زۆربەی سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوەدەکەن ئەمریکا بەعێراقی راگەیاندووە، لەماوەی ٩٠ رۆژدا باڵوێزخانەکەی دادەخات، ئەگەر عێراق نەتوانێت جڵەوی میلیشیا شیعەکان بکاتو هێرشەکانییان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا رانەگرن.
?مانای ئەم ئاڵوگۆڕە دراماتیکییە چییە؟
?ئیفلاسی ستراتیژی ئەمریکا لەعێراق سەردەمێک ئەمریکا پێداگری لەسەرئەوە دەکرد عێراق دەکەنە باڵەکۆنەیەکی دیموکراسی لەرۆژهەڵاتی ناوەراستو پێگەیەکی بەهێزی ئەمریکاو فاکتەرێکی بەهێز بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز، بڕیار یان هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانە، مانای وایە لەئێستادا ئەمریکا دەستبەرداری ئەم پرسانەو تەنانەت پرسی عێراقێکی نیمچە دیموکراتو سەقامگیریش بووە.
? مەرجی ئەمریکا بۆ دانەخستنی باڵیۆزخانەکەی ئەوەیە کە هەموو میلیشیاکانی حەشدی شیعی لەناوچەی سەوزو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دەربکات، ئەمەش، سازشو ئاڵوگۆڕێکی گەورەیە لەخواستی چەند رۆژ پێشتری ئەمریکا کە داوای کۆنترۆڵکردنو سنوردارکردنی میلیشیاکانی حەشدو سنوردارکردنی رۆڵی ئێرانە.
? دابەزینی ئاستی داخوازییەکانی ئەمریکا لەحکومەتەکەی کازمی، بەتایبەتیش کە هێشتا چلەی دیدارەکەی ترەمپ-کازمی تێنەپەڕیوە، بەمانای دەسبەرداربوونی ئەمریکا دێت لە کازمی.
?لێکەوتەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە دراماتیکییە چین؟
چاودێران پێیانوایە لەحاڵەتێکدا داخستنی باڵیۆزخانه بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەمریکا کۆمەڵێک ئیجرائات دژی عێراق دەکات لەوانەش:
?گورز وەشاندن لەدامەزراوەی حەشدو بەئامانجگرتنی سەرکردەکانییان.
? گەمارۆخستنەسەر بەرپرسو دامەزراوە عێراقییەکان، لەوانەش بانکی ناوەندی عێراقی.
? هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چاوپۆشیکردن لەعێراق لەکڕینی غازی ئێرانی، هەفتەی رابردوو ئەمریکا ٦٠ رۆژی تری بۆ کڕینی غازی ئێرانی درێژکردەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەرەسی کەرتی کارەبای عێراقی.
?ئەمریکا چیتر پشتیوانی فرۆشتنی نەوتی عێراق ناکات، بەواتایەکی تر، عێراق بواری دەبێت کەمتر لەو بڕە نەوتەی ئێستا بفرۆشێت.
?ئەمریکا پشتیوانی ئاسمانیو هەواڵگری بۆ عێراق لەشەڕی دژە داعشا رادەگرێت یان سنووردار دەکاتەوە، ئەوەی ئێستا داعشی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵەوە، هێزی حەشدو سوپای عێراقی نییە، هێزی ئاسمانیو هەواڵگری ئەلیکترۆنی ئەمریکایە.
?هێزی ئاسمانی عێراقی توانای جەنگی دژە تیرۆری نییە، بەگوێرەی چاودێران، لەو ٢٠ فڕۆکەی ئێف ١٦ی عێراق هەیەتی، تەنها حهوت فڕۆکە توانای کاریان هەیەو ئەمیش تەنها ٣ تا ٤ جار فڕین لەرۆژێکدا، جگە لەوە، عێراق کۆنتراکتی تەزویدکردنی ئەم فڕۆکانەی بەتەقەمەنی لەگەڵ ئەمریکا نییە، ئەمەش بەواتای زەمینە رەخسان بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش دێت.
? لەحاڵەتی بەردەوامبوونی عێراق لەمامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا، بەتایبەت لەبواری گازدا، ئەمریکا سزا دەخاتەسەر عێراق.
? راستە ئێران براوەی سەرەکی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەبێتو گۆڕەپانەکەی بۆ ئاوەڵا دەبێت، بەڵام بەهۆی سزا قورسەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێڕان، عێراق شادەماری زیندوومانەوەی ئابووری ئێرانەو پاشەکشەی ئەمریکاو سزای سیاسیو ئابووری بۆسەر عێراق بەمانای بڕینی ئەو شادەمارەیە، نهێنی رازیبوونی ئێرانیش بەوەی کازمی ببێتە سەرەک وەزیری عێراق نەبڕینی ئەم شادەمارەی ئابووری ئێران بوو.
بەکورتی، دۆخی عێراقو پەیوەندییەکانی ئەمریکاو عێراق هەرگیز ناگەڕێتەوە پێش بڕیار یان هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانهى ئەمریکا لەعێراق.