کەمپەینی ئازادیی بۆ زەینەب جەلالیان، لە ١٤مین ساڵیادی دەستگیرکردنی زەینەب جەلالیاندا، تیشک دەخاتە سەر بەرخۆدانی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە و دەڵێت”بەرخۆدانێکی بێ وێنەی لەلایەن زەینەب جەلالیان لەبەرامبەر ئەو گوشار و ئەشکەنجەی لەسەری بەڕێوە دەچێت، هێز و متمانە دەداتە ژنان و کۆمەڵگا بۆ بەردەوام بوونیان لەسەر مافە ڕەواکانیان”.
کەمپەینی ئازادیی بۆ زەینەب جەلالیان لە چواردەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی زەینەب جەلالیاندا، ڕاگەیەندراویکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتوە”وا ١٤ ساڵە ژنە سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە. ماوەی چواردە ساڵە کە زیندان بە زیندان ڕایدەگوازن، ئەشکەنجەی ڕوحیی و جەستەیی جۆراوجۆری لەسەر تاقیدەکەنەوە، بۆئەوەی لە خواست و داخوازییەکانی پاشگەز بکەنەوە. ئەو داخوازییانەی کە لە چوارچێوەی مافی رەوای گەل و کۆمەڵگایەتی. خوازیاری بە ئازادیی ژیان کردن لەسەر بنەما مرۆڤییەکان و ڕێزگرتن لە مرۆڤ بوونیانە”.
ئەوەش هاتوە”ئەو ئەشکەنجەی لە سەر ژنە زیندانی سیاسی کورد بەڕێوە دەچێت گوزارشت لە ئەشکەنجەی توێژەکانی ناو کۆمەڵگا دەکات بە تایبەت چینی چەوساوەی ژنان، کە لە بنەماییترین مافەکانیان وەک ژن لەلایەن سیستمی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوازی جیاواز و بە توندترین شێوە زەوت دەکرێن”.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە”لە کەسایەتیی زەینەب جەلالیان، ژنان و هەموو ئەو مرۆڤە ئازادیخوانەی بۆ مافەکانی خۆیان و بۆ ژیانێک تێدەکۆشن، کە شایانی مرۆڤ بێت، دەچەوسێندرێنەوە، نموونەی هەری دوایی رەشبگیری زیاتر لە ١٠٠ چالاکوانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسێدارەدانی رێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانە لە بەلوچستان بوو. چالاکانی ژینگە پارێز، شاعیر و هونەرمەند، خوێندکاری زانکۆ و مامۆستای زمانی کوردی و لە ناویان دا زارا محەمەدی کە لەلایەن دادگای ئینقالبەوە بە پێنج ساڵ زیندان سزا درا تەنیا بەهۆی وتنەوەی وانەی کوردیی و فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان”.
کەمپەینی ئازادیی بۆ زەینەب جەلالیان، تیشکی خستوەتە سەر ئەو ئەشکەنجەیەی کە لانو زینداندا لەسەر زەینەب جەلالیان و دەستگیرکراوانی دیکە تاقیدەکرێتەوە، بە ئامانجی بەچۆکداهێنان یاخود لەناوبردنیان، چ ئەشکەنجەی جەستەیی، چ ئەشکەنجەی دەروونیی، هەروەها بێبەشکردنیان لە دەرمانی پزیشکی و ڕاگوستن لەم زیندان بۆ ئەو زیندان.
ئەوەش هاتوە”بەرخۆدانێکی بێ وێنەی لەلایەن زەینەب جەلالیان لەبەرامبەر ئەو گوشار و ئەشکەنجەی لەسەری بەڕێوە دەچێت و سووربوونی لە سەر خواستەکانی هێز و متمانەیەک دەداتە ژنان و کۆمەڵگا بۆ بەردەوام بوونیان لەسەر مافە رەواکانیان و هێز بۆ تێکۆشانی زیاتر بەرامبەر دیکتاتۆر و سیستمی دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر بۆیەش لەسەر هەر تاکێکی مرۆڤ دۆستە، کە خاوەن لە ژنە زیندانی سیاسی کورد دەربکەوێت و ئیمەش وەک کەمپینی ئازادیی بۆ زەینەب جەلالیان خوازیاری ئازادیی زەینەب جەلالیان و هەموو، زیندانیانی سیاسیین، کە ئێستا لە گرتووخانەکانی ئەو ڕژێمەدان “.
سەرچاوە:رۆژنیوز