پسپۆڕێکی ئابوریی عێراقیی هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی مادە خۆراکییەکان لەبازاڕەکانی عێراقو ههرێمى كوردستان ئاشکرادهكاتو دهڵێت:”دەبێت حکومەت ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت”.
نەبیل موسەوی پسپۆڕی بواری ئابوریی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئەو شەپۆلە وشکەساڵییەی جیهانی گرتۆتەوە کاریگەریی هەبوە لەسەر پاشەکشەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی مادە خۆراکییەکان کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر بازاڕی عێراقیش هەبوە، لەبەرئەوەی بەشی هەرەزۆری مادە خۆراکییەکان لەبازاڕەکانی عێراقدا لەدەرەوە هاوردەدەکرێنو دەکەونە ژێر کاریگەریی نرخە جیهانییەکان”.
هەروەک وتویەتی:”ڕێکخراوی کشتوکاڵو خۆراکی جیهانیی (فاو) سەرپەرشتیی نرخەکانی خۆراک لەجیهاندا دەکات، بەڵام هۆکارو لێکەوتەکانی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر نرخی مادە خۆراکییەکان لەبازاڕەکاندا هەبوە”.
جەختیشیکردۆتەوە، “دەبێت حکومەت لەلایەنی چاودێریکردنی بازاڕو لێپرسینەوەی ئەوکەسانەی دۆخەکە دەقۆزنەوەو نرخەکان گران دەکەن، ڕۆڵی ڕاسەقینەی خۆی بگێڕێت”.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوشدا ڕێکخراوی خۆراکی جیهانیی ڕایگەیاند، “نرخی خۆراک لەسەرتاسەی جیهان بۆ بەرزترین ئاستی 10 ساڵی ڕابردوو هەڵکشاوە”.
لەڕاگەیەنراوێکدا ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی ئاماژەی بەوەکردوە، دوای ئەوەی لەساڵی ڕابردودا نرخی خۆراک بەڕێژەی 30٪ بەرزببوەوە، لەئێستادا بەرزبونەوەکە گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی 10 ساڵی ڕابردوو.
ئەوەشخراوەتەڕوو، گەنم لەماوەی نزیکەی ساڵێکدا بەڕێژەی 40٪ بەهاکەی بەرزبوەتەوە، ئەوەش بەهۆکارێکی سەرەکی بۆ بەرزبونەوەی نرخی مادە خۆراکییەکانی دیکە دادەنرێتو نرخی ڕۆنو زەیتیش بەڕێژەی 10٪ لەمانگی ئۆکتۆبەردا بەرزبوەتەوە، بەوەش بەرزترین نرخی تۆمارکردوە.