بەشێک پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان راگەیەنراوێکیان لەبارەی دۆخی هەرێم بڵاوکردەوە و دەڵێن، “ئێمە دژی توندوتیژین، بەڵام كە گەیشتە توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێكمان زۆر لا پیرۆزتر و گەورەترە لە پەنجەرە و دەرگای بارەگایەكی حزبیی.”
دەقی راگەیەنراوەکە:
١- سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردن لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە دروستكراوانەی خۆیان بونەتە ئەندازیاری دروستكردنی و هەرێمی كوردستانیان نغرۆی كارەساتی گەورەی دارایی و ئابوریی كردوە، كەچی هێشتا بەردەوامن لە برسیكردنی خەڵك و ناشەفافییەتی داهاتەكانی نەوت و شاردنەوەی گرێبەستەكان و قاچاخچێتیی لە سنورەكان دا، لەكاتێكدا رۆژانە گەنجی غەدر لێكراو و بێكاریش بە گوللە شەهیددەكرێن.
٢- ئێمە دژی توندوتیژین، بەڵام كە گەیشتە توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێكمان زۆر لەلا پیرۆزتر و گەورەترە لە پەنجەرە و دەرگای بارەگایەكی حزبیی و، دەبێت بەرپرسانی حزبیی و حكومیی، بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەكانی شەقام دا بكەن ئەم خوێنڕشتن و توندوتیژیە كۆتای پێبهێنرێت، و داوایش لەهێزە ئەمنییەكان دەكەین، خۆپیشاندەرانیش رۆڵەی ئەم هەرێمەن و ئەو غەدرەی لەوان كراوە و لەسەری دێنە سەر شەقام، هەمان غەدر لەئێوەیش كراوە بۆیە لولەی تفەنگەكانتان لە بەرانبەریاندا رامەگرن.
٣- داواكارین لە سەرجەم حزبەكان، لەو شار و شارۆچكانەدا كە گرژیی و ئاڵۆزییان تێدایە، بارەگاكانیان چۆڵبكەن و خۆیان بەدوربگرن لە روبەروبونەوەی خۆپیشاندەران و نەهێڵن ئاگری خۆپیشاندانەكان زیاتر پەرەبسێنێت.
٤- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، یاداشتێك ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆببینەوە و حكومەت بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی حكوحەت مولزەم بكرێت چاکسازی ڕیشەیی بکات لە دۆسیەی نەوت و گەندەڵیی و قاچاخچێتیی و دۆسیەی باج و کۆمپانیاکاری و چارەسەری ڕیشەی كێشەی موچەی فەرمانبەران و ڕێكەوتنی فعلی لەگەڵ حكومەتی ناوەند و کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.
٥- داوا لە خۆپیشاندەران دەكەین، شێوازی ئاشتییانە بگرنە بەر بۆ داواكردنی مافە رەواكانیان، وەك چۆن دەربڕینی ناڕەزایی، مافێكی پیرۆزە و پشتیوانییان داوایان لێدەكەین داوا دەکەین خۆیان بپارێزن لە توندوتیژیی و سوتاندنی شوینە گشتییەكان، كە موڵكی گشتین.