لە ڕاپۆرتێکیدا؛ نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەککگرتووەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق/ یۆنامی باسی لەوەکردووە، “ئەو کەسانەی کە رەخنەیان لەدەسەڵات گرتووە رووبەرووی هەڕەشە و تۆقاندن و گرتنی هەڕەمەکی بوونەتەوە”.
رۆژی چوارشەممە (١٢\٥\٢٠٢١) ، نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق/ یۆنامی لەراپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی نێوان مانگی ئازاری ٢٠٢٠ بۆ نیسانی ٢٠٢١دا، حاڵەتەکانی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستانی عیراقدا لە هەڵکشاندا بووە و، هەندێک لەو کەسانەی کە رەخنەیان لەدەسەڵات گرتوە، رووبەرووی ناوزڕاندن بوونەتەوە و، تەنانەت “هەندێکیشیان لەم دواییانەدا بەپێی یاساکانى پەیوەست بە ئاسایشى نەتەوەییەوە سزادراون”.
لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، یۆنامی باس لەپێشێلکارییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات بەرامبەر دەزگا میدیاییەکان و رۆژنامەنووسان کە تیایدا، نوسینگەکانی ئێن ئاڕتی لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش نوسینگەی سەرەکەی کەناڵەکە لە سلێمانی داخران.
ئاماژە بەوەشکراوە، کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی پێویستی بەوە هەیە کە دەزگا میدییایەکان و چالاکوانان و ڕەخنەگران، توانای ئەوەیان هەبێت کە بەبێ ترس و دڵەڕاوکی و سانسۆر ڕوماڵی بابەتە گشتیەکان بکەن، هەروەها هاوڵاتیانیش مافی دەستکەوتنی زانیاریەکانیان هەبێت.
رۆژی شەشی ئەم مانگە، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.
لەراگەیەندراوێکیشدا، کونسوڵخانەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەکرد، “کونسوڵگەری گشتی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر، بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری دادگای تەمییز لە دژی پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانەکە دەڕوانێت و بڕیارێکی بێ مانایە”.
لەوبارەیەشەوە، کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئێن ئاڕ تی هەڵوێستی خۆی لەبارەی سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی راگەیاند و دەڵێت، “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە پشتگریی ئازادیی ڕادەربڕین و میدیایی کردووە.”
ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە ١٦ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگایی کردنی پێنج لەوان بەڕێوەچوو و تیایدا دادگا بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەوان دەرکرد.