وەرزەکان
ھاتن و چوون
باڵندکان بە گژ ساڵەکاندا
فڕین و چوون
کەمەری نەمامەکانی
کە کاتی خۆی
بە کەمەری تۆ دەچوون
ئیستا پیر و ئەستوور بوون و
لە رقی زەمانە ئەچن..
ئەوانیش لەگەڵ خەون و تۆدا
بۆ ئەبەد چوون
وا سی و سێ ساڵ رابووردوە
بەسەر چوونم
گەڕامەوە ئازیزەکەم
بۆ کۆڵانی منداڵییمان
ئەو پەنجەرەی شەوانی ھاوین
چکلێتم بۆ تێدەگرتی
ئیستا قفڵێکی تۆزاویی شکاوە
لە قفڵی گۆڕەکەی دایکم دەچێ
ئەوانیش چوون
چوون ….. چوون
ھەبوون ….. نەبوون
* * * * *
ئێستاش ئەم کۆڵانە
بۆنی قاقای پیکەنینی
شەوانی سەربانی
تۆی لێ دێ
ئێستاش ئەم دارانە
بۆنی ماچی پایزانی
سی و سێ ساڵ
پێش ئێستای لێ دێ
ھیچ شتێک لە جاران ناچێ
گلێنەی چاوی من نەبێ
ھیچ شتی لە تۆ ناچێ
دار ھەنجیرەکەی حەوشە نەبێ
کە هەردەم ئەموت
ماچی شیلەی ھەنجیری ئەو
ھێندەی ماچی لێوی تۆ
شیرین نابێ
ھەمووی چوون و چوون
بۆنی گەردنی تۆ نەبێ
ھەموو شەوێ ئەمخەوێنێ
ئەبێ تۆش وەکو من
چ کیشوەرێک قووتی دابێ؟
یان ژنێکی پیری ئەو بازاڕەیت و
خۆتت لێم حەشار دابێ؟
ناتەوێ پیری خۆتم نیشان بدەی
تا خەونەکان وەکو جاران
لە شوێن خۆیان بخەوێنی
ئازیزەکەم
ئیستا ژیانێکی بێ خەون ئەژیم
تەنھا خەونێک بوونی مابێ
گەڕانەوەی دوو چرکەش بێ
لەو سەردەمدا
ھێندە بەش کات کە پێت بڵێم
دوای تۆ گوڵم زۆر کەسم ناسی
بەس ھیچ کەسیان ھێندەی تۆ
چرپەی دڵمی نەدەناسی..!
٢٠١٦