ھەموومان دەزانین مافی چارەنووسی گەلان، مافێکی ڕەوایە و پێویستە گەل خۆی بڕیاری لەسەربدات و شێواز و دەرفەتی گونجاوی بۆ دەستەبەر بکات، ئەوەش دەزانیین کە یاساو و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ئەو مافەی دەستەبەر کردوە و لە بەڵگەنامەکانی خۆیاندا وەک پرنسیب چەسپاندویانە، ئەو بابەتە بوارێکە و ئێرە شوێنی باس و خواستی نییە . ھەر چۆن نامەوێ لە بارەی چۆنییەتی بریاردانی کاتی ڕیفراندۆم و ڕەھەند و مەترسییەکانی و وردەکاری نێو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بدوێم، نایشمەوێ لەم وتارە ھەڵسەنگاندن لەبارەی ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لەھەرێمی کوردستان بکەم، بەڵکو دەمەوێ تێبینییەکانی خۆم لە سەر (تاپۆ ڕەش)ەکە و ئەنجامەکانی ڕێفراندۆم بخەمە ڕوو، کە دەیان بەر پرس لەدوای لە دەستدانی ٥١% خاکی کوردستان ئەو دەستەواژەیان بەکارھێنا لە ژێر (ناوی ڕۆژیک دێت ئەو کارتە بەکار دێنین ). لەو بارەوە تەنھا ئەم پەندە دەخەمەڕوو کە دەڵێت (کاروبارەکان بەپێی دەرئەنجامەکانی دەپێورێ )، جا ھیوادارم لەمەبەست و مەغزای ئەم پەندە تێبگەن.
سەدەی بیستەم، سەدھی بەد ئەخلاقی زلزھێزەکانە بەرامبەر کورد، سپاردنی چارەنووسی ملیۆنان ئینسانە بۆ سێ نەتەوە و دواتر چوار دەوڵەت لە پێناو قازانجی خۆیان، کە دەرئەنجامی دروست بوونی ئەو دەوڵەتانە دۆزەخێک بۆ گەلی کوردستان دروست دەبێ کە ھەرچی تاوانی مرۆڤایەتی ھەیە بەرامبەری بەرپای دەکەن، تا یٔاستی جینۆساید، ئەو بەرژەوەندیانە ئێستا وەک خۆیانن، دیدی بەدئەخلاقی زلھێزەکان شتی وای لێنەگۆڕاوە، پرسیار ئەوەیە: ئایا ڕۆژیک دێت ئەو وڵاتانە پاشگەز ببنەوە و بەرژەوەندییەکانیان لەگەل مافەکانی گەلی کوردستان یەکبگریتەوە؟ ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زەمەنێک دێت باوەڕەی ئەوبریارە بدەن؟ کەواتە کاتێ بخوازنئەو بریارە بدەن، ئەو دەمە پێویستییان بە تاپۆ ڕەشەکەیە؟
دیوەکەی تری ئەم بابەتە (سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقعە) ھەر وەک چۆن ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی داعشدا سەرکەوتنی بەدەستھێنا و ناوچە کوردستانییەکانی ئازادکرد و بەرپرسانی خۆمان حوکمڕانی ئەو ناوچانەیان کرد لە ڕووی ئیداری و ئەمنی و ئابوریشەوە بە دۆسییەی نەوتێشەوە .
لە کوردستان ساڵانێکە سیاسەت دەکرێت و مێژووی دوور و درێژمان ھەیەو مێژوویش دەخۆینیینەوە ئەرێ کاتێک ڕاپەڕینی ئازار ڕوویداو بە شێک لە ناوچە کوردستانییەکان ئازاد کران، بریاری٦٨٨ بەمەبەستی پاراستنی ئەو سنوورە درا، خۆ ڕیفراندۆممان نەکردو و (تاپۆ ڕەشەکەمان)یش نەبوو؟!
خەباتی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و بەدیھێنانی ئەو خەونە کۆتایی نەھاتووە، ئەو خەونە دەبێ بکەینە پرۆژە، کاری شلگیرانە و ھەمەلایەنی بۆ بکەین، ھەڵبەت لەسەر زۆر ئاست، پێش ھەر شت لەئاستی نێوخۆیی و ئینجا تێگەیشتن لە ھەلومەرجی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکان، ئەوە چەند دەخایەنێت؟ نازانم، بەڵام یەقینم زوو یا درەنگ ئەو خەونە دێتە دی، بۆیە ئەو کاتە پێویستیمان بە (تاپۆ ڕەشەکە) نابێت.
بڕوام وایە بەکارھێنانی ئەو دەستەواژەییە خۆدزینەوەیە لە چارەسەرکردنی قەیرانە کەڵەکەبووەکان، یاریکردنە بە سۆز و عاتیفەی خەڵک و خۆڵکردنە بەچاوی خەڵکەوە، دروست وایە چیتر بەرپرسانی شکستخواردوو یاری بە خەڵکی ھەژار و ستەمدیدەی گەلەکەمان نەکەن .