
هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا بازاڕی فرۆشتنی جلوبەرگی بەکارهێنراو لە بەرزبوونەوە بووە، ڤایرۆسی کۆرۆناش چەندین هێندەی دیکە ئەو بازاڕەی گەرموگوڕ کردووە.
لەسەردەمی کۆرۆنا بازرگانی وردەفرۆشی لەنێویاندا جلوبەرگ گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا هاتووە، زۆر لە براندە جیهانییەکانی جلوبەرگ یان لە کارکردن وەستاون یان ئەوەتە ئاستی بەرهەمهێنانیان بە ئەندازەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە و هەندێکیشیان لە لێواری داڕماندان.
دوای چەندین مانگ لە کۆگاکردنی جلوبەرگ بەهۆی راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ و نەبوونی خواست لەسەریان، ئێستا بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی وردەفرۆشی هەوڵی گۆڕینی ستراتیژی بەدەستهێنانی داهات دەدەن. براندە بەنێوبانگەکانی وەک “نۆردسترۆم”، “مەیسی” و ئێیلین فیشەر” جلوبەرگ بەشێوەی دەستی دوو دەفرۆشن. واڵمارت کە گەورەترین بازاڕی وردەفرۆشییە، دوایین کۆمپانیایە کە بەشداری لەو جموجووڵە کردووە و دەستیکردووە بە فرۆشتنی جلوبەرگی بەکارهێنراو لەسەر پێگە فەرمییەکەی.
بەگوێرەی “سرێدئەپ” کە گەورەترین سەکۆی فرۆشتنی پێداویستییە بەکارهێنراوەکانە، 70٪ی ژنان لەمساڵدا جلوبەرگی بەکارهێنراویان کڕیوە لەکاتێکدا سێ ساڵ لەمەوبەر رێژەکە 52٪ بوو.
تەنیا لە ساڵی 2020، جگەلە هاوپەیمانەتییەکەی لەگەڵ واڵمارت، کۆمپانیای “سرێدئەپ” هاوبەشیی لەگەڵ براندە گەورەکانی وەک “گاپ” و “بەنەنا ریپەبڵیک” کردووە.
هاوکات بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خەڵک لە ماڵەکانیان ماونەتەوە بەمەش بازاڕکردن بەشێوەی ئۆنڵاین زیادیکردووە.