بێرتۆلت برێخت
و. پێشڕەو محەمەد
/ئەمڕۆ یادی مەرگی لینینە، دوو ساڵ پێش ئێستا ئەم شیعرەم تەرجەمە کرد و دووبارە بەم بۆنەیەوە دایدەبەزێنمەوە/
دەڵێن
كاتێك لینین مرد
سەربازی سەر تەرمەكە، بە هاوڕێكەى دەگوت:
من نەمدەویست باوەڕ بكەم.
ڕۆیشتمە پێشەوە
لەو شوێنە كە ئەو خەوتبوو
بەگوێی ئەودا هاوارمكرد:
ئیلیچ! چەوسێنەران وا هاتن!
نەجوڵا.
و ئیتر من بڕوام بەخۆم هێنا كە مردووە
كاتێك پیاوێكی باش دەیەوێت جێمان بێڵێت
چۆن دەتوانین بیوەستێنین؟
پێی بڵێیت بۆچی كە بوونی گرنگە
ئەمە دەیپارێزێت
چ شتێك دەیتوانی لینین بپارێزێت؟
ئەو سەربازە بیری دەكردەوە
ئەگەر ئەو ببیستێت كە چەوسێنەران دێن
تەنانەت ئەگەر نەخۆشیش بێت هەر هەڵدەستێت
ڕەنگە بە دارەدەستی ژێر باڵییەوە بێت
ڕەنگە لەسەر شان و بازووی كەسێك
بەڵام هەرچۆنێك بێت هەر هەڵدەستێت
و دێت
تا دژی چەوسێنەران بجەنگێت
سەرباز ئەوەى دەزانی كە لینین
هەموو ژیانی بۆ دژی چەوسێنەران تەرخانكردبوو
ئەم سەربازە كاتێك كە كۆمەكی بە گرتنی كۆشكیی زستانیی كردبوو
دەیویست بگەڕێتەوە
بۆ ماڵەوە
چونكە ئیتر
زەویی ئاغاكان دابەشكرابوون
بەڵام لینین بەوی گوتبوو: كێوە دەچی؟ لێرەبە!
هێشتا چەوسێنەران ئەوانیدیكەن
و مادام چەوسێنەر بوونی هەیە
دەبێت لەدژیدا بجەنگییت
مادام چەوسێنەرێك بۆت لەبۆسەدایە
دەبێت بەڕوویدا بووەستیتەوە
لاوازەكان خەبات ناكەن
بەهێزترەكان ڕەنگە بۆ سەعاتێك،
و دیسان ئەوانەى كە بەهێزترن
ساڵانێكی دوورودرێژ دەجەنگن
بەڵام بەهێزترینەكان هەموو تەمەنییان خەبات دەكەن.
ناكرێت چاو
لە بوونی ئەوان
بپۆشرێت
كاتێك ستەم كەڵەكە دەبێت
زۆرێك دڵتەنگ و نائومێد دەبن
بەڵام شەهامەتی ئەو بەرز دەبێتەوە
ئەو خۆی ڕێكدخات خەباتەكەى
لەپێناوی چا و كرێ
و لەپێناوی
دەسەڵات لەحكومەتدا
ئەو لە سامان دەپرسێت: لەكوێندەرێوە هاتووی؟
ئەو لە بیروباوەڕەكان دەپرسێت: خزمەت بەكێ دەكەن؟
لەهەرشوێنێك بێدەنگی هەبێت، ئەو قسە دەكات
و لەهەركوێیەك ستەم كەڵەكە دەبێت و باس لە چارەنووس دەكرێت
ئەو ناوی بەرپرسان ئاشكرا دەكات.
كاتێك لەسەر مێز دادەنیشێت
ئەوە ناڕەزایەتییە كە دادەنیشێت
خۆراك خراپ دەبێت
و فەزا بەرتەسک و تاریك دەبێت.
بۆ هەركوێیەك دوور بخرێتەوە
یاخیبوون بۆ ئەوێ دەگوازێتەوە.
و لەو شوێنەدا كە بۆی دوور خراوەتەوە
نائارامی هەر ماوەتەوە.
ئەو كاتەى لینین مرد و ئیتر بزر بوو
سەركەوتن بەدیهاتبوو
بەڵام وڵات هێشتا وێران بوو
خەڵك كۆت و بەند بوو
بەڵام
ڕێگا هێشتا هەر تاریك بوو.
كاتێك لینین مرد
سەربازان لەسەر سەكۆكان دانیشتن و ڕایانكرد
و كرێكاران لەژێر ئامێرەكان ڕایانكرد و دەستەكانیان جوڵاند.
كاتێك لینین ڕۆیشت
وەك ئەوە وابوو درەخت بە گەڵاكانی بڵێت: من ڕۆیشتم!
پانزە ساڵ بەسەر ئەوڕۆژەدا تێپەڕیوە
یەك لەسەر شەشی زەوی لە دەستی چەوسانەوە ڕزگار بووە
بەهۆى هاواری “چەوسێنەران وا هاتن!”
خەڵك هەموو ڕۆژێك سەرلەنوێ هەڵدەستنەوە
دەست لەسەر سنگ بۆ خەبات.
لینین لەنێو دڵی گەورەى چینی كرێكاردا نووستووە.
ئەو مامۆستای ئێمە بوو
ئەو هاوشانی ئێمە خەباتی كرد
ئەو لەنێو دڵی گەورەى چینی كرێكاردا نووستووە.