كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، ئەمشەو چوارشەممە رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی تاوەكو ئەمڕۆ هەشت كەس كوژراون و 54 كەسی دیكەش برینداربون. دەشڵێت: موچە مافێكی دەستورییەو داوا لە هەردو حكومەتی عێراق و هەرێم دەكات دا.
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، چاودێری ئەو روداوە نیگەرانكەرانە دەكەن كە لەمیانی خۆپیشاندانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی كەوتونەتەوە، لەئاكامی دواكەوتنی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران و نیگەرانن لەوەی شەهید و بریندار لە خۆپیشاندانەكان كەوتونەتەوە بەهۆی پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان.
ئاماژەی بەوەشداوە كە لە خۆپیشاندانەكاندا گازی فرمێسكڕێژ، گوللـەی پلاستكی و گوللـەی زیندو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەكارهێنراون و لەڕۆی 3ی 12 تاوەكو ئەمڕۆ 9ی 12/2020 هەشت كەس كوژراون و 54 كەسی دیكەش برینداربون.
بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هەندێك لە خۆپیشاندەران بنكەو بینای چەند دامەزراوەیەكی دەوڵەت و هەروەها بارەگای ژمارەیەك لایەنی سیاسیان سوتاندوە.
هەروەك ئاماژەی بە بڕینی هێڵی ئینتەرنێت و فیلتەركردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داخستنی كەناڵی ئێن ئاڕ تی كردوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتەوەو هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە
لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی لەنێوان “پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەدا” داوە.
كۆمسیۆنەكە لەگەڵ ئەوەی جەختی لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە كردۆتەوە داواشی لە سەرجەم لایەنەكان كردوە دان بەخۆیاندا بگرن و داواشی لە خۆپیشاندەران كردوە هاریكاری هێزە ئەمنییەكان بن لە پاراستنی موڵی گشتی و تایبەتدا و هەروەك داواشی لە هێزە ئەمنییەكان كردوە خۆپیشاندەران بپارێزن و رێگە لەهەر توندوتیژییەك بگرن.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا، كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق جەختی كردۆتەوە كە موچەی مافێكی دەستوری و مرۆییەو داوای لە هەردو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كردوە بەپەلە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەران.
هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە داوایان لە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق كردوە پێكەوە تیمێكی هاوبەش پێكبهێنن بۆ چاودێریكردن و بەدواداچونی روداوەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی.