نامەی مارکس بۆ پرۆدۆن.
برۆکسل
٥\٥\١٨٤٦
خۆشەویست پرۆدۆن:لەو کاتەوەی کە ‘پاریس’م بەجێھێشتوە لەبیری ئەوەدام کە نامەت بۆ بنووسم بەڵام بارودۆخەکە، کە بەدەر بوون لە کۆنترۆڵم، بەربەستبوون لە نوسینیا. زیادەسەرقاڵی و بێزاریم و ھاوکاتیش گواستنەوەم بۆ خانویەکی دیکە، ئەمانە ھۆکارەکانی بێدەنگیم بوون، تکایە باوەڕم پێبکە.
وێڕای ھەموو ئەوانەش ئێستا بە ھاوکاری دووان لە برادەرەکانم ، فردریک ئەنجلس و فلیپ جیگۆت، Philippe Gigot، (کە ھەردوکیان لە برۆکسلن)، کۆمیتەیەکم لە بەردەوامبوونی نامەگۆڕینەوەدا لەتەک کۆمۆنیستە ئەڵمانییەکان و سۆشیالیستەکانا ڕێکخستوە نەک ھەر تەنھا بۆ مەبەستی لێدوان لە پرسە زانستییەکان، ھەر ئاواش بۆ پێداچوونەوەی نووسینە فرە خوێنەرەکان و پڕوپاگەندەی سۆشیالیستیی، وەکو ئامرازێێک بۆ کەڵکوەرگرتنی لە ئاڵمانیا. ئامانجی سەرەکی نامە گۆڕینەوەکانمان ھەرچۆن بێت بۆ پەیوەستبوونەوەی سۆشیالیستە ئاڵمانەکانە لەگەڵ سۆشیالیستە فەرەنسی و ئینگلیزەکانا بۆ ئاگەدارکردنەوەی بێیانەکان لە بزوتنەوەکانی سۆشیالیستیی لە ئەڵمانیا و ھەروەھا بەئاگاھێنانەوەی ئەڵمانەکانیش لە ئەڵمانیا سەبارەت بە گەشەکردنی سۆشیالیزم لە فەرەنسا و ئینگلتەرەدا. ئا لەم ڕێگایەوە جیاوازییەکان دەتوانرێت ڕۆشناییان بخرێتە سەر، لەم بارەشدا کەسەکان دەتوانن ئاڵوگۆر لەبارەی ئایدیاکان و ڕەخنەی بێ لایەنانەیان دەستگیربێت. ئەمە ھەنگاوێکە کە بزوتنەوەی سۆشیالیستیی دەبێت لە دەربڕینە ئەدەبییەکانیا بینێت تاکو لە سنوردارێتی نەتەوەیی ڕزگاری ببێت. ھەروەھا لە چالاکی و کاری ئێستادا بە دڵنیاییەوە زۆر بە سوودە بۆ ھەموو کەسێک کە بە ئاگابێت لەم پرسانە کە لە دەرەوەن ئەوەندەی کە بە ئاگان لە پرسەکانی نێو وڵاتانی خۆیان.
نامەکانمان ھەر بە تەنھا بۆ کۆمۆنیستەکان لە ئەڵمانیا، نییە، بەڵکو بۆ سۆشیالیستە ئاڵمانەکانیشە لە پاریس و لەندەنیش. لە ئێستاشدا پەیوەندیمان لەتەک ئینگلیزەکانا دروستبووە. سەبارەت بە فەرەنساش ئێمە ھەموومان باوەڕمان وایە لە خۆت باشتر کەسێکی دیکە نادۆزینەوە. خۆتیش ئەوە دەزانیت ئینگلیز و ئەڵمانەکان ڕێز و تەقدیری تۆ زیاتر لە پیاوانی وڵاتەکەی خۆت دەگرن.
ئا لێرەدا تۆ مەبەستەکە دەبینیت، کە ئافراندنی گۆڕینەوەی نامەکانە بەڕێکوپێکی و زامنکردنی ڕێگاکانی دووکەوتنی بزوتنەوەی سۆشیالیستییە لە وڵاتانی جیا جیادا تاکو بەرەنجامێکی دەوڵەمەند و ھەمە چەشنەی ئاوای ھەبێت کە ھیچ تاکێک ناتوانێت بە تەنھا بەخۆی، بەدەستیبھێنێت.
گەر تۆ پێشنیارەکانمان پەسەندبکەیت، پارەی پوولی نامەکانی کە پێت دەگات و ھەروەھا ئەوانەشی کە دەینێریت، لای ئێمەوە دەدرێت، چونکە ئەو پارەیەی کە کۆکراوەتەوە لە ئەڵمانیا حسابی دانی پارەی ئاڵوگۆڕکردنی نامەکانیشن لە ھەردوو لاوە.
لە ناردنی نامەکانتا تۆ ئەم ئەدرێسە لۆکاڵییە بەکاردەھێنیت: M. Philippe Gigot, 8 rue Bodenbrock، ھەر ھەمان ئەدرێسیشە بۆ ناردنی ئەو نامانەی کە لە برۆکسل-وە دەنێررێت.
پێویستم بەوە نییە ئاماژە بەوە بکەم کە ھەموو نامە ئاڵوگۆڕکراوەکان لە لایەنی تۆوە، دەبێت تەواو زۆر نھێنیانە بن، چونکە پێویستە زۆر بە ئاگا بین لە کەشفنەکردنی برادەرکانمان لە ئەڵمانیا.
تکایە بە زویی وەڵامبدەرەوە، ھەروەھا متمانەی دڵسۆزی برادەرایەتیمان قەبوڵ بکە.
دڵسۆزی خۆت
کارڵ مارکس
_______________________________________________
* بەداخەوە ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی مارکسیی و ئەنارکییستیدا دەردەکەوێت تەنھا ئەم نامەیە و وەڵامەکەی پرۆدۆنە بۆ مارکس،نەک ھەر لە زمانی ئینگلیزیی بەڵکو لە زمانی ئیتالیی و فەرەنسیشدا. کاتێکی زۆرم بۆ دۆزینەوەی نامەکانی دیکەی نێوانیان، تەرخان کرد بەڵام لەم دوانەی کە لەبەردەستدایە چ نامەیەکی دیکەیانم بەرچاو نەکەوت. تەنانەت دوو ھاوڕێم ئەرشێف و ئەدەبیاتی ئەم دوو ئاراستە سیاسییەی لە ئەدەبیانی ئیتالی و فەرەنسی-دا پشکنی، ئەوانیش ھیچی دیکەیان لەم دوو نامەیە زیاتر نەبینی.
جێگای سەرسوڕمانە، چونکە نامەکانی ھەردوکیان ئاماژە بەوە دەکەن کە نامەی دیکە لە نێوانی ھەردوکیاندا ئاڵوگۆڕ کراون. دوای ئەوەش ناکرێت لە ماوەی ١٩ ساڵدا (١٨٤٦ تاکو ١٨٦٥) کە پرۆدۆن مردووە نامەی دیکە لە نێوانیانا نەبووبێت.
ھۆکاری دەرنەکەوتنی نامەکانی دواتریان زۆر ناڕوونە. رەنگە بگەڕێتەوە بۆ چەند ھۆکارێک کە لەوانە ڕەنگە بە ھۆکارێک ئەو نامانە لە ئەرشێف دەرھێنرابێتن و لەناوبرابن ، یاخود ڕەنگە ھەر لە سەرەتادا ئەرشێف نەکرابن ، ڕەنگیشە ھۆکاری دیکە ھەبێت کە بۆ من لە ئێستادا، ئاشکرا نییە.
دیارنەمانی نامەکانی دیکەی نێوانی مارکس و پرۆدۆن ھەرچی ھۆکارێکی ھەبێت جێگای داخە و شاردنەوەی شاکارێکی ھزریی گرنگی ئەم دوو مەزنە پیاوەن کە ھەر یەکەیان سەبارەت بە ھزر و ڕێڕەوی خۆیان، ڕۆڵی گەورە و شوێنی دیاریکراوی خۆیان ھەبووە و ھەیە. وەرگێڕ.
———————————————————————————————————
وەڵامی پرۆدۆن بۆ مارکس.
خۆشەویستم مۆنسیۆرا مارکس
Lyon, 17 May 1846
بە خۆشحاڵییەوە قەبوڵمە کە یەکێک بم لە پێگەیشتوانی نامەکانت، کە ئامانجەکانی و ڕێکخستنی لای من زۆر بە کەڵکن. لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم بەڵێن بدەم کە زوو زوو یاخود بە درێژی بنوسم : جۆرەکانی سەرقاڵیم لەتەک سروشتی تەمەڵیانەمدا لە خزمەتی ئەم ھەوڵانەدا، نیین. ھەروەھا دەبێت ئازادیش بم لە ھەبوونی بەھرە [ توانا] دیاریکراوەکاناکە لە بڕگە جیاوازەکانی ناو نامەکەتا پێشنیارکراون.
پێش ھەموو شتێک، گەرچی ئایدیاکانی من سەبارەت بە ڕێکخستن و دەرکپێکردن ئا لەم کاتەدا کەم تا زۆر بە جۆرێک لە جۆرەکان لابەلابونەتەوە، لانی کەم ئەوەی پەیوەندی بە پرنسپڵەکانەوە ھەیە، من باوەڕم وایە ھەر وەکو چۆن ئەرکی ھەموو سۆشیالیستەکانە ئەرکی منیشە کە بۆ ماوەیەک پارێزگاری لە فۆرمێکی ڕەخنەیی بکەم یا بەگومان بم لێی. بەکورتی بە ئاشکرا و بێ شاردنەوە دەیکەمە پیشەیەک، تا ڕادەیەک بە ڕەھایی دژی دۆگاماتیزمی ئابورییم.
ئەگەر ئارەزوومەندی وەرە با بەیەکەوە یاسا کۆمەڵایەتییەکان بپشکنین، ھەروەھا چونێتی کارکردنی ئەم یاسایانە کە چۆن ناسراون و پرۆسەی یاساکانیان کە چۆن لە کەشفکردنیا سەرکەوتوو دەبین، بەڵام بۆ خاتری خوا دوای لە بەینبردنی ھەموو دۆگماپێشینەکان، کارێ ئاوا مەکە کە خەون بە مەزھەبیکردنی یا تەلقینکردنی خەڵکەوە ببینین، ڕێگە مەدە کە بکەوینە ناکۆکییەوە وەکو ھاووڵاتیەکەت، مارتن لۆسەر، کە لاھوتی [ تیوێلۆجی] کاسۆلۆکی ڕووخان ھاوکاتیش لەتەک حەرامکردن و بە نەعلەتبونا، بینای بناخەی لاھوتی پرۆتستانی دانا. لە سێ چەرخی رابوردوودا کاری سەرەکی ئەڵمانیا سەرقاڵی ھەڵوەشاندنەوەی کارە خراپەکەی مارتن لۆسەرە، با لەوە نەگەڕێین مرۆڤایەتی سەرقاڵی پاککردنەوەی ھاوشێوەی ئەو بێ سەروبەرەییە [فەوزایە] بن کە ئەنجامگیریی ھەوڵەکانی ئێمەن.
لە قوڵایی دڵمەوە دەستخۆشی ھزرت دەکەم لە پێناوی ڕۆشنایی خستنەسەر ھەموو ڕا و بۆچوونەکانتا، بەڵام لێگەڕێ با بەردەوامبین لەسەر کاری باش و گفتوگۆیەکی دڵسۆزانە، با نموونەیەک لە فێربوون و دووربینیی و لێبوردن و ھەڵکردن بدەینە جیھان، بەڵام با ئاوا نەکەین کە ئەوە بگەیەنێت کە ئیمە لە پێشەوەی بزوتنەوەکەین خۆمان بکەینە سەرکردەکانی کە پێداگریی لەسەر بۆچونی نوێی خۆمان بکەین. با بانگەواز نەکەین و نەبینە پەیامبەری ئاینێکی نوێ، ھەتا ئەگەر ئەوە بیشبێتە دینێکی لۆژکانە، ئاینێکی ئاوەزدار. وەرە با بەیەکەوە کۆبینەوە و ھانی ھەموو ناڕەزاییەکان بدەین، با ھەموو جۆری تایبەتمەندییەکان، ھەموو بیرۆکە تەێەوفییەکان، با ھەرگیز پرسیار بە گرفت و ھیلاکەتی نەزانین و وەرنەگرین ، ھەر کاتێکیش کۆتاییمان بە ھەموو ئەرگویمێنتەکانمان ھێنا، ئەگەر پێویستی کرد وەرە با لە سەرەوە دووبارە بە پاراویی و ڕەوانیی و ھەروەھا بەدەم گاڵتەکردنەوە، دەستپێبکەینەوە. بەو ھەلو مەرجە بە خۆشییەوە لە کۆمەڵەکەتانا [جەمعییەکەتانا] دەبم ، دەنا نا.
ھەروەھا من ھەندێک تێبینم لەسەر بڕگەیەکی نامەکەت ھەیە : لە سەر و بەری چرکەی چالاکییدا/کارکردندا. پێدەچێت تۆ ھێشتا ھەر ئەو بۆچوونەت ھەبێت کە ھێچ ڕیفۆرمێک لە ئیستادا بە بێ ئەگەری کردنی کودەتایەیەکی سەرەکی، بە بێ ئەوەی کە پێشتر پێی دەوترا شۆڕش، نییە، بە ڕاستیش ئەمە ھیچ نییە جگە لە زەبرێک [ شۆک] نەبێت. ئەو بۆچوونە بە گوێرەی تێگەیشتنی من، کە بە لێبوردنەوە دەڵێم، کە ھاوکاتیش ئامادە و ئارەزوومەندیی وتووێژکردنیشیم، کە خۆم بۆ ماوەیەکی زۆر شەیرم کردووە، بەڵام خوێندنەوەکانی ئەم نزیکانەم ئاوای لێکردم کە بە تەواوی دەستبەرداری ببم. باوەڕم وایە بۆ سەرکەوتنمان پێویستمان بەوە نییە، ھەرلە بەر ئەمەش سەرەنجام پیێویست ناکات چالاکی شۆڕشگێڕانە وەکو ئامرازەکانی ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی، تەرحبکەین، چونکە ئەوە وادەردەکەوێت کە ھەر بە ئاسایی بانگەشەیەکە بۆ بەکارھێنانی ھێز، بۆ کارێکی ھەڕەمەکی و خراپکاریی، بە کورتی ئەوە ناکۆکییە. من خۆم گرفتەکە ئاوادەبینم : بەھێنانەوەی بۆ خودی کۆمەڵ لە ڕێگای ئاوێتەبوونی ئابورییەوە سەبارەت بەو سامانەی کە لە ڕێگای ئاوێتەبوونێکی دیکەی ئابوورییەوە لە کۆمەڵ سەندراوەتەوە. بە مانایەکی دیکە ، لە ڕێگای ئابووری سیاسییەوە بۆ گۆڕین و پێچەوانکردنەوەی تیئوری موڵکایەتی دژ بە خودی موڵکایەتیی، لەو ڕێگایەی کە ئێوە، سۆشیالیستە ئەڵمانەکان، ناوی دەنێن کۆمۆنێتی ، کە منیش لە ئێستادا بەخۆم ڕادەبینم کە ناوی ئازادیی یاخود یەکسانیی لێبنێم .. ھەروەھا باوەڕم وایە لە ماوەیەکی کورتدا ڕێگاکانی لابەلاکردنەوەی ئەم کێشەیە دەزانم، لەبەر ئەوەش سوتاندنی موڵکیەت بە ئاگرێکی ھێواش پەسەند دەکەم لەبری ئەوەی کە ھێزی نوێی پێببەخشم لە ڕێگای دروستکردنی شەوی St Bartholomews* بۆ خاوەنموڵکەکان.
ئەو پەڕی دڵسۆزت
پییەر جۆزیف پرۆدۆن
_______________________________________________
* شەوی St Bartholomew: قەڵاچۆکردنی پرۆتستاتەکانی پاریس بوو لە فەرەنسا، کە لە شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ ی مانگی ئابی ١٥٧٢ دا ڕوویداوە. پیلانەکە لە لایەن Catherine de Médicis داڕێژرا و لە لایەن نۆبڵە کاسۆلیکە ڕۆمانەکان و ھاووڵاتیانی دیکەوە جێ بەجێکرا. ئەوە خولی ڕووداوێک بوو لە زنجیرەیەک لە بەیەکادانی جەنگی ئەھلی نێوانی کاسۆلیکە ڕۆمانەکان و پرۆتستانتەکانا، ھەتا کۆتایی چەرخی شانزدەی خایاند، ئەو کاتە لابەلا بووەوە.