سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتی ژمارە (٢٥-٢٦) تایبەت بەپێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەماوەی ئەو ساڵەدا زیاتر لە ١٣٨ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر بە ٣١٥ ڕۆژنامەنووس و ٤٧ دەزگای میدیایی تۆمارکراون.
بەپێی راپۆرتەکە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند کە پیشێلکارییەکان لەساڵی ٢٠٢٠دا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ زیادی کردووە.
بەپێی ئەو ئامارەی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆماریان کردووە کە لەلایەن سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان نەزاکەت حسێن، خوێندرایەوە رایانگەیاند ” لەساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٣١٥ رۆژنامەنووس پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە ٣٠٨یان نێر و حەوت ڕۆژنامەنووسیان مێ بوون، ٤٢ حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمارکراوە بەرامبەر ٩٨ ڕۆژنامەنووس ٤٧ حاڵەتی ڕێگری لە ڕووماڵ بەرامبەر بە ١٠٤ ڕۆژنامەنووس و ٣٢ حاڵەتی هێرشکردن بەرامبەر ٨٨ رۆژنامەنووس و هەشت حاڵەتی لێدان بەرامبەر ١٥ رۆژنامەنووس تۆمارکراوە”.
راشیانگەیاند “چوار سکاڵا بەرامبەر پێنج ڕۆژنامەنووس بەرز کراوەتەوە و سێ دەزگای میدیایی داخراون و یەک ڕۆژنامەنووسیش بەڵێننامەی کارنەکردنی لێوەرگیراوە”.
راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دابەشکاری پێشێلکارییەکانیشی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند “لە پارێزگای هەولیڕ ٤٦ حاڵەت، لە پارێزگای سلیمانی ٣٦ حاڵەت، لە پارێزگای دهۆک ١٤ حاڵەت، لە پارێزگای هەڵەبجە حەوت حاڵەت، لە شاری موسڵ ٢٥ حاڵەت و لە ناوچەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا و قەزای خانەقین و شاری بەغدا و ناوچەی ڕۆژئاوا هەریەکی یەک حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە”.
لەبارەی چالاکییەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیشەوە رایانگەیاند “لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا ١٠ بەیاننامە و چوار ڕێنمایی بۆ ڕۆژنامەنووسان و دوو روونکردنەوە و دوو داواکارییشیان بۆ دەسەڵات هەبوو”.
سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان نەزاکەت حسێن راشیگەیاند “لیژنەی بەرگری لە ئازادییەکانی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ یەکەم جار بەدواداچونێکی نوێینان بۆ کارەکانیان زیادکردووە، بۆ لەمەودوا ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر خانمانی رۆژنامەنووس تۆماردەکرێت لای خۆیان تۆماری دەکەن و دۆسیەی بۆ دەکەنەوە، بۆ ساڵی ٢٠٢٠یش لە بەدواداچوونێکی لیژنەکەدا دەرکەوتووە کە %٥٠ی ڕۆژنامەنووسانی مێیینە لە دەزگاکانی میدیایی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە و گێچەڵیان پێکراوە”.
بەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەدەمین لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا پاش بڵاوکردنەوەی ئاماری پێشێلکارییەکان رایگەیاند “ئەو بابەتەی کە پەیوەندی بە کەناڵی ئێن ئاڕتیەوە هەیە دەمەوێت باسی بکەم ئێمە وەکژ سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کاتێک کە رێنماییەکانی سپەیس دەرچوو پارێزبەندی زۆرمان لەسەر هەبوو قسەشمان لەسەرکرد، بەڵام راشکاوانە دەیڵێم و ئەوکاتیش وتمان داخستنی ئێن ئاڕتی بڕیارێکی یاسایی نەبوون و پیشێلکاری بوون”.
راشیگەیاند “لەبەر ئەوەی هیچ یاسایەکمان نییە بابەتی سۆشیال میدیا رێکبخات، ماوەیەکیشە پەیجەکانی هەواڵ لە سۆشیال میدیا لە فراوانبووندان و بەفتوایەکی ئەنجومەنی شوراش ئەو پەیجانە تۆمار دەکرێن بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنم داوا لەهەموو ئەو پەیجانە دەکەم کە زۆرینەیئان لۆگۆیان هەیە و لە بۆنەکان ئامادەدەبن بێن بۆ سەندیکا و خۆیان تۆماربکەن بۆئەوەی بتوانین لەکاتی کێشەیەکدا بەرگریان لێبکەین”.