یاداشتێکی ھاوبەش:
بەرێزان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەریی لە ھەرێمی کوردستان
لەم چەند رۆژەدا دادگایی ڕاسپێردراو لە کەیسی کۆمەڵێک کەس کە ھەندێکیان ڕۆژنامەنووس و ھەندێکیان لە بواری چالاکی مەدەنی کاریان کردوە، دادگا بە شەش ساڵ زیندانی حوکمی دان.
ھەڵبەتە دادگایی کردنی ئەو ژمارە کەسە ھاوکات بوو لەگەڵ چالاکی ناڕەزایی سەبارەت بە ڕەوشی بژێوی و دارایی خەڵکی کوردستان و بانگەشەکردن بۆ خۆپیشاندان، و بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کە تا ئێستا یاسایەک لە ھەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی نییە.
پێش ئەوەی کار وچالاکی بکرێت ئەو کەسانە لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشەوە گیراون و دووای چەندین مانگ گرتن کە بواری سەردانیان نەبوو پێشکەش بە دادگا کران و بە کۆمەڵێک تومەت حوکم دران.
دادگایی کردنی ئەو ژمارە کەسە لەم ھەلومەرجە و بارودۆخەدا کە بابەتەکەیان بۆتە مەسەلەیەکی ڕای گشتی و زانیارەکانیش بۆ خەڵک نادیارە و ئەم کەیسە بەم تەمومژاوییە لە مامەڵەکردن لە گەڵیدا دەبێتە ھۆی ناڕەزایی ڕای گشتی ناوخۆیی و جیھان، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین بە شێوەیەکی فەرمی و لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمی دادگایی و یاسادا ئەو بریارەی دادگا پلەی یەکلاکەرەوە وەرنەگرێت و کارێک نەکرێت کە بە ھیچ شێوەیەک گومان لەسەر سەربەخۆیی دادگای کوردستان بکرێت.
ئەم یاداشتەی ئێمە لە ڕوانگەی ڕێزگرتنە بۆ حوکمی یاسا و سەربەخۆیی دادگا و پاراستنی ھەیبەتی ئەزمونی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری قانوندا لە نێو دۆستانی و بەرگریکردن لێی بەرامبەر نەیارانی.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
١٧ی شوباتی ٢٠٢١