وەزیری ژینگەی عێراق ئاشکرایکردووە کە عێراق ساڵانە 116 رۆژ شەپۆلی خۆڵبارین بەخۆوە دەبینێت، هەروەک پێشبینیشی کردووە کە ئەگەر بێت دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و رێگەچارەی پێویستی بۆ نەگیرێتەبەر، ئەوە مەترسییەکە بگاتە ئاستێکی بەرزتر.
جاسم فەللاحی وەزیری ژینگەی عێراق لەلێدوانێکی ئیزگەییدا وتویەتی: ساڵانە لەعێراق نزیکەی 116 شەپۆلی خۆڵبارین روودەدات، کە ئەوەش پێویستی بە دانانی پلانی ستراتیژیی کورتمەودا و مەودا مامناوەند و پلانی درێژخایەن هەیە، لەبەرئەوەی ئەگەر بێت و ڕێگەچارەی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوە ڕێژەکە زۆر لەوە بەرزتر ببێتەوە، لەوانە بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕواندنی درەخت لای خەڵک و درووستکردنی پشتێنەی سەوزایی .
لای خۆشیەوە، سادق عەتییە شارەزای بواری کەشناسیی عێراقیی وتویەتی: شەپۆلەکانی خۆڵبارین دیاردەیەکی کەشناسییەوە لەهەموو جێگایەک روودەدات، پێشبینیکردنی کاتی روودانی و دیاریکردنی ماوەی مانەوەکەشی قورسە، دەشڵێت ئەوەی لەبەشێک لە میدیاکان باسی لێوەدەکرێت بەوەی لەداهاتوودا ساڵانە شەپۆلەکانی خۆڵبارین دەگاتە 300 رۆژ، پێشبینییەکی نازانستییە.
دەشڵێت هەر عێراق زەرەرمەندی شەپۆلەکانی خۆڵبارین نییە، بەڵکو هەموو ناوچەکە بەهۆی کەشوهەوای نیمچە بیابانییەوە بەدەست ئەو دۆخەوە دەناڵێنێت، هەر لە نیمچەدورگەی عەرەبییەوە تاوەکو دەگاتە بیابانی خۆرئاوی عێراق و بادیەی سوریی.
سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین عەتییە دەڵێت: کەمی ڕێژەی باران بارین لە زستاندا لەهەریەک لە عێراق و وڵاتی شام و نیمچەدورگەی عەرەبیی رۆڵی هەبووە لە زیادبوونی رووبەری بەبیابانبوون، کە ئەویش هۆکارەکەی کەمی ڕێژەی سەوزایییە کە دەبێتە هۆی زیاتر خۆگرتنی خاک و ڕێگریی لە رووتانەوەی.
بەوتەی عەتییە خۆڵبارین هیچ سوودێکی نییەوە وەک ئەوەی بەشێک لە میدیاکان باسی لێوەدەکەن، بەڵکو بەپیچەوانەوە زیانی ژینگەیی و تەندرووستیی هەیە، رەنگە تاکە سوودی بریتیی بێت لە گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی -شارپرێس