ئەوکاتەی ھەولێر بوو بە پایتەختی گەشتیاری عەرەبی، ساڵی 2014بوو، پێش ئەوکاتەش ھەموو ھەوڵێکی سیاسەت و بەڕێوەبردنی ئەم شارە بە جۆرێک بوو چاوی میدیای دەرەکی وە سەرنجی دەرەوە، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی بۆخۆی ڕابکێشێت، بەشێوەیەک وەک ئیماڕات و دوبەی دەربکەوێ، لەڕاستیدا وا بیندرا ئێمەش وەک خەڵکی ئەم شارە وا دەمان بینی! بەڵام دەرکەوتن و نواندن زۆر جیاوازە لەگەل ژیانە “واقع”و ڕاستیەکەی کەتێیدا بوین.
ڕۆژانە بەچاوی خۆمان دەمانبینی چۆن پێشبڕکێی ھێنانی ئەکتەر و ھونەرمەندە جیھانیەکان یان دەکرد، بەجۆرێک وای لێھاتبوو لامان ئاسای بوو {ئینسا و ڕاغب علامە و ئەنجلینا جولی و نانسی عەجرەم…} دەیان ھونەرمەندی تری ھۆلیود و بۆلیود، جگە لە عەرەبەکان کە ھەموو رۆژێ لە ھۆتێل و شوێنە ڕاقیەکانمان دەردەکەوتن.
ئیدارەو حوکمڕانی و سیاسەتی نمایش ئەنجامی ئەمڕۆی لێ چاوەڕوان دەکرا!
نمایش بەجۆرێک بوو تەنھا، بۆ ئەوەی بڵێن ھەولێر پێشکەوتووە دەیان ملیۆن دۆلار خەرج دەکرا،
بەڵام نەچوون دەسەڵات دارانی ئەم شارە بیرلە چاکردنی کەرتی تەندروستی وە خەرجکردنی تەنھا ١٧ملیۆن دینار بکەنەوە بۆ کارگەی ئۆکسجینی (نەخۆشخانەی ڕزگاری) کە ئێستا دەبینین چ کارەسات و قەیرانێکی بۆ کەرتی تەندروستی لە ھەولێر دروستکرد.
کارەساتەکان لە نەبوونی پارە نەبووە، بەڵکو لە زۆری داھات و نەزانی و ئیھمالی ئیدارەو سیاسەتی ئەم شارە بووە، ھەموو ھەوڵێکیان بۆئەوە بووە، بڵێن ھەولێر پێشکەوتوە، بەڵام لە ناوەرۆکدا پێشکەوتنەکە بەس لە دیوی دەرەوە شوێنە دیارو بەرچاوەکان بووە، ئەوانەش، چەند گەرەکێکە کە تایبەتە بە کۆمەڵێك خەڵکی بیانین، لەناو ئەوانەش کۆمەڵێ سەرمایەداری وەک خۆیان، چەند کافتریاو رێستورانتێکی(بڕاندە) ئەویش ھەم دیسان خزمەت نیە بە خەڵکە ھەژارەکە، چونکە کەسانی مام ناوەندیش لەڕووی مادی رەنگە بۆیان نەکرێت چاو ئاوێک بە،(15,000) ھەزار لەم شوێنانە بخۆنەوە، (ئەشیعە)یەکی ڕەنین بگرن لە نەخۆشخانە ئەھلیەکان بە بڕی(100,000)سەت ھەزار دینار.
خزمەتەکان و شوێنە پێشکەوتوەکان و بڕاندە جیھانیەکان کەواتە خزمەت و پێشکەوتن بوون، بەڵام بۆ کێ!؟
ئەو بڕە پارەی لە بەنزینخانە و باڵەخانەی بەرز و کۆمپانیای ھاوردەکردنی کەلوپەل و ئۆتۆمۆبیلی جۆراو و جۆر خەرجدەکرا، بۆ چاککردنی ڕێگاوبان
و بەجۆر کردنی ھۆکارەکانی گواستنەوە و دابینکردنی پێداویستی کۆمپانیاکانی بەرھەم ھێنان زەرورەت بوون، ھاوبەشیان لەگەڵ کۆمپانیا جیھانیەکان بکردایە بۆ برەویان بدابایە بەکەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی پێشخستنی کەرتی تەندروستی و دەرمان، بەئەمڕۆ نەدەگەشتین.
کەواتە زۆربەی کارەکانیان خزمەت بووە بەو بەشەی کە زۆرترین قازانج و دەسکەوت دەکات تەنھاو تەنھا، تایبەت بووە بەخۆیان لەم شارە.