لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ و ڕاگەیاندن ژمارەی قوربانییەکان‌و هێرشە درۆنیەکان بۆ سەر کوردستان لەهەڵکشاندان

ژمارەی قوربانییەکان‌و هێرشە درۆنیەکان بۆ سەر کوردستان لەهەڵکشاندان

0 تێبینییەکان 44 بینینەکان

ئا: محەمەد هاوژین

هێرشی ئەمەریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ماوەی ١٤ رۆژە ئاگری لەناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست بەرداوە، ئەم ئاگرە هەرێمی کوردستانیشی گرتوەتەوەو ١٤ رۆژی بەردەوامە درۆن‌و رۆکێت‌و هاژەک ئاڕاستەی هەولێرو سلێمانی‌‌و هەڵەبجەو دهۆک دەکرێت، بەهۆی ئەم هێرشانەشەوە سات بەسات ژمارەی هێرشی درۆن‌و هاژەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاترو خێراتر دەبێ‌و ئاماری قوربانیەکانیش لەهەڵکشاندایە.

لەماوەی ١٤٤ رۆژی رابردوودا، چەندین شارو شارۆچکەی هەرێمی کوردستان بوونە گۆڕەپانی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی‌و هاژەک‌و رۆکێت، ئەم ڕووداوانە لەکاتێکدا دێن کە جەنگ لەناوچەکەدا پەرەیسەندووە.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات له‌یەکەم رۆژی هێرشه‌كانی ئه‌مریكاو ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێرانەوە تاوه‌كو ئێستا، ئێران‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ هاوپه‌یمانە‌كانی، نزیکەی ٣٠٠ هێرش‌و بۆردومانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه‌و به‌هۆیانه‌وه‌ ٦ كه‌س گیانیان لەدەستداوە‌ کە چواریان پێشمەرگەی‌و هاوڵاتی رۆژهەلاتی کوردستانن لەگەڵ سەربازێکی فەرەنسی، ٣٥ كه‌سی تریش برینداربون کە ١٤ کەسیان پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن لەگەڵ شەش سەربازی فەرەنسی، ئەو بەئاوێنەی وت “لە٢٨ی شوباتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران‌و گروپەکانی سەر بەمقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن، سەرباری بەئامانج گرتنی کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لەهەولێر، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، کامپی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات‌و فڕۆکەخانەی هەولێرو کێڵگەی نەوتی‌و هۆتێل‌و ناوچەی نیشتەجێبون‌و بارەگای کۆنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان‌و بورجی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن‌و بارەگای فەرماندەیی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانیان بەئامانجگرتووە”.

کامەران ئەوە رووندەکاتەوە کە زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر هەولێر بووە، ئەو وتی “زۆربەی هەرە زۆری هێرشەکان بۆ سەر هەولێر بووەو سلێمانیش بەپلەی دووەم دێت، چەند هێرشێکیش کراوەتە سەر پارێزگاکانی دهۆک‌و هەڵەبجە”.

وتیشی “بەشێک لەهێرشەکانیش بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون لەهەرێمی کوردستان‌و ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی لەئەستۆ گرتووە، بەشێکی زۆریشیان هێرش بووە بۆ سەر کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لەهەولێرو بنکەی سەربازی‌و بارەگا پەیوەندیدارەکان بەئەمریکا، نیوەی هێرشەکانیش بۆ سەر هۆتێل، ناوچەکانی نیشتەجێبون، بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە، کێڵگەی نەوتی، کۆمپانیاو شوێنە ئاوەدانە مەدەنی نشینەکان بوون‌و پێشبینی دەکرێ بەهۆی درێژکێشانی ئەم شەڕەشەوە، هێرشی درۆن‌و هاژەک‌و رۆکێت زیاتر تەنگ بەکوردستان هەڵبچنێت”.

ئەوەی ئەم هێرشانە لەزۆربەی هێرشەکانی  پێشووتر جیادەکاتەوە کە لەساڵانی رابردوودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان‌و هیچ لایەنێک بەفەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لێ ڕانەگەیاندووە، زیاتر لەپەیامێکی هۆشداریی رەمزئامێز بوون تا کردەیەکی سەربازیی، لەم هێرشانەدا گروپێکی سەر بە بەرەی مقاوەمە بەناوی “سەرایا ئەولیا دەم” بەرپرسیارێەتی ئەو هێرشانەی گرتوەتە ئەستۆو بەشێکیشیان کۆماری ئیسلامی ئێران بەفەرمی بەرپرسیاریەتی خۆی راگەیاندووە.

 سەرایا ئەولیا دەم، گروپێکی میلیشیایی شیعەی سەر بە ئێرانەو زۆربەی چالاکییەکانی دژ بەهەرێمی کوردستان بەگشتی‌و هەولێر بەتایبەتی بووە.

سەرایا ئەولیا دەم، لەساڵی ٢٠٢٠ دامەزراوەو تاکە ئامانجی ئەو گروپە ئەنجامدانی هێرشی درۆنیی‌و موشەکە بۆ سەر ئەمریکییەکان‌و بنکەو کونسڵخانەکەیان لەهەرێمی کوردستان‌و لەساڵی ٢٠٢١دا بۆ یەکەمجار بەرپرسیاریەتی هێرشێکی بۆ سەر هەولێر گرتە ئەستۆ، کە ژمارەیەک کوژراوو برینداری لێکەوتەوە، لەنێویاندا سەربازێکی ئەمریکی بوو.

پەیمانگای ئەمەریکی نۆ لێکۆڵینەوە لەراپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە “سەرایا ئەولیا دەم”، پەیوەندی بەگروپی “عەسائیبی ئەهلی حەق”ەوەیە، کە قەیس خەزعەلی سەرکردایەتی دەکات‌و هەموو چالاکییەکانی ئەم گروپە لەلایەن میدیای “صابرين نيوز”ی سەر بەعەسائیبەوە یەکەمجار بڵاودەکرێنەوە.

بەشێک لەچاودێرانیش بەدووری نازانن کە  سەرایا ئەولیا دەم، پەیوەندی بە”کەتائیبی سەید شوهەداو حەرەکەی نوجەباو حزبوڵای عێراق”ەوە هەبێت، کە راستەوخۆ فەرمان لەسوپای پاسدارانی ئێران وەردەگرن‌و درۆنەکانیشیان هەموویان دروستکراوی ئێرانن یان دورستکراوى چین‌و پەرەپێدراوى ئیرانن.

هێرشی ئەم گروپانەی مقاوەمە زیاتر کاردانەوەن بەرامبەر بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئێران، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە لەمیدیاکاندا باس لەوە کرا ترەمپ پەیوەندی بەسەرکردە کوردەکانەوە کردووەو بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی حزبەکانی رۆژهەڵات بچنە ئێرانەوەو رۆڵ ببینین لەڕوخانی کۆماری ئیسلامیداو راثەڕینی جەماوەری بەرپا بکەن.

لیوا عادل کاکەیی، فەرماندەی پێشووی بنکەی سێی ھەولێر لەوەزارەتی پێشمەرگەو شارەزای کاروباری ئەمنی‌و سەربازی، بەئاوێنەی وت “ئێمە کەوتوینەتە نێو قەیرانێکی ئەوپەڕی نادیار، ئاڕاستەی داهاتوو تەمومژاوییە، هەرچەندە هەموو بەرپرسانی هەرێم جەغت لەوە دەکەن کە هه‌رێمی كوردستان به‌شێك نییه‌ له‌ شه‌ڕو ناشبێته‌ پێگه‌یه‌ك بۆ نیگه‌رانیی ئێرانی دراوسێمان، بەڵام ئێران بەگومانەوە لەکورد دەڕوانێت‌و بەردەوام هەڕەشە دەکات کە ئەگەر ھێزی پێشمەرگەی رۆژهەلات بێتە ناو ئێران، سەرجەم دامەزراوەکانی ھەرێم دەکەینە ئامانج، هەر لەم روانگەیەشەوە میلیشیاکانی عێراق کوردستانیان کردوەتە ئامانج، چونکە کوردستان بەدوژمنی سەرسەختی خۆیان دەزانن”.

کاکەیی جەغت لەوە دەکات کە پێویستە حکومەتی عێراق بەئەرکی دەستوری‌و یاسایی خۆی هەڵسێت لەبەرامبەر ئەو دەستدرێژیانەی کە لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل‌و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستیپێکردوەو بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لەهاوڵاتیانی کوردستان، ئەو وتی “هەموو ئاماژەکان روەو ئەو ئاڕاستەیەن ئەگەر شەڕ درێژە بکێشێت زیانی گیانیمان دەبێت لەگەڵ زیانی مەعنەویی‌و دەرونی‌و ئابوری”.

ئەگەرچی زۆربەی هێرشەکان لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمریکاوە لەهەولێر ڕێگرییان لێکراوە، کە بنکەو کونسوڵخانەکەیان دەپارێزن، بەڵام لەپارێزگای سلێمانی‌و گروپە بەرهەڵستکارەکانی کوردی رۆژهەڵات ڕۆژانە بەردەوامن‌و نیگەرانییەکی توندی لای دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی دروستکردووەو پێشبینیش دەکرێ رەوتی ئەم هێرشانە لەسەر هەرێمی کوردستان بەهۆی درێژەکێشان‌و فراوانتربوونی شەڕەکەوە لەهەڵکشانی زیاتردا بێت.

جەبار یاوەر، شارەزای کاروباری سەربازی‌و ئەمنی‌و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، زۆربەیان هێرشی درۆنین‌و بەتایبەتی لەلایەن “ئەولیای دەم”ەوە بەرپرسیارێتییان لەئەستۆ گیراوە، ئەو وتی “تا ئێستا ئێران بەشێوەی فەرمی نەیووتووە ئەوە ئێمەین کە هێرش دەکەینە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوە نەبێ کە وتیان فڕۆکەخانەی هەریریمان بۆردومان کردووە بەچوار رۆکێت، یاخود رایانگەیاندووە کە بنکەو بارەگای هەندێ لەگروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردییان لەسورداش‌و زڕگوێزو کۆیە بەئامانج گرتووە، ئەو بەئاوێنەی وت “ئەو درۆنانانەی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، زۆنی هەڵدانیان زیاتر لەموسڵ‌و نزیکی مەخمورو لەکەرکوکەوەیەو لەشوێنی جیاجیاوە دێن، چونکە لەو ناوچانە هێزی ئەو گروپانە هەن کە خۆیان بەمقاوەمەی ئیسلامی ناودەبەن، وەک عەسائیب‌و کەتایبی سەید شوهەداو کەتایبی ئیمام عەلی‌و حزبوڵاو رۆژانە بنکەکانیان لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیلەوە بەئامانج دەگیرێن”.

سەبارەت بەمەترسییەکانی ئەم شەڕەش بۆ هەرێمی کوردستان، یاوەر وتی “لەیەکەمین رۆژەوە کە شەڕ دەستی پێکردووە مەترسی هەبووە بۆ هەرێمی کوردستان‌و هەموو ناوچەکە، وڵاتانی کەنداو تا دەگات بەتورکیاو ئازەربایجان، هەرێمی کوردستان هاوسنوورە لەگەڵ ئێران‌و جگە لەمەترسییە ئەمنی و سەربازییەکانی، دەرهاویشتەیەکی زۆریشی هەیە، بۆ نمونە کۆمپانیای داناغاز ئێستا غاز بەرهەم ناهێنێ‌و کارەبا نییە، زۆر لەکۆمپانیا نەوتییەکان کارەکانیان راگرتووە، بەرهەمهێنیان لە ٢٠٠ هەزار بەرمیلەوە دابەزیوە بۆ ٧٠ هەزار بەرمیل، واتە یەک لەسەر سێ کەمی کردووە، چونکە هەندێک لەو کێڵگە نەوتیانە بەئامانج گیراون‌و بەرهەمهێنانیان راگرتووە، رۆکێت‌و درۆن هاموشۆی فڕۆکەخانەکانی پەکخستووە، نرخی دۆلارو خۆراک بەرزبوەتەوە، ئەمانە هەمووی دەرهاویستەی ئەو شەڕەن”.

وتیشی “کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی زۆر زیانمەند بووەو بێگومان ئەگەر ئەم شەڕە درێژە بکێشێت لەهەموو رووییەکەوە زیاتر زیانمەند دەبێت”.

سەرچاوە:ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە