بەگوێرەی ئامارەکان ڕێژەی بێكاریی لە هەرێمی كوردستان، لە زیادبووندایە و گەیشتوەتە نزیكەی ٢٥٪، بەرپرسانی سەندیکا کرێکارییەکانیش، هۆکاری بەردەوام زیادبوونی ڕێژەی بێکاریی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی پلانێکی تۆکمە و ئاماژە بۆئەوەشدەکەن، سەرباری زیادبوونی ڕێژەی بێکاریی، ئەو کارانەی دەست گەنجان دەکەون زۆر قورسن، دەشڵێن: تەنها لەمساڵدا ١٦ کرێکار لەکاتی کارکردندا، گیانیان لەدەستداوە.
هەرچەندە هیچ ئامارێکی فەرمیی بۆ دیاریکردنی ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکانی سەندیکاکانی کرێکاران، ئامارەکان بەردەوام لە زیادبووندان و بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەكگرتوەكانیش، ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان، لەنێوان ٢٠٪ بۆ٢٥٪ دایە و زۆرینەی بێكارانیش لەو گەنجانە پێكدێن كە خوێندنیان تەواو کردووە، بەجۆرێك لە ساڵی ٢٠١٣ ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان، ٧٪ بووە، بەڵام سێ ساڵ دواتر و لە ساڵی ٢٠١٦ گەیشتوەتە ١٤٪ و بۆ ئەمساڵیس ئامارەکە بۆ نزیکەی ٢٥٪ زیادی كردوە، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، نابێت ٥٪ تێپەڕ بکات.
سەرباری ئەوەی ڕێژەی بێکاریی تا دێت زیاد دەکات، هاوکات لەگەڵیشدا ڕێژەی مردنی کرێکاران لەکاتی کارکردندا بەردەوام زیادی كردوە و تەنها لە ماوەی ساڵی٢٠٢٠ لە هەرێمی کوردستان، ١٦ کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
پۆڵا ئەحمەد، بەپرسی بەشی کارگێڕیی سەندیکای بیناسازانی کوردستان، باس لەوە دەکات کە سەرباری زیادبوونی ڕێژەی بێکاریی، ئەو کارانەی دەست گەنجان دەکەون، زۆر قورس بوون و هەروەها بەهۆی دابین نەکردنی پێداویستییەکانی سەلامەتی و کەمتەرخەمیی خاوەن کارەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ تا ١٨ ی ئەم مانگە، ١٦ کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
ئەو بەرپرسەی سەندیکای بیناسازانی کوردستان، خستنەوەگەڕی پڕۆژەکان و دابینکردنی بیمەی بێکاریی لەلایەن حکومەتەوە، بە چارەسەرێکی باش دەزانێت بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بێکاریی.
بێكاریی، بە یەكێك لەو دەردانە دادەنرێت كە تووشی كۆمەڵگەكان دەبێت و توێژەران و شارەزایانی بواری كۆمەڵناسیش، بە سەرچاوەی زۆر دەردی دیكەی دەزانن لەوانە، کۆچکردنی گەنجان و زیادبوونی تاوانەکانی وەک دزیکردن و کوشتن.