ماڵپەڕی واشنتن پۆستی ئەمریکى لە نوێترین راپۆرتیدا لە ژێر ناونیشانی “نەبوونی هەلی کار و قەیرانەکان هۆکاری کۆچی گەنجانی کوردە”، باس لەوە دەکات، خراپی حکومڕانی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان کە چەندین کێشە و قەیرانی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە، وای لە گەنجانی هەرێمەکە کردەوە هیچ هیوایەکیان نەبێت و بڕیاری کۆچکردن بدەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، خەڵکی هەرێم لە سیستەمی سیاسی بێزاربوون بەهۆی خراپی حکومڕانی ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارەوە و لە ماوەکانی رابردووشدا، خوێندکارانی و چین و توێژە جیاوازەکان خۆپیشاندانیان کردووە دژی حکومی ئەو دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارە.
نوسیوویشییەتی، گەنجانی هەرێم پێیان وانییە هیچ داهاتوویەکیان هەبێت، لە دوای تەواوکردنی خوێندن هیچ کارێکیان دەستناکەوێت، بەشێکیشیان بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە بە پاساوی قەیرانی داراییەوە ئەو پاڵپشتیە دارایی بڕیوە کە وەک دەرماڵە بە خوێندکارانی دەدا، ناچار بوون بەهۆی کێشەی دارییەوە واز لە خوێندن بهێنن.
واشنتن پۆست باسى لەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نەبوون لە رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، کە پێویستە ساڵانە لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم ٤٣ بۆ ٥٤ هەزار هەلی کاری نوێ بڕەخسێنرێت، بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان.
بەگوێرەی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەم ساڵانەی دواییدا رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان زۆر زیادیکردووە بەجۆرێک رێژەکە بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٩ ساڵیدا لە ٢٤٪ بۆ پیاوان و ٦٩٪ـەیە بۆ ژنان.
پێشتریش، چەندین میدیاى جیهانى لەوانەش بی بی سی بەریتانى و سێ ئێن ئێن و نیۆرک تایمزى ئەمریکى باسیان لەوەکردبوو، هۆکاری کۆچی هاوڵاتییانى کورد لێکەوتە خراپەکانى هەڵکشانی گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە.