عێڕاق و ناوچەکە بن، و هەنگاوی سەرەتایی بۆ ئەم ئاراستەیە بە گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەنجامدانی چاکسازی ڕاستەقینە و پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووری پەیڕەوکراو، و گەڵاڵەکردنی چەمکی یەکریزی لە سەر بنەمای داکۆکی کردن لە کیانی هەرێمی کوردستان و ئاوردانەوە لە پێداویستییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش و هێزی کاری کوردستان و دابینکردنی مافی جوتیاران و لاوان و ژنان،و ئەنجامدانی گەشەپێدانێکی بەردەوام، دەسپێدەكات.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
16ی شوباتی 2022
One Comment
Rêkar
بەداخەوە هەڵەی ڕێزمانی و زمانەوانی زۆری تێدایە، باسی لایەنەکانی دیکە ناکەم. هیوادارم کوردی زمانێک ئەم بەیاننامانە بنووسێ