ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە بابەتێکدا، کە دەربارەی خۆسووتاندنی ژنانی کوردە لە هەرێم، لەگەڵ گێڕانەوەی چەند بەسەرهاتێکی ئەو ژنانەی لە نەخۆشخانەی سووتاویی شاری سلێمانین، ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو چوار هەزار و ٩٣٥ ژنەی لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکە و بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتان و سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە، لە ٨٠٪یان تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٤٥ ساڵدا بووە.
لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیی، کە لە نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی ئامادەی کردووە چیرۆکی ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە، کە لە ئەنجامی توندوتیژیی دەروونیی و جەستەییەکان ناچار بە خۆسووتاندن کراون، بە وتەی ژنێک دەستی پێکردووە و دەڵێت: “بەنزینم کرد بەخۆمدا و پاشان ئاگرم لە جلەکانم بەردا، جەستەم کڵپەی کرد”.
ڕۆژنامەکە وتەی نیگار مارف-ی وەرگرتووە، کە سەرۆکی پەرستارانە و ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە نەخۆشخانەی سووتاویی شاری سلێمانی کاردەکات و دەڵێت: زۆرێک لە حاڵەتەکان کە دەگەنەلامان سەرتاپای جەستەیان سووتاوە، و خێزانەکانیشیان لە ترسی ئەوەی “شەرمەزار نەبن” دەڵێن کچەکەیان لەکاتی ئامادەکردنی خواردندا ڕووداوەکەی بەسەر هاتووە، واتا هۆکارە ڕاستەقینەکە دەشارنەوە، کە هەوڵێکی خۆکوژییە لە ڕێگەی خۆسووتانەوە.
تەلەگراف ئاماژەی بەوەداوە خەمڵاندنەکان دەریانخستووە، لەدوای بەدەستهێنانی حوکمی ئۆتۆنۆمی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە ١٩٩١، هەوڵی خۆکوشتن لەڕێگەی خۆسووتاندنەوە بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە ١١ هەزار ژن، ئەمەش سەرەڕای نەبوونی داتای باوەڕپێکراو، چونکە بەشێک لە قوربانییەکان فریانەکەوتون بگەنە نەخۆشخانە و گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها ئاماژەش بەوەدراوە، هۆکاری خۆسووتاندنی ژنان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، لەنێو خێزانەکانیانیادا توندوتیژیی دەروونیی و جەستەییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت و ئەوانیش دەگەنە دۆخێک، کە وا بیر دەکەنەوە، جگە لە خۆسووتاندن هیچ ڕێگەیەکی دیکەی دەربازبوونیان نییە، ئەوەشی بە گێرانەوەی چیرۆکی چەند ژنێک پشتڕاست کردووەتەوە.
ڕاپۆرتەکەی تەلەگراف، ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی باس کردووە، کە دەڵێت: لە عێراق ئاستی توندوتیژیی خێزانیی ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بەو پێیەی ڕێژەی توندوتیژی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ بە ڕێژەی ١٢٥٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٢ هەزار حاڵەت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە شارەزایان ئاشکرایان کردووە، کە زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن بێ پلان بووە، و پرۆفیسۆرێک لە زانکۆی ئێدنبەرە-ی بەریتانیا ڕوونیکردووەتەوە، کە ئەو کەسانەی گەیشتوونەتە حاڵەتی خۆسووتاندن، نەیانتوانیوە ڕێگەیەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ دەربازبوون و گەیاندنی خەمەکانیان بە خەڵک، کە ناڕەحەت و لاوازن و ویستوویانە بەوشێوەیە ئازارەکانیان نیشان بدەن.
لە کۆتاییدا تەلەگراف بە خستنەڕووی داتاکانی نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی ئاشکرای دەکات، نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو چوار هەزار و ٩٣٥ ژنەی لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکە و بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتان و سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە، لە ٨٠٪یان تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٤٥ ساڵدابووە.