تا ئێستا هێله گشتییه‌كانی سیاسه‌تی ئه‌مریكای سه‌رده‌می ترامپ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دیار نییه. ئه‌وه‌ی هه‌یه مه‌زه‌نه و ئه‌گه‌ر و بۆچوونی شه‌خسییه. به‌ڵام. هه‌ر كه‌سێك له‌نزیكه‌وه سه‌یری قسه و گوتاره‌كانی ترامپی سه‌باره‌ت به‌و به‌شه‌ی دونیا كردبێت ده‌كرێت ئه‌م وێنه گشتییه دروستبكات كه پایه‌كانی ئه‌م حه‌وت خاڵه‌ی خواره‌وه‌ن.
یه‌كه‌م: تره‌مپ باوه‌ڕی به سیاسه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسیه‌ت له خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست و له هیچ شوێنێكی تری دونیادا نییه، له‌مه‌ش خراپتر پێی وایه دیموكراسیه‌ت به كه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه نایه‌ت و ده‌بێت لێیبگه‌ڕێین له‌ناو سیستمه ستهمگهرهكانی خۆیاندا بژین. له‌دیدی ترامپدا ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوجه‌یه پێویستی پێیه‌تی دیكتاتۆری له شێوه‌ی سه‌دام حوسه‌ین و به‌شار ئه‌سه‌د و حوسنی موباره‌ك و هاوشێوهكانیانه. ئه‌ردۆگانیش پڕ به پێستی توركیایه‌كی نادیموكراس و ده‌سه‌لاتگه‌ر ده‌بینێت.
دووهه‌م: ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات ئه‌نجامگیرییه‌كی كاتیی و له‌سه‌رخۆ بكه‌ین و بڵێین له‌سه‌رده‌می حوكمرانی ئه‌م پیاوه‌دا ناكرێت چاوه‌ڕێی گۆڕانی ڕژێمه‌كان بین و ئه‌مریكا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له په‌لاماردانی رژێمه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌وه ناگلێت. ئه‌مه‌س مانای كۆتایی ئه‌و سیاسه‌تی «گۆڕانی ڕژێم»ه‌كانه كه به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می بووشدا به‌شێك له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بوو.
سێهه‌م: تره‌مپ رقێكی تایبه‌تی له ئیسلام و موسڵمانانه و به‌سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی تێرۆر و خراپه‌كارییه‌كانی دونیای ئه‌مرۆیان ده‌زانێت، لێره‌وه ده‌شێت سیاسه‌تێكی توندیی به‌رامبه‌ر به هێزه ئیسلامییه‌كانی ناوچه‌كه بهگشپیی و به‌رامبه‌ر به ئێران به‌تایبه‌تی، هه‌بێت. به‌ڵام به‌بێئه‌وه‌ی بگاته ئاستی شه‌ڕ و پێكدادان.
چوارهه‌م: تره‌مپ باوه‌ڕی به ته‌ده‌خولی ئه‌مریكا له‌به‌شه‌كانی تری دونیادا نییه، ئه‌و سیاسهییهكی دوورهپهرێزكاره و تا بۆی بكرێت خۆی به‌ناوه‌وه‌ی ئه‌مریكاوه سه‌رقاڵده‌كات، isolationist. ئههمهش له‌زۆر سه‌ره‌وه بردنه‌وه‌ی ئه‌مریكایه بۆ قۆناغی به‌ر له دروستبوونی خه‌ون و ئایدیۆلۆژیای نیو كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان، كه پێیان وابوو ئه‌وه ئه‌ركی ئه‌مریكایه ده‌ستكاری دونیا بكات و ڕژێمه ستهمگهرهكان بگۆڕێت. ئه‌م سیاسه‌ته واده‌كات هێزی تری وه‌ك ڕوسیا و چین ڕۆلی زیاتر له خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاستدا بگێڕن و ڕۆلی ولاته ئیقلیمیه‌كان خۆشیان زیاتربێت له ناوچه‌كه‌دا.
پێنجه‌م: روانینی تره‌مپ بۆ ڕوسیا روانینێكی پۆزه‌تیڤه و پێیوایه پێویسته واز له روسیا بهێندرێت چی له سوریا و ئێران‌دا ده‌كات با بیكات. تره‌مپ پێیوایه روسیا له‌باتی ئه‌وان، یان وه‌ك ئه‌وان، له سوریادا داعش ئه‌كوژێت و به‌رگریی له ئه‌سه‌د ئه‌كات. له دیدی ترامپدا ئه‌سه‌د نه‌ك ته‌نها له داعش باشتره، به‌ڵكو ته‌نها كه‌سێكه ئه‌توانێت حوكمی ئه‌و جۆره وڵاتانه‌ی وه‌ك سوریا بكات.
شه‌شه‌م: وه‌ك ووتم ده‌شێت چاوه‌ڕێی فشار و تێكچونی په‌یوه‌ندیی نێوان ئێران و ئه‌مریكا بین، جونكه هه‌م ترامپ خۆی و هه‌م ئه‌و تیمه‌ی كه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی بۆ داده‌ڕێژن، دژه ئێرانن. به‌ڵام ئه‌م دژه ئێرانبوونه ناگاته پێكدادانی توندوتیژ.
حه‌وته‌م: سه‌باره‌ت به كوردستانیش ره‌نگه هه‌مان ئه‌و دیده دووره‌په‌رێزه پیاده‌بكات كه له شوێنه‌كانی تردا پیادهیدهكات. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هه‌رێم وئه‌مریكا و له‌وانه‌شه په‌یوه‌ندیی رۆژئاوای كوردستان و ئه‌مریكا، ساردی به‌خۆیه‌وه ببینێت و هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی كوردستان ئه‌و گرنگییه‌یان نه‌مێێت كه له قۆناغی هه‌بوونی داعشدا هه‌یانبوو.